قوباد تاڵەبانی: دیداری یەکێتی ھەنگاوێکی راستەقینەیە بۆ چاکسازی و نوێبوونەوە

12:08 - 2022-05-28
کوردستان
770 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی لە دیداری یەکێتیدا رایگەیاند، پێویستە داڕشتنەوەیەکی راستگۆیانە بۆ سیاسەتی حزبەکەمان بکەین بۆ دارشتنەوەی دید و روئیایەکی سەردەمیانە و گەیاندنی پەیامی راستەقینەی نوێبوونەوە و چاکسازی، دیداری یەکێتی دەبێتە مایەی نزیکتربوونەوەی یەکێتی لەگەڵ جەماوەر و دەنگدەرەکانیدا.
وتیشی، زۆرجار دەبیستین کە دۆخی یەکێتی خراپە، بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین دۆخی یەکێتی بەرامبەر چی خراپە، ئایا حزبێک ھەیە لە کوردستان دۆخی لە یەکێتی باشتر بێت و کێشەی ناخۆیی نەبێت؟ ئایا یەکێتی دوای چی خراپ بووە و رووبەڕووی چی بووەتەوە لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی رابردوودا؟ یەکێتی سەرەڕای جیابوونەوەی پۆلێک سەرکردە و کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال نەڕووخا و لەسەر پێی خۆی مایەوە.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی بەشێک لە کێشەکانی یەکێتی چارەسەرکران، بەڵام ھەندێک کێشەی ترمان بۆ دروستبوو، ھەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبەکەمان درا، بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی روخاندن و شکستی حزبەکەمان و نەیارەکانمان دڵیان بەوە خۆشە ئەمڕۆ یەکێتی دۆخی خراپە، لە کاتێکدا لێکدانەوەکانی رابردوویان ھەڵە بوو یەکێتی ھەر لەسەر پێی خۆی مایەوە، وەکو سەرۆک مام جەلال وتوویەتی "سەفین لە بن بێت یەکێتی لە بن نایەت"، بۆیە ھەر کەسێک پێیوایە یەکێتی لە بەردەم رووخاندایە، ئەوە ئەو رۆژە بەچاوی خۆی نابینێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆچی یەکێتی توانی رووبەڕووی ئەو ھەموو ئاڵنگاریانە بێتەوە و پێگە و سەنگی خۆی بپارێزێت، ئەوەی یەکێتی لەسەرپێی خۆی ھێشتووەتەوە جەماوەر و لایەنگرانییەتی، بەڵام نابێت رازی بین بەو دۆخەی ئێستا یەکێتی تیایەتی و دەبێت یەکێتی بەھێزتر بێت لە ئەمڕۆ نزیکتر لە جەماوەرەکەی خۆی، بۆ ئێمە ئەم چەند رۆژە سەرقاڵ دەبین بەدیداری یەکێتییەوە.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی توانیمانە ئارامییەک بگەڕێنینەوە بۆ ناو حزمەکەمان و توانیمانە ببین بەڕوئیا و سیاسەتێکی سەربەخۆی خۆمان، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەنجامی بدەین تەواوکردنی پرۆسەی کۆنگرەی چوارە، کە پیاچوونەوەیەکە بە دید و روئیا و سیاسەت و ستراتیژییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی ئاشکراشیکرد، دیداری یەکێتی ھەنگاوێکی راستەقینەیە بۆ چاکسازی و نوێبوونەوە و داڕشتنی سیاسەتێکی نوێ و سەردەمیانە، ئەگەر بتوانین لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتووبین ئەوا دەتوانین ئاشتبینەوە لەگەڵ جەماوەرەکەمان، خەڵک چاوەڕێییە یەکێتی دەستپێشخەر بێت لە چاکسازی و سەرکردایەتی نوێبوونەوە بکات و داھێنەر بێت لە سیاسەت و پێشەنگ بێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵانی خەڵک، خەڵک رووی لە یەکێتییە، چونکە دەزانن یەکێتییە دەتوانێت چاکسازی ئەنجامبدات و سەرکردایەتی ئەم میللەتە بکات و خەمخۆری راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت و کۆتایی بە بڕیاری تاکڕەوی بھێنێت لە ھەرێمی کوردستان.

#دیداری یەکێتی

بابەتە پەیوەندیدارەکان