عالیە میرزا، رەچەشکێنی حەفتاکان:

من باجی ئەوەمدا لە مێگەل دەرچووم و رێچکەی خۆمگرت

10:41 - 2024-04-28
دیدار
366 جار خوێندراوەتەوە
عالیە میرزا

دیداری/ کەژاڵ ئەحمەد


٭ یەکەم کچە شانۆکاری کوردبوویت رۆڵت لە شانۆنامەیەکی جیهانیدا بینیوە، دەتوانیت بمانبەیتەوە بۆ رۆژگاری نواندنت لە کەرکوک و سلێمانی و باسی رۆڵی خۆتمان بۆ بکەیت؟ 
-  ئەزموونم لەبواری شانۆدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکان، لەو ساڵانەدا کورد توانی هەناسەیەکی ئازادانە هەڵبمژێت، بەتایبەتی ئێمە لە کەرکوک توانیمان پانتاییەکی تایبەت بە خۆمان بەدەستبهێنین. بۆ ئێمە گرنگبوو وەک گەنجانی ئەو شارە ناسنامەی کوردبوونمان نیشانبدەین و بڵێین ئێمە نە تورکمانین، نە عەرەب، ئێمە کوردین.  شانۆ یەکێک بوو لەو بوارانەی گەنجانی ئەو سەردەمە رەچەشکێنیان تێدا کرد. یەکەم کاری شانۆییم کارێکی سەلمان فایەق بوو، بە بەشداریی هونەرمەندانی بەتوانا: جیهاد دڵپاک، خەسرەو جاف، عەلی کەریم، جەلیل زەنگنە، هەریەکێ لەم ناوانە رابەرێکی بزووتنەوەی هونەری کوردییە هەموومان لەسەر هەمان تەختەی شانۆوە دەستمان پێ کرد، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون و من روومکردە هەندەران. یەکەم کاری شانۆییم لەگەڵ تیپی مەشخەڵ بوو، لە (شانۆیی ژیان) دا رۆڵی کچێکی لاڵم دەبینی، لەدوای ئەم شانۆییە ژمارەیەک چالاکیمان هەبوو، کە تیپی کچانیش دروستبوو لەگەڵ ئەوانیش هەندێ کارمکرد یەکێ لە چالاکییەکانمان لە یادی نەورۆزدا بوو، کاتێ شەشی ناوەندیم تەواوکرد حەزم دەکرد بەشی شانۆ بخوێنم، بەڵام ئەوکاتە وەرگیران لە بەشی شانۆ ئاسان نەبوو، ئەو کۆلێژە بەتەنیا بۆ بەعسییەکان بوو، یەکێ لە کارە شانۆییە گرنگەکانم کاتێ بوو کە 1980  لە زانکۆی سلێمانی وەرگیرام، لە ساڵی یەکەمی خوێندنمدا لەگەڵ تیپی نواندنی سلێمانی لە شانۆیی دووڕەگ (الهجین) دا رۆڵی سەرەکیم هەبوو، نووسینی لانگستۆن هیوز بوو، د.فازیل جاف دەرهێنەری بەرهەمەکەبوو، جیهاد دڵپاک، عەلی کەریم، کاوەی ئەحمەد میرزا، سمکۆ عەزیز لەم کارەدا بەشدار بوون، هێندەی ئاگاداربم ئەوە یەکەم پاڵەوانێتی موتڵەقی ژنێکی کوردبوو، پێشتر ئەو رۆڵە بە ژن نەدەدرا، ئەوە خاڵێکی جێی شانازییە لە مێژووی کارە هونەرییەکانمدا، سەرکەوتنیشم بۆ هەوڵی د.فازیل جاف دەگەڕێتەوە کە مەشقی جەستەیی و دەنگی پێکردم، لە بیرمە کاک ئەنوەر مەشقی سۆڵفەیجی پێ کردم بۆئەوەی دەنگم بگاتە ئاستێکی شایستە بە دیالۆگە تاکە کەسییەکان، ئەمە دوا کاری شانۆیشم بوو لە کوردستان.

 ئەوەی توندوتیژیی بەرامبەر دەکرێت دوو هەڵبژاردەی هەیە، یان وەک قووربانییەک لە شوێنی خۆی دابنیشێت، یان هەڵبسێتە سەر پێیەکانی و ئەزموونەکەی وەک پەندێک بۆ
خەڵکی تر باسبکات 

٭ چۆن دەستت بە نووسین کرد و گەیشتیتە ئەوەی لەمساڵدا دووکتێبت چاپ و بڵاوبکەیتەوە؟
-  سەرەتا بە خوێندنەوە دەستم پێکرد و هانام بۆ کتێب برد بۆ ئەوەی ببێتە قەرەبوویەکی فەنتازیی، لەو واقیعە تەڵخەی ئەوکاتە تێیدا دەژیام رزگارم بکات، لە ساڵانی حەفتاوە هەر گۆڤارێکم دەستبکەوتایە بە دزییەوە بووبێت یان بە ئاشکرا دەمخوێندەوە. من لە خێزانێکدا گەورەبووم باوکمان کەسێکی خوێنەربوو، هەر لە قورئانەوە دەیخوێندەوە تاهەموو کتێبەکانی تر، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانمدا خوێندنەوە تەنیا هەر حەز و خولیانەبوو، بەڵکو بەشێکبووە لە ژیانم، یەکەم کەس هانیدام بنووسم و بڵاوبکەمەوە محەمەد موکری بوو، کاتێک یەکەم قەسیدەمی بینی وتی:  بۆ بڵاویناکەیتەوە؟ موکری و سەڵاحی برام قەناعەتیان پێ کردم بڵاویبکەمەوە، ساڵی 2018 یش دەستم بە بڵاوکردنەوەی کتێب کرد، سەرەتا نووسین بابەتێک نەبوو لەلام کە پلانی بۆ دابنێم، بەڵام پاش ئەو توندوتیژییەی ساڵی‌ 2009  رووبەڕووم بۆوە لە سوید برازایەکی هەڕەشەی لێدەکات و دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک برازایەکی تری دەیداتە بەر چەقۆ و برینداری دەکات) ماوەیەک چارەسەری دەروونیم وەرگرت، بڕیارمدا ئەو قۆناغە تێپەڕێنم و جورئەتی نووسینم هەبێت، دووساڵ لەمەوپێش یەکەم مسوەدەی کتێبێکم لەدایکبوو، دەقێکی واڵایە ناچێتە ناو چوارچێوەی شێوازێکی دیاریکراوی نووسینەوە، باوەڕم بەوە هەیە زاکیرە بەرپرسیارێتییە، مرۆڤ ئەگەر کێشەی هەبوو لەگەڵ رابردووی ناتوانێت بگات بە هیچ، دەبێت رابردوو زیندوو بکەینەوە بۆئەوەی چیرۆکەکانی شیبکەینەوە.  منیش ئەوکارەم کرد کتێبی (عرس فینیکس)م نووسی، دواتر کتێبەکە لەعەرەبییەوە کرا بە کوردی، هاوڕێی ئازیزم ئاوات حەمەئەمین وەریگێڕا و دەزگای جەمال عیرفان چاپیانکرد، هەروەها شیعرەکانم لە کتێبێکدا کۆکردەوە بەناوی(68) شهوه‌ بیضا‌ء) پرۆژەی کتێبی سێهەمیشم بەشی دووەمی (عرس فینیکس) دەبێت.

* لە پێشەنگەکانی بواری وەرزشیت، ئەم خولیایەت کەی سەری هەڵدا و لەو بوارەدا چیت بەدەستهێنا، لە خەڵات و رێزلێنان؟ 
-وەرزش بۆ من ئامرازێکی تربوو بۆ تەحەداکردنی واقیع و جەستەی خۆیشم، هەر زوو لەڕێگەی بەشدارییکردنمەوە لە چالاکییە وەرزشییەکانی خوێندنگەکەم بۆم دەرکەوت لەڕووی جەستەییەوە هێز و مرونەتێکی باشم هەیە و باڵا بەرزییەکەشم یارمەتیم دەدات. وەرزش وایکرد لەو ئەفسوونەدا بژیم کە بە تەنیا ئەوانە هەستی پێدەکەن کە جەستە بەکاردەهێنن وەک وەرزشەوان و سەماکارانی بالێ و ئەوانەی یۆگادەکەن، لە پۆلی سێی سەرەتاییەوە دەستم بە وەرزشکرد تا گەیشتمە زانکۆ هیچ جۆرە وەرزشێک نەما نەیکەم تۆپی پێ نەبێت، کە چووم بۆ هەندەران ماوەیەک لەم بوارە دوورکەوتمەوە کەچی کە گەڕامەوە بۆی بۆم دەرکەوت یادەوەریی خانەکانی لەشی مرۆڤ توانایەکی بەهێزی هەیە لە شوێنێکدا خەزندەبێت و خاوەنەکەی دەیدۆزێتەوە، هەر یەک مانگم بەسبوو بۆئەوەی دووبارە لییاقەتەکەی جارانم بۆ بگەڕێتەوە، ئەگەرچی وەرگێڕی رووناکبیریم و کارەکەم ئەمسەر و ئەوسەری زۆری دەوێت، بەڵام جانتای وەرزشەکەم لە ئوتومبێلەکەمدایە، هەر دەرفەتم بۆ بلوێ وەرزش دەکەم. لەم ساڵانەی دوایدا خولیایەکی تایبەتم بۆ یۆگا لا پەیدابووە، بەقووڵیی قۆناغەکانیم بڕیووە، هەفتەی دووجار یۆگا دەکەم. بۆ من ئەو سیحرەیە وادەکات هاوئاهەنگی لەنێوان هەناسە و رۆح و جەستەدا دروستبکەیت، پێش کۆرۆنا هەوڵمدا ببمە مامۆستای یۆگا، بەڵام نەکرا هەربۆ زانیاریتان لە ساڵانی هەشتادا ژمارەی پێوانەیی عیراقم لە هەڵدانی قوڕسدا بەدەستهێنا و چەند پاڵەوانێتییەکیشم بردەوە، لە سلێمانی و کەرکوکیش پاڵەوانی ساحە و مەیدان بووم. لەم ساڵانەدا پرسیارم کرد هێشتا ژمارەی پێوانەیی قوڕس هەڵدان بەناوی منەوەیە و ژمارەی تر تۆمارنەکراوە، باشە ئەم هەموو ساڵەچی کراوە؟ وەرزشی ژنان بۆچی فەرامۆشکراوە و بەباشی پێشنەکەوتووە؟ ئەم پرسیارانە نازانم کێ وەڵامیان دەداتەوە؟

٭ ساڵی 2009  دووچاری توندو تیژیی جەستەیی بوویتەوە وەک هەر ژنێکی یاخی، چی دەربارەی ئازارەکانت دەڵێیت؟ 
-  وشەی یاخی زۆر جوانە و کاریگەرییەکی تایبەتی هەیە، من باجی ئەوەمدا کە لە مێگەل دەرچووم و رێچکەی خۆمگرت، هەرگیزیش ترسم لەوەنەبووە باجی یاخیبوونەکەم بدەم. 2009  دووچاری توندوتیژیی جەستەیی بوومەوە، ئەوە بەشێکە لە مێژوو یادەوەریم، تاکە ژنیش نیم ئەوەی بەرامبەرکرابێت، لە هەموو شوێنێکی دنیا بەرامبەر بە ژن و سروشت و تەنانەت ئاژەڵیش دەکرێت. بەداخەوە کاتی ئەو رووداوە ناخۆشە کۆمەڵگەکەم نەک هەر پشتیوانم نەبوو، بەڵکو خرامە ژێر لێپرسینەوەی خێڵەکییەوە، ئەمەیش زوویری کردم. ئەوەی توندوتیژیی بەرامبەر دەکرێت دوو هەڵبژاردەی هەیە، یان وەک قوربانییەک لە شوێنی خۆی دابنیشێت، یان هەڵبسێتە سەر پێیەکانی و ئەزموونەکەی وەک پەندێک بۆ خەڵکی تر باسبکات بۆئەوەی لێی سوودمەندبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان