دانا ره‌ئووف
له زۆربه‌ی رۆمان و چیرۆكه‌كانی كافكادا، هه‌ستێكی به‌هێزی بێده‌سه‌ڵاتی و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌های نادیار هه‌یه و خوێنه‌ر زوو تووشی دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ندێك جار ترسیش ده‌كات، كه به ئاسانی خۆی ده‌خزێنێته نێو جه‌سته‌وه. ژیانی رۆژانه له‌نێو هه‌ستێكی پڕ له ترس و هه‌روه‌ها ترسێكی گه‌وره‌دا وێنا ده‌كات. پاڵه‌وانه‌كانی كافكا، هه‌میشه تاك و ته‌نیا له‌نێو گێژاوی خودگه‌رایی و بێده‌سه‌ڵاتیدا، رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێزی نادیار ده‌بنه‌وه و تێكیان ده‌شكێنێت، یاوه‌خود ده‌یانخاته نێو گێژاوێكی ده‌روونی سه‌خته‌وه. لای كافكا، "ئیندیڤید" هه‌میشه له به‌رپرسیارێتی خۆی و له ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتیدا ته‌نیایه، یاوه‌خود له "بێده‌سه‌ڵاتیدا" به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته دیار و نادیاره‌كان. زمانی رۆمانه‌كانی كافكا، له‌م رووه‌وه رۆڵێكی گرنگی هه‌یه و فۆرمێكی فیزیكی و بزۆز، له‌نێو شیعرییه‌تی ده‌قه‌كانیدا له‌خۆده‌گرێت. ئه‌م زمانه بزۆزه فیزیكییه‌ش، كه‌ره‌سه و ئامڕازێكی گرنگی ئه‌م نمایشه سه‌مائامێزه‌یه.
جۆزێف ك، كه فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی بانكه له یادی سی ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا ده‌گیرێت، به‌ڵام نازانێت له‌سه‌رچی و به چ تاوانێك گیراوه، هه‌رگیز رووبه‌ڕووی یاسا و دادوه‌ر ناكرێته‌وه، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیشی بۆ ئه‌وه‌ی بێتاوانی خۆی بسه‌لمێنێت، ده‌بێته جێگای گاڵته پێكردن. جۆزێف ك له‌م گێژاوه‌دا خۆی له‌نێو دێوزمه‌یه‌كی ترسناكدا ده‌بینێته‌وه. یه‌كه‌م دێڕی رۆمانه‌كه‌یش به‌م شێوه‌یه ده‌ستپێده‌كات: "ده‌بێ كه‌سێك، له پشته‌وه زمانی له جۆزێف ك دابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌یانییه‌ك، بێ ئه‌وه‌ی هیچی كردبێت، ده‌ستگیر كراوه." ئه‌و تاوانه‌ی به درێژایی پڕۆسێسه‌كه راوی جۆزێف ك ده‌نێت، هه‌رگیز هۆكارێكی كۆنكرێتی نییه، به‌ڵكو جۆرێكی نادیاره له گوناهێك جۆزێف ك-ی پێ تاوانبار كراوه، كه له‌سه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤه‌وه‌یه؛ شتێكه زیاتر له مێتا-فیزیكییه‌وه نزیكه. به كورتی رۆمانی "دادگاییكردن" یا‌خود "پڕۆسێس" باسی ئه‌م كێشه گه‌وره‌یه ده‌كات.
چیرۆكێك تا ئه‌مڕۆیش جێگای سه‌رنجه
فرانس كافكا 1883-1924 ئه‌م رۆمانه‌ی له ساڵی 1914دا نووسیوه، به‌ڵام دوای مردنه‌كه‌ی له ساڵی 1925دا له لایه‌ن "ماكس برود"ی هاوڕێیه‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه. رۆمانه‌كه له شێوازێكی سوریالیدا، چیرۆكی شه‌ڕی مرۆڤمان، دژی بیرۆكراتی و ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌گێڕێته‌وه؛ چیرۆكێك تا ئه‌مڕۆیش جێگای سه‌رنجه و هیچ له هێزی رۆمانه‌كه‌ی كه‌م نه‌كردۆته‌وه، به شێوه‌یه‌ك، وه‌ك زه‌مه‌ن له به‌شێكی گه‌وره‌ی دنیا وه‌ستا بێت. رۆمانه‌كه چه‌ندین دیمه‌نی ئه‌بسورد له‌خۆ ده‌گرێت و بووه به هێمایه‌ك بۆ كافكا و هه‌روه‌ها بۆ مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه و هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان. ئه‌م رۆمانه‌ی كافكا، ئه‌مڕۆ له هه‌موو كاتێك زیاتر جێگای سه‌رنجی ده‌رهێنه‌ره شانۆییه‌كانه؛ ئه‌م پڕۆسێسه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، باسی ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی مرۆڤ، كه له‌نێو هه‌ڕه‌شه‌كانی ژینگه و نائارامی دنیا و جه‌نگه‌كان دایه، ده‌كات. هه‌ره‌وه‌ها هه‌ستنه‌كردن به دڵنیایی و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر بنه‌ما دیموكراسییه‌كان و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌ستی و ئازادی راده‌ربڕین.
"كارل كنیف" كۆریۆگراف، سه‌مازان و ده‌رهێنه‌رێكی فینله‌ندییه، به یارمه‌تی "كریستۆفه‌ر مێلگرێن"، كه رۆمانه‌كه‌ی به ده‌ستكارییه‌كی زۆره‌وه بۆ ئه‌م پڕۆسه شانۆ سه‌مائامێزه ئاماده‌كردووه. "كنیف" ساڵی 2016، هه‌ر به هاوكاری و له ئاماده‌كردنی "مێلگرێن" رۆمانی "هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه"ی كافكا، به سه‌ما نمایش ده‌كات و چه‌ندین خه‌ڵاتی گرنگی شانۆیی له فینلاند به ده‌ست ده‌هێنێت. ئه‌م ده‌رهێنه‌ر و كۆرێۆگرافه به فۆرمه گرۆتیسكییه‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه، كه له دید و زمانی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر و سه‌مازانه‌كانیدا به وردی به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات.
كه‌شێكی دێوزمه ئاسای كافكایی
ئه‌م نمایشه، كه له یه‌كێك له هۆڵه شانۆییه بچووكه‌كانی شانۆی شاردا پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، كه بینه‌ران دێنه ژووره‌وه، هه‌ست به كه‌شێكی دێوزمه ئاسای كافكایی ده‌كه‌ن و مرۆڤ هه‌ست به راچڵه‌كین و دڵه‌ڕاوكێ ده‌كات. دیواێكی به‌رزی چیمه‌نتۆئاسا، كه شێوه‌ی چه‌ند ده‌رگایه‌كی ئێجگار گه‌وره، یاوه‌خود چه‌كمه‌جه‌ی دۆڵابی زه‌به‌لاح، كه ژماره‌یان له‌سه‌ره، به‌رز بوونه‌ته‌وه و ژوورێكی داخراوی بێ ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌یان دروستكردووه. ژوورێك، كه هیچ بوارێكی ده‌ربازبوونی تیا نییه. به سوچێكیشه‌وه كامێرای چاودێری رووه‌و پانتایی نمایش دانراوه. سینۆگرافیا، جگه له‌و دیواره به‌رزه، كۆمه‌ڵێك سندوق به بارستایی جیاواز جیاواز له‌سه‌ر شانۆكه دانراون و له نمایشه‌كه‌دا به‌رده‌وام گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت و شێواز و فۆرمی جودا، له پانتایی شانۆكه‌دا له‌خۆده‌گرن. له چه‌ند دیمه‌نێكدا، جۆزێف ك ده‌خرێته نێو یه‌كێك له سندوقه لاكێشه‌ییه‌كانه‌وه و به هه‌ڵاوگێڕدراوی، سه‌ری بۆ خواره‌وه و هه‌ردوو قاچی بۆ سه‌ره‌وه داده‌نرێت. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه، یه‌كێك له‌م سندوقانه، شاشه‌یه‌كه و وێنه‌ی چاوێكی زه‌ق به هه‌ڵاوگێڕاوی پێشان ده‌دات. ئه‌م چاوه به دوامانه‌وه‌یه و له نمایشه‌كه‌دا به‌رده‌وام شوێنه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، به‌ڵام هه‌میشه چاوی تێبڕیوین. بێگومان ئه‌م چاوه چاودێره، جگه له چاودێری به‌رده‌وام، ئاماژه‌یه‌كیشه بۆ ئه‌وه‌ی، كه ئێمه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆماندا نییه. ساپیته‌ی شانۆكه‌یش، فۆرمێكی بازنه‌یی پیاهه‌ڵواسراوه، كه زۆر جار رووناكی، به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری له‌وێوه دێته ژووره‌وه و هه‌ستێكی پڕ له ترس و تۆقین ده‌خوڵقێنێت.
سه‌ره‌تای نمایشه‌كه، به سه‌مایه‌كی پڕ له گوزارشت ده‌ستپێده‌كات، ئه‌كته‌ر و سه‌مازانه‌كان له‌م سه‌مایه‌دا به چه‌ند كورسییه‌كه ئه‌و جیهانه كافكاییه‌مان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن؛ ئه‌م كورسیانه ده‌بنه هه‌ڕه‌شه، ململانێ و شه‌ڕی كورسی و ده‌سه‌ڵات. له دیمه‌نێكدا، سه‌مازانه‌كان به كورسی گه‌مارۆی جۆزێف ك ده‌ده‌ن و له كۆریۆگرافیایه‌كی به سه‌لیقه‌دا، كورسییه‌كان به‌سه‌ر شانی جۆزێف ك-وه بار ده‌كه‌ن، وه‌ك سمبولی هێزی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر شانی مرۆڤی تاكه‌وه.
گه‌مارۆی جۆزێف ك-یان داوه
ستافی ئه‌م نمایشه بچووكه و له شه‌ش سه‌مازان و ئه‌كته‌رێك پێكهاتووه، ته‌نیا جۆزێف ك رۆڵی خۆی، وه‌ك "جۆزێف ك" ده‌بینێت، ئه‌كته‌ر و سه‌مازانه‌كانی تر ده‌بنه: دادوه‌ر، هاوپیشه، گۆرانیبێژ، خانم. به كورتی ئه‌و كۆمه‌ڵگه بچووكه‌ی جۆزێف ك خۆی تیا ده‌بینێته‌وه. هه‌ر بۆ نموونه له سه‌مایه‌كدا، كه گه‌مارۆی جۆزێف ك-یان داوه، سه‌مازانه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت و چه‌ندین رۆڵ ده‌بینن: خاوه‌نی خانووبه‌ره‌كه‌ی جۆزێف ك-ی تیا ده‌ژی، پارێزه‌ر و پیاوه عاشقه‌كه. ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی رۆڵی جۆزێف ك ده‌بینێت، ده‌ڵێی وێنه‌یه‌كی ره‌ش و سپی، یه‌كێك له گه‌ره‌كه كۆنه‌كانی پراگه و چیرۆكی ئه‌و سه‌رده‌مه و ئێستامان بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
سه‌مازانه‌كان به‌رده‌وام دیمه‌نه‌كان پێكه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و هه‌ندێك جاریش ده‌بنه حیكایه‌تخوان، كاره‌كته‌ره‌كان ده‌جووڵێن و رووداوه‌كان به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌به‌ن. كۆریۆگرافیاكه، كار له‌سه‌ر جووڵه‌ی دووباره‌ی سوریالیزمییه‌وه ده‌كات، كه هه‌ندێك جار به جووڵه‌یه‌كی كۆمیدی دنیاكه‌ی كافكا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن.
به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌میشه پێنج ئه‌كته‌ر به ده‌وری جۆزێف ك-ه‌وه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێت، ئه‌وان به‌رجه‌سته‌ی ده‌كه‌ن، رۆڵه‌كانیان ده‌گۆڕنه‌وه و سه‌رله‌نوێ رووداوه‌كانمان به سه‌ما بۆ ده‌گێڕنه‌وه؛ زۆرجار جۆزێف ك-یش وه‌ك چاودێرێك سه‌یری ره‌وتی رووداوه‌كان ده‌كات. له دیمه‌نێكی سه‌مادا، كه گوزارشت له هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر مرۆڤێكی ته‌نیای بێده‌سه‌ڵاتدا ده‌كات، جۆزێف ك له‌سه‌ره‌تادا سه‌یر ده‌كات، به‌ڵام دوای ساتێك خۆیشی ده‌بێت به یه‌كێك له سه‌مازانه‌كان و راپێچی دنیایه‌كی ره‌ش و نادیار و هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی ده‌كه‌ن.
هه‌ندێك جار دوو ئه‌كته‌ر هه‌مان رۆڵ ده‌بینن، یه‌كێكیان دیالۆگه‌كان ده‌ڵێت و ئه‌ویتریان به سه‌ما و جووڵه‌ی گرۆتیسك ئاسا، جووڵه‌ی ئه‌كته‌ره‌كه، دووباره ده‌كاته‌وه. له دیمه‌نێكدا، سه‌مازانه‌كان، كه هه‌موویان چاكت و پانتۆڵی شینیان له‌به‌ردایه و ده‌مامكی چونیه‌كی شینیشیان پۆشیوه، به جووڵه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز، وه‌ك كۆمه‌ڵێك بووكه‌ڵه ده‌بنه سێبه‌رێكی ترسێنه‌ر به‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ی جۆزێف ك-ه‌وه. ته‌كنیكی كۆریۆگرافییه‌كه‌ی "كارل كنیف" دوو هه‌نگاو له سه‌مای مۆدێرنه‌وه دووركه‌وتۆته‌وه و زیاتر له فۆرمه‌كانی سه‌مای پۆستمۆدێرنیزم نزیك بۆته‌وه. جووڵه و سه‌ما بووه‌ته پاڵپشتێكی ئیستاتیكی بۆ تێكسته‌كه‌ی كافكا، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. ئاماده‌كردنی رۆمانه‌كه‌یش به‌و شێوه سه‌ربه‌سته، كه له دیمه‌نی كورت و مۆنتاژی دیمه‌نه‌كان و پاش و پێشخستنی رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه، به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ره‌وتی نمایشه‌كه‌دا بگونجێت، نمایشه‌كه‌ی له فۆرم و ته‌كنیكه‌كانی كارێكی هونه‌ری پۆستمۆدێرنیزم نزیك كردۆته‌وه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانیشدا ئاماده‌كردنی رۆمانه‌كه و دیدی ده‌رهێنان و ئاوێزانكردنی سه‌ما و شانۆ پێكه‌وه، نمایشه‌كه ئه‌و ئه‌تمۆسفێره ترسێنه‌ری كافكا نووسیویه‌تی به‌رجه‌سته بووه و به‌ر هه‌ستی بینه‌ران ده‌كه‌وێت.
مۆسیقا ده‌بێته میلۆدییه‌كی جاڕسكه‌ر
هه‌ندێك جار له‌پڕ یه‌كێك له كاره‌كته‌ره‌كان ده‌بێته گۆرانیبێژی ئۆپێرالی و رۆڵه‌كه‌ی به گۆرانی ئۆپێرا به‌رجه‌سته ده‌كات. له‌م رووه‌وه، ده‌رهێنه‌ر، شانۆ، سه‌ما و گۆرانی له شاكارێكی پۆستمۆدێرندا تێكه‌ڵاو ده‌كات، به شێوه‌یه‌ك هیچ كام له‌م هونه‌رانه كاریگه‌رییه‌كی ناته‌بای به‌سه‌ر هونه‌ره‌كانی تره‌وه نابێت، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی مۆسیقایه‌كی گونجاو، به درێژایی نمایشه‌كه هاوشانی رووداوه‌كان ده‌بێت، مۆسیقا رۆڵێكی گرنگی له خوڵقاندنی ئه‌تمۆسفێره ترسناكه‌كه‌ی كافكادا هه‌یه. له هه‌ندێك دیمه‌ندا، مۆسیقاكه نه‌ك هه‌ر كافكا، به‌ڵكو بینه‌رانیش راو ده‌نێت؛ له‌م دیمه‌نانه‌دا، مۆسیقا ده‌بێته میلۆدییه‌كی جاڕسكه‌ر و له ده‌نگی پێی كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌چێ، كه به هه‌ڕه‌شه‌وه به‌ره‌و روومان دێت.
نمایشه‌كه ده‌یه‌وێت پرسیارێك بوروژێنێت، ئایا مرۆڤ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی سه‌ربه‌ستی له ژیاندا هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌تی، چۆن ده‌توانێت نه‌كه‌وێته هه‌مان ئه‌و ره‌وشه‌ی جۆزێف ك-وه؟ پرسیاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه، هیچ كه‌سێك سه‌ربه‌سته؟ ئه‌م نمایشه، له‌م بارودۆخه شلۆقه‌ی ئه‌م رۆژگاره‌دا، وه‌ك میتافۆرێك وایه، كه ئه‌و واقیعه ترسناكه‌ی ئه‌مڕۆ تیا ده‌ژین،
پێشان بدات.