ئایا ژیریی دەستکرد بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەبێت؟

10:18 - 2023-12-24
ئابووری
170 جار خوێندراوەتەوە
گاری کاسپارۆڤ لە کاتی یاریکردنی لەگەڵ دیپ بلو-دا

فەیسەڵ عەلی


ساڵی 1996، دیارترین روبەڕوبوونەوەی سەرنجڕاکێشی نێوان قارەمانێکی مرۆیی و ژیریی دەستکرد روویدا، دیپ بلو 
(Deep Blue) ئامێرێک بوو کە کۆمپانیای (IBM) دروستیکرد و بەرنامەڕێژی کرد، بەرامبەر بە قارەمانی جیهانی ئەوکاتی شەترەنج (گاری کاسپارۆڤ)ی روسی کە ژیرییەکی بێهاوتای هەبوو لە یاری شەترەنجدا، یاری کرد، کاسپارۆڤ یاری یەکەمی دۆڕاند، بەڵام کاسپارۆڤ بە خێرایی خۆی لەگەڵ شێوازی یاریکردنی دیپ بلو گونجاند و توانی لە کۆی شەش یاری سیانیان بباتەوە و قارەمانێتییەکە بباتەوە. ساڵی 1997، کاسپارۆڤ رازی بوو بەوەی جارێکیتر بەرامبەر بە دیپ بلو یاری بکات، بەڵام ئەمجارەیان دیپ بلو هەندێک جووڵەی پێشبینی نەکراوی کرد و وایکرد یارییەکە لە کاسپارۆڤ بباتەوە. چۆن ئەو ئامێرە لە مرۆڤێکی بردەوە؟ چۆن تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا فێر بوو؟ کاسپارۆڤ کۆمپانیای (IBM)ی بە گزی کردن تۆمەتبار کرد و ئەوەی بە پیلانگێڕیی لە قەڵەم دا، هەرچەند ئەوکات هێشتا وەک پێویست پەرە بە ژیریی دەستکرد نەدرابوو تا ئەو جووڵانە بکات، تاکە شیکاری ئەوکات دەستوەردانی مرۆیی بوو لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بەڵام ئەوکات قارەمانی جیهان بەرامبەر بە کەسێک نەک ئامێرێک بدۆڕێت.

جەنگێکی چارەنووسساز
پێشتر لە نوسینەکاندا ئاماژەمان بەوە کرد کە ژیریی دەستکرد بۆ سێ جۆر بەش دەبێت، ژیریی دەستکردی بێهاوتا، بەوەی توانای ژیرییەکەی زۆر لە ئاستی مرۆیی بەرزترە، ماوە ماوە دەبیستین کە لە رەوشێکداین ئامێر جێگەی مرۆڤ دەگرێتەوە، شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی، سەردەمی ئامێرەکانە و ئێمەی مرۆڤ لەگەڵ ئامێرەکاندا بەرەو جەنگێکی چارەنووسساز دەڕۆین، ئایا ئامێرەکان لە رێی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردەوە دەتوانن بەسەرماندا زاڵ بن؟ ئایا ئەلگۆریتمەکان دەتوانن لە ژیریی مرۆڤ ببەنەوە؟ لە راستییدا، هەندێک کەوتنە ژێر کاریگەریی فیلمەکانی هۆلیود، کە خاوەن ئەندێشەیەکی فراوانی زانستین، وەک ماترێکس و ستار تریک و تێرمنەیتەر و فری جای و هیتر.

 هەستی تایبەتی نابێت
توێژەرانی ژیریی دەستکرد و زانایانی زانستی دەمار کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم شێوەیەی ئێستای ژیریی دەستکرد بە هیچ جۆرێک هەستی تایبەتی نابێت. چونکە تەنها ئاستێکی بەرزی بەرنامەڕێژیی کۆمپیوتەرییان هەیە، لە کاتێکدا ژیریی مرۆڤ لە ئاستێکی ئێجگار بەرزتردایە، دەبینین ژیریی دەستکرد چۆتە نێو جیهانی یارییەوە، بەجۆرێک لە هەندێک وەزیفەی دیاریکراو یان نزیک لە عەقڵی مرۆیی پراکتیزە دەکرێت، وەک ئامێری بەرنامەڕێژکراوی نموونەی دیپ بلو، هەروەها ئەلفاگۆ (AlphaGo)، کە ئەلگۆریتمی بەرنامەڕێژکراوە و لە ساڵی 2015دا لە لایەن کۆمپانیای گوگڵ دیپ مایندەوە پەرەی پێدراوە و کار بە ژیریی دەستکرد دەکات، ئەمەش بووە یەکەمین بەرنامە کە لە یاریزانێکی مرۆیی پیشەگەر بباتەوە. ئامێر توانی لە یارییدا لە مرۆڤ بباتەوە، ژیریی دەستکرد رۆڵێکی گەورەی لە بەهێزکردنی توانای ئامێردا گێڕاوە، بەڵام نەیتوانیوە بچێتە نێو پیشەسازییەکانی ترەوە.

 لانیکەم ئێستا سنووردارە
ئەو دەستکەوت و پەرەسەندنانەی بوارەکانی ژیریی دەستکرد پەیوەندییەکی پتەوەی بە ژیریی مرۆییەوە هەیە، هێشتا ئامێرەکان زۆریان ماوە بە تواناکانی عەقڵی مرۆیی بگەن و ئەو کارانە بکەن کە مرۆڤ دەیانکات، چونکە ژیریی مرۆڤ عەقڵییەتێکی بێکۆتایی هەیە و دەتوانێ بە ئاسانی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا خۆی بگونجێنێت، لە کاتێکدا ژیریی دەستکرد لانیکەم ئێستا سنووردارە و ناتوانێ بە باشی خۆی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا بگونجێنێت. لێرەدا مەبەست لە گۆڕانکارییەکان لیستێکی دوور و درێژی بڕیارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتورییەکانە، کە زۆر ئەستەمە ژیریی دەستکرد بتوانێ بە شێوەیەکی سروشتی لێیان تێبگات. 

داتاکان دەستەمۆ بوون
ئەگەر بمانەوێ بە شەفافی و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە حوکم لە نێوان مرۆڤ و ئامێردا بدەین، ژیریی دەستکرد دەتوانێ باشتر لە مرۆڤ بڕیارەکان هەڵبهێنجێت، بەڵام ئەمەش بەندە بە دیاریکردنی شێوازی زۆر ئاڵۆزی داتا گەورەکانەوە. رەنگە لێرەدا هەندێک جەخت لەسەر چییەتی داتاکان و توانای گەیشتن بە دەرئەنجامی نوێ بکەنەوە، ئەگەر هاتوو گۆڕانکارییەکی گەورە رووبدات، وەک ئەوەی لە کاتی پەتای کۆرۆنا روویدا، کاتێک هەموو داتاکان دەستەمۆ بوون و سەکۆ دیجیتاڵییەکانی وەک ئەمازۆن و نێتفلێکس، لەگەڵ بوونی ئەو هەموو داتا زۆر و زەبەندەدا، نەیانتوانی لە کاتی مانەوە لە ماڵ و رێگیری لە چوونەوە دەرەوەیان رەفتارەکانی خەڵکی شرۆڤە بکەن.
خەیاڵی زانستی
لە ساڵی 2017دا ئیلۆن ماسک لە یەکێک لە بۆنە نیشتمانییەکانی ئەمریکادا دەڵێ: «کێشە هەرە مەترسیدارەکەی ژیریی دەستکرد، ئەوەیە کە داهێنانێکی مەزندە نەکراوە و دەشێ مەترسییەکی یەکجار گەورە لەسەر بوونی شارستانیی مرۆیی دروست بکات». لەوێ ئاماژەی بۆ یەکێک لە توێژینەوە بڵاوکراوان دا، بە ناونیشانی (کەی ژیریی دەستکرد ئەدائی مرۆیی تێدەپەڕێنێت؟) دەستەیەک لە توێژەرانی بواری ژیریی دەستکرد پێشبینییان کردووە، کە ژیریی دەستکرد لە ماوەی پەنجا ساڵی داهاتوودا، %50 دەرفەتی سەرکەوتنی بەسەر مرۆڤدا دەبێت، لە کاتێکدا دەرفەتی روودانی ئەوە لە ماوەی نۆ ساڵی داهاتوودا بە رێژەی %10یە، ئەمەش بەهۆی ئەو پێشکەوتنە خێرایەی ئێستای تەکنۆلۆجیاوەیە، لەبەرئەوە هەندێک پرسیاری ئەوەیان کرد، چی روودەدات ئەگەر ژیریی دەستکرد بەسەر مرۆڤدا زاڵ بوو؟ لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا بە بەرهەمهێنانی ئامێری یەکجار ژیر نەگەیشتووین، بەڵام با وەک هەندێک لە فیلمەکانی خەیاڵی زانستی بیر بکەینەوە و لە چەند دەرئەنجامێکدا وێنای مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد بکەین، بۆ نموونە، ململانێی کۆمەڵایەتی و رەگەزپەرستی و دەستوەردان و چوونە نێو ژیانی تایبەتی ئەوانیترەوە، لەبەر ئەو هۆکارانە هەندێک کەس ئەمەی بە ژیریی دەستکردی تاریک ناوناوە.

تا ئێستا سەرکەوتووین
شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەی لەم رەوشەی ئێستادا، هێشتا مرۆڤ لە رووی ژیری و مەعریفە و داهێنان لە ئامێر و ئامرازەکانی ژیریی دەستکرددا زاڵ و سەرکەوتووە، چونکە مرۆڤ توانای فێربوون و تێگەیشتن و پاشان پراکتیزەکردنی ئەوەی فێری دەبێت هەیە، هەرچەند پێشبینی ئەوەش دەکرێت، کە لە ئایندەدا ئامێر بەسەر تواناکانی مرۆڤدا زاڵ بێت. کاریگەریی دیار و بەرچاو ئەوەیە، ژیریی دەستکرد هەندێک لە وەزیفەکانی مرۆڤ نەهێڵێت، بەڵام هاوکاتیش ژیریی دەستکرد وەزیفەی نوێ دەڕەخسێنێ کە پێویستیی بە کارامەیی جۆریی هەیە، هەروەها پێویستمان بە گێڕانی رۆڵێکی چالاکانە دەبێت تا ئەوەی لە ژیریی دەستکرد پەرەی پێدەدرێت دیاری بکەین و دڵنیا بین لەو وەزیفە و ئەرکانەی ژیریی دەستکرد دەیڕەخسێنێت تا چەند لەگەڵ پێوەرە ئەخلاقییەکاندا دێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان