دیدار لە سەروبەندی یادە مەزنەکەدا

09:00 - 2022-05-28
کوردستان
736 جار خوێندراوەتەوە

پاش چەندین کۆنفرانسی ئامادەکاری لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی باشووری کوردستان و بەغدا و کۆکردنەوەی سەدان لاپەڕە لە سەرنج و تێبینی و رەخنە و پێشنیازی هەڤاڵانی مەڵبەند و مەکتەب و ئۆرگانە جیاجیاکان و دۆستانی ی.ن.ک، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە دیداری گشتیی یەکێتی لە سلێمانی بەڕێوەبچێت.
ئەگەرچی شێوازی پرەنسیپی حزبی لە رابردوودا بەو جۆرە بووە کە بۆ بەخۆداچوونەوە و نوێگەریی و گۆڕانکاری لە ئەداو کاری حزبیدا زیاتر پەنا ببرێتە بەر کۆنگرە، ئەگەر زۆریش پێویست بوو کۆنگرەی نائاسایی یاخود پلینۆم، بەڵام لە داهێنانێکی دیکەی ژیانی حزبایەتیدا و بۆ یەکەمجار ی.ن.ک شێوازێکی نوێ پەیڕەو دەکات کە نە کۆنگرەیە و نە پلینۆمە، بەڵکو دیدارێکە بۆ پێداچوونەوەی گەلێ بوار لەناو یەکێتیدا.
ئەو تێڕوانینەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە:
*زۆربەی دیدارەکانی پێشتر، دیداربووە لەنێوان دەستەبژێرێک لە کادرانی پێشکەوتوو لەگەڵ سەرکردایەتی و بەشی زۆریشیان هێندەی قسە و پێشنیازی زارەکی بوون، هێندە نەچوونەتە قاڵبی نووسینەوە کە هەموو هەڤاڵان لە ئۆرگانەکانی خوارەوەی حزبەوە تا سەرەوە لەسەری رێکەوتبن، وەک ئەوەی بۆ ئەم دیدارە ئامادەکراوە.
*لە ئامادەکاریی بۆ سێیەمین و چوارەمین کۆنگرە و هەردوو پلینۆمی سێیەم و چوارەمیش کۆنفرانسی محەلی نەبەسترا تا لەوێوە یاداشت و پیشنیازەکانی کادرانی خوارەوە گەڵاڵە بکرێن و لە رێگەی ئەو نوێنەرانەوە بەرزبکرێنەوە بۆ کۆنگرە کە لە کۆنفرانسە محەلییەکاندا بۆ ئەندامێتی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن.
*دۆخی نوێی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و جیهانیش کە هەریەکەیان بە ئاستی جیاجیا کاریگەرییان لەسەر ئەداو بڕیاری یەکێتی و ئامادەکارییەکانی هەیە بۆ رووداو و پێشهاتەکان، پێویست بەوەبوو کە یەکێتی بە بەرنامە و شێوازێکی نوێوە مامەڵەی دروستیان لەگەڵدا بکات و بڕیاری دروست و ژیرانە بدات، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە رۆژانی کۆتایی دیدارەکە ئاوێتە دەبێت بە 47 ـەمین ساڵەی دامەزراندنی ی.ن.ک و 46ــەمین ساڵیادی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ، کە ئومێد وایە یەکێتیی دوای دیدارەکە، وەڵامێکی پرسیارە سەرەتاییەکەی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچی؟) بداتەوە و بە پەسەندکردنی کۆمەڵێک راسپاردەوە بێتە دەرەوە کە بە فیعلی وەڵام و نەخشە و پلانی بۆ دۆخی هەنووکەیی و ئایندەی یەکێتی لە هاوکێشەی کوردستان و عیراقدا پێبێت لە هەموو رووەکانی سیاسی و ئیداریی و ئابووریی و حزبیشەوە.  

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان