تاوانەکانی حەرەس قەومی، لە کتێبی ئاگر و خوێندا

10:50 - 2024-04-30
کەلتور
324 جار خوێندراوەتەوە

جومعە كانی لەلەیی

گەرچی ناونیشانی كتێبەكەم زۆر لاپەسەند نەبوو، دەكرا  ناونیشانێكی سەرنج راكێشتری هەبوایە لەگەڵ ئەوەشدا  ناونیشانەكە هیچ لەبایەخی كتێبەكەی كەم نەكردۆتەوە، بەوپێیەی ناوەڕۆكی كتێبەكە بۆ داهاتووی نزیك و دوور  بوو بە دیكۆمێنت و ‌پەردەی ‌هەڵماڵیوە لەسەر تاوانێكی  گەورەی بەعسییەكان دەرهەق بە هاونیشتمانیانی كورد.

 دوای  كودەتا، مام جەلال خوێندنەوەیەکی قووڵی خۆی لەبارەی بارودۆخی ئەو سەردەمە لە نامەیەكی دوور و درێژدا بۆ مەلا مستەفای بارزانی دەنێرێت

  نووسەر بە وردی لەم كتێبە دانسقەیە باس لە قۆناغێكی  كارەساتباری گەلی كورد دەكات كە بەعسییەكان راستەوخۆ  دوای یەكەم كودەتایان ئەنجامیان دا.
ئاگر و خوێن بیست و یەكەمین كتێبی چاپكراوی مەلا شاخییە، ناوەڕۆكی كتێبەكەش باسكردنە لە ‌زنجیرەیەك  لەو تاوانانەی كە دەچنە خانەی جینۆسایدی كوردەوە.
كتێبەكە بریتیە لە 419 لاپەڕە، سالار مەحموود  پێشەكییەكەی بۆ نووسیوە، لەم پێشەكییەدا باس لە رووداوەكانی سەردەمی پاشایەتی و چۆنیەتی بەرپابوونی  شۆڕشی چواردەی تەمووز و كودەتای بەعسییەكان دەكات كە چۆن زەمینەی پێكهێنانی هێزێكی ملیشیای وەك  حەرەس قەومی هێنایە ئاراوە، لەوێ دووپاتی دەكاتەوە  كە كتێبەكە پشتی بەستووە بە ئارگۆمێنت و بەڵگە و وێنە و شایەتحاڵ.
لەسەرەتادا مەلا شاخی بە پشتبەستن بە سەرچاوە مێژووییەكان باس لە جەنگی نێوان كورد و ئینگلیزەكان   دەكات لە دەربەندی بازیان، مەبەستی لەمەش ئەوەیە هەلومەرجی ئەو سەردەمە باس بكات كە عەبدولكەریم قاسم تیایدا توانی سیستمی پاشایەتی بڕوخێنێت و  گۆڕانكاری ریشەیی لەسیستمی سیاسی و كارگێڕی عیراق  ئەنجام بدات، نووسەر لەو باسەی دا دەیەوێت لەرزۆكی  دەسەڵاتی قاسم بخاتە بەرچاو  كە نەیتوانی خۆی لە هەژموون و تەڵەی  بەعسییەكان دەرباز بكات،‌ دواجار  كودەتای بەعسییەكان و پێكهێنانی هێزێكی دڕندەی وەك  حەرەس قەومی بەدوای خۆی دا هێنا.

بەڵێنی زارەكی بە ساڵح یوسفی 
ئەوەی لە لاپەڕە (27) دا سەرنجی راكێشام ئەوە بوو،  بەشێك لە گفتوگۆ و دانووستان و پێكهاتنەكانی كورد و  ناوەند بەدرێژایی سەد ساڵی رابردوو  بەبێ دیكۆمێنت كردن  تێپەڕێنراوە، لەوێ مەلا شاخی دەڵێ دوو لە سەركردەی‌ دیاری ئەوسای بەعسییەكان بەر لە كودەتا، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی سەركردایەتی كورد و هەماهەنگی بۆ رووخاندنی رژێمەكەی قاسم كە بریتیبوون  لە عەلی ساڵح سەعدی و تاهیر یەحیا گفتوگۆ لەگەڵ سەیدا ساڵح یوسفی نوێنەری پارتی دیمووكراتی كوردستان  دەكەن و بەڵێنی زارەكی بە ساڵح  یوسفی دەدەن كە دوای  رووخاندنی رژێمی قاسم، مافی ئۆتۆنۆمی بە گەلی كورد  دەبەخشن. بەداخەوە سەركردایەتی سیاسی ئەوسای كورد بەڵێنی سەركردایەتی بەعسییەكانیان  نەكردۆتە نووسراوی رەسمی و ئیمزای خاوەندارێتی  لەسەر بكرێت، لایەنی كەم بۆ ئەوەی نەتوانن لە ‌بەڵێنەكانیان پاشگەز ببنەوە، گەر پاشگەزیش ببنەوە  هەموو جیهان بە هۆی ئەم دیكۆمێنتەوە‌ بزانن كە كورد  گەلێكی ئاشتیخواز بووە و بەعسییەكانیش شەڕانگێز.
نامەكەی مام جەلال بۆ بارزانی 
لەشوێنێكی تری كتێبەكەدا، دروست لەلاپەڕە34دا بایەخی  نامەیەكی جەنابی مام جەلالم بۆ دەركەوت، كە تا خوێندنەوەی ئەم  كتێبە ناوەڕۆكی وەها نامەیەكم  نەبیستبوو. دوای  كودەتا، مام جەلال خوێندنەوەی قووڵی  بارودۆخی ئەو سەردەمە بە نامەیەكی دوور و درێژ بۆ مەلا مستەفا بارزانی دەنێرێت و بێ ئومێدی خۆی نیشان دەدات لەوەی (بەغدای نوێ) كێشەی كورد بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بكات، هەر لەم نامەیەدا باس لە پاكێجی بارزانی دەکات بۆ حكومەتەكەی قاسم، پێدەچێ پاكێجەكە بەڵگەیەك بووبێت بۆ لاواز نیشاندنی كورد، هەربۆیە مام جەلال بەباشی نەزانیوە. هەر لەم نامەیەدا مام جەلال رێگەچارەی خستۆتە روو، تاكو كورد ئەو بیرۆكەیە بكاتە پلانی كاركردن و مامەڵەی لەگەڵ بەغدای نوێ كە مەبەست لێی چارەسەری ئاشتییانەی مەسەلەی كورد بووە.

ناوی لێپرسراوەكان و ئەركەكانیان 
لە بەشێكی تری كتێبی ئاگر و خوێندا مەلا شاخی باس لە پەیكەر و شێوازی پێكهێنانی حەرەس قەومی دەكات و ناوی  هەموو ئەو كەسانە دەهێنێت كە كراون بە فەرماندە و لێپرسراوی هێزە جیاجیاكانی، هەروەها ناوچە و شوێنی چالاكیشیان باس دەكات و هۆكار و پاڵنەرە سیاسییەكانی ئەم هێزە نامۆ و نانیشتمانییە و ئەركەكانیشیان دەخاتە روو.
نووسەر بە وردی باس لەو رێكارانە دەكات كە كودەتاچییەكان دەیگرنە بەر بۆ ئەوەی زۆرینەی  ئەفسەرانی ناو سوپا و دامەزراوەی ئەمنی و كابینەكەی ئەحمەد حەسەن بەكر و دامودەزگا حكومییەكان بكەن بە لایەنگرانی خۆیان، مەبەست لەمەش ئەوە بوو هەركات  بۆیان لوا تەواوی حكومەت بخەنە ژێر ركێفی خۆیانەوە،   یەك لەو رێكارانە بەرز كردنەوەی نایاساییانەی پلەی  ئەفسەرانی ناو سوپا بوو كە سەر بە كودەتاچییەكان بوون  بۆ ئەوەی بتوانن ئەفسەرە پلە بەرزەكانی ناو سوپا كە لایەنگری عەبدولسەلام عارف بوون بەركەنار بكەن و  ئەفسەرانی خۆیان لە جێگەیان دابنێن.

 هێرشی حەرەس قەومی بۆ سەر گوندەكانی كەركوك 
لەبەشی دووەمی كتێبی ئاگرو خوێندا مەلا شاخی بەدرێژی  باس لە پەلامارە وەحشیگەرییەكەی حەرەس قەومی  دەكات بۆ سەر گوندەكانی سنووری  پارێزگای كەركوك و زۆربەی ناوچە جیاجیاكانی تری كوردستان كە بە پرانسیپی (شەلم كوێرم، هیچ ناوێرم) مامەڵەیان لەگەڵ  خەڵكی بێتاوان و رەش و رووتی لادێنشین كرد.  ئەوەی جێی تێڕامان و لە بیرنەكردنە ئەوەیە حەرەس قەومی جیا لەوەی هەرچی زەخیرە و دەغڵودان و مەڕ و ماڵات و گاوگۆتاڵی خەڵكیان تاڵان كرد، ئەوەی تریان وەك سوكنە و خەڵێ و خەرمان و كەلووپەلی ناوماڵیشیان سووتاند و خەڵكیان خستە سەرساجی عەلی، ئەوانەشی كە شەهیدیان  دەكەن لاشەكانیان دەسووتێنن و بە نامرۆڤانەترین رێگە  تەرمەكان دەشێوێنن.
نووسەر بەشێك لەو رووداوانە دەگێڕێتەوە كە لە ناوچەی  شێخبزێنی خواروو بەچاوی خۆی بینیویەتی،  ئەمەش  كتێبەكەی بەنرختر كردووە، هەروەها وێنە و ناوی تەواوی  سەرجەم شەهیدەكانی بڵاوكردۆتەوە، هەموو ئەو دیكۆمێنت و بەڵگەنامانەشی داناوە كە حەرەس قەومی بۆ چ مەبەستێكی شۆڤێنی دامەزراوەو بە چ نییەتێك پەلاماری  لادێنشینەكانی كوردستانیان دا.
لەم كتێبەدا دەیان و بگرە سەدان تاوانی حەرەس قەومی  دەرهەق بە خەڵكی كوردستان كراون بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، بە جۆرێك ماك و شوێنەوارە خراپەكانی تا ئێستاش لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان جێماون و رەنگی داوەتەوە.

 

حەرەس قەومی، گوندەكانی دەوروبەری كەركوكیان تاڵان دەكرد و دانیشتوانەكانیشیان شەهید دەكرد و زۆر نامرۆڤانە تەرمەكانیان دەشێواند و دەسووتاند 

بابەتە پەیوەندیدارەکان