دژەتیرۆر دوو تیرۆرست لە کەرکوک دەستگیر دەکات

09:49 - 2023-12-25
کوردستان
298 جار خوێندراوەتەوە

پاش بەدواداچوون پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگریی ورد، هێزەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر، بە هاوبەشیی لەگەڵ هێزی هێرشبەری سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک و هێزی مغاویری سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک، ئۆپەراسیۆنێکیان کرد.
لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەدا توانرا دوو تیرۆرست دەستگیر بکرێن کە پێشینەی کاری تیرۆرستیان هەبووە لەناو ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعشدا.
تیرۆرستی یەکەم بە ناوی (ج، س، ض)، لەدایکبووی ساڵی 1993ــی ناحیەی رەشاد،  لەناو رێکخراوی تیرۆستیی داعش، بەشداری خولی سەربازی و شەرعی بووە، هەروەها لە دیوانی جوندی رێکخراوەکە کاریکردووە و بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆرستیی کردووە دژی هێزە سەربازییەکان.
تیرۆرستی دووەم بەناوی (ع،ک، ض) لەدایکبووی ساڵی 2003ــی ناحیەی رەشاد، لە ساڵی 2014 و لە تەمەنێکی کەمەوە، خراوەتە کەتیبەی ئەشبالی رێکخراوی تیرۆرستیی داعشەوە، پاشان بە هەمانشێوەی  باوک و مامەکانی بووەتە بەشێک لە رێکخراوی تیرۆرستی داعش و بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆرستیی کردووە.

#بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر

بابەتە پەیوەندیدارەکان