كۆتدیڤوار ئەمساڵیش بە جادو یەكەم دەبێت؟

11:15 - 2024-01-16
وەرزش
123 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژی شەممەی رابردوو 13/1/2024 – ەوە یارییەكانی پاڵەوانێتیی جامی وڵاتانی ئەفریقیا دەستیپێكردووە و تا رۆژی 11/2/2024 بەردەوام دەبێت.
دوور لە یاریگا و پێشبڕكێیەكان و ركابەریی یاریزانان و راهێنەران و هات و هاواری هاندەران و دوور لە یاریگا سەوزەكانی، ئەم پاڵەوانێتییە چەندین رووداوی سەیر و سەمەرەو سەرنج راكێش رویانداوەو لە مێژووی ئەم پاڵەوانێتییەدا تۆمار كراوە، وا لێرەدا تیشكێك دەخەینە سەر روداوێكی سەرنج راكێش و سەیر كە بەسەر هەڵبژاردەی كۆت دیڤواردا هاتووە.
ئەم هەڵبژاردەیە ساڵی 1992 لە جامی وڵاتانی ئەفریقادا بەدەست ئەنجامی خراپەوە دەیناڵاند، هەرچەندە ئەوساڵە چەندین یاریزانی بەتواناو لێهاتووی هەبوو كە بۆ یانە ناودارەكانی ئەوروپا یارییان دەكرد، بەڵام یەكێتیی تۆپی پێی ئەفریقا بەدەر لەوەی ئەو هەموو یاریزانە باشەی هەبوو، پەنای برد بۆ جادو كردن تا ئەمە خودایە بە جادو بتوانێت جامی ئەو ساڵە بباتەوە.
ئەو ساڵە جامی وڵاتانی ئەفریقا لە سەنیگال رێكخرا، یەكێتیی تۆپی پێی كۆت دیڤواریش بەنهێنی و ژێر بەژێر پەنای برد بۆ جادوگەرێكی ناوداری جیهانی كە ناوی گاباس بۆدابۆ بوو، ئەم جادوگەرە بەناوبانگترین جادوگەری جیهانی و كیشوەری ئەفریقاش بوو، بە پارەیەكی زۆر لەگەڵ یەكێتیی ناوبراو رێككەوت كە كار بكات تا کۆت دیڤوار جامی ئەو پاڵەوانێتییە بباتەوە.
كۆت دیڤوار لە قۆناغی گروپەكاندا هەریەك لە جەزائیر و كۆنگۆی لەگەڵدا بوو، توانی یەكەمی گروپەكە بێت ، كاتێك بۆ قۆناغی چارەكی كۆتایی سەركەوت، لێرەش 1-0 لە زامبیای بردەوە، لە قۆناغی نیوەی كۆتاییدا بە پەنالتی لە كامیرۆنیشی بردەوە كاتێك 0-0 یەكسان بوون و بەوەش بۆ یاریی كۆتایی ئەم پاڵەوانێتییە سەركەوت.
لە یاریی كۆتاییشدا رووبەڕوی هەڵبژاردەی غانا بووەوە، لەم یارییەشدا هەڵبژاردەی فیلەكانی كۆت دیڤوار توانیان بە پەنالتی یاریی كۆتایی 11-10 ببنەوەو جامی پاڵەوانی ئەو ساڵەیان بەرز كردەوە.
گاباس بۆدابۆی جادوگەر پاش تەواو بوونی ئەم پاڵەوانێتییە داوای مافەكانی خۆی لە یەكێتیی تۆپی پێی كۆتدیڤوار كرد كە بڕی 1:5 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام یەكێتیی ناوبراو پێی ووت كە ئەوان كێشەی دارییان هەیەو ناتوانن ئەو پارەیەی بدەنێ و ئەو بڕە پارەیەش نازانن چۆن خەرج بكەن و چۆن و بە چ رێگەیەك ئەو پارەیە بەو جادوگەرە بدەن و ئەمەش گاباس بۆدابۆ زۆر نیگەران دەكات.
گاباس بۆدابۆش لەلای خۆیەوە پێان دەڵێت: چاوەڕوانم بن بزانن چۆن پیشانتان دەدەم كە من كێم  و چیم بۆ كردوون، ئیتر بۆدابۆ دەكەوێت نوشتە كردن لێیان، وەك خۆی وتوویەتی وام لێكردن تا چوار پاڵەوانێتی نەتوانن هیچ جامێكی ئەم پاڵەوانێتییە بەرز بكەنەوە، لە پاڵەوانێتیی ساڵی 2004 ی تونسیشدا هەر نەیانتوانی بگەنە دوا یارییەكانیش.
ئیتر یەكێتیی تۆپی پێی ئەفریقا بڕیاریاندا رێككەوتنێكی تر لەگەڵ گاباس بۆدابۆدا بكەنەوە، پێشەكی پارەكەیان دایە، بۆیە لە پاڵەوانێتیی 2006 دا تا یاریی كۆتایی رۆیشتن بەڵام یاریی كۆتاییان بە میسر دۆڕاند، دواتر هەڵبژاردەكە 3 جار بۆ مۆندیال سەركەوت، ساڵی 2015 یش جامی وڵاتانی ئەفریقاشی بەرز كردەوە.
ئیتر نازانرێت گاباس بۆدابۆی جادوگەر لەم پاڵەوانێتییەشدا بۆندی لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی ئەفریقا كردووە یان نا و ئایا ئەم پاڵەوانێتییە بە جادووەكانی گاباس بۆدابۆ یەكەم دەبن؟.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان