ریشاڵی تیۆریی رۆمانی كوردی

09:43 - 2024-01-18
ئەدەب و هونەر
73 جار خوێندراوەتەوە

ئاكار نه‌جم



قسه‌كردن یان لێكۆڵینه‌وه‌ و شیكاری بۆ رۆمان بوارێكی فراوان و گرنگه‌، هه‌م بۆ نووسه‌رانی بواره‌كه‌ و هه‌م بۆ ئه‌وانه‌ش ده‌یانه‌وێت له‌ رۆمان حاڵی ببن و بزانن چۆن ده‌نووسرێ. رۆمان و تیۆری رۆماننووسین له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا زۆر كه‌م ده‌ستی بۆ براوه‌، بۆشایی ره‌خنه‌گر وای كردووه‌ كه‌مترین قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بواره‌ بكرێ، به‌رده‌وام رۆمانی تازه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و به‌شی زۆری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییانه‌ به‌بێده‌نگی تێده‌په‌ڕن. لێره‌ و له‌وێ رانان بۆ رۆمان ده‌كرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناچێته‌ خانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌ییه‌وه‌. كه‌ ئیشی ره‌خنه‌گر و شاره‌زاكانی ئه‌و بواره‌یه‌. 
ئه‌م كتێبه‌ی له‌به‌ردیده‌ی خوێنه‌راندا به‌رهه‌مێكی تیۆرییه‌ له‌سه‌ر رۆمانی كوردی. كتێبه‌كه‌  نووسینی رۆماننووس و شاعیر سه‌لاح جه‌لاله‌ و له‌ دووتوێی 128 لاپه‌ڕه‌دایه‌. له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌زگای خێرخوازی شه‌هید عه‌تا چاپكراوه‌. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك بابه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندكراوه‌، به‌ ئامۆژگاری و قسه‌ی نووسه‌رانی ئه‌و بواره‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ده‌چێته‌ نێو ده‌قی رۆمانی كوردییه‌وه‌ و نموونه‌یان له‌سه‌ر دێنێته‌وه‌. له‌ رۆمانی شوانی كوردی عه‌ره‌بی شه‌مۆوه‌ ده‌ستپێده‌كات و پاشان له‌باره‌ی چیرۆكی له‌ خه‌وما و مه‌سه‌له‌ی ویژدان، رۆمانی ژانی گه‌ل و پێشمه‌رگه‌... له‌ رێگای  تیۆرییه‌كانی باختینه‌وه‌ ده‌چێته‌ نێو ده‌قی رۆمانه‌كانه‌وه‌. 
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی رۆمانه‌كه‌دا باس له‌ فره‌ ده‌نگی و یه‌ك ده‌نگی له‌ رۆماندا ده‌كات، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌دا له‌ باره‌ی رۆمان و مێژوو و فه‌زای رۆشنبیریی كوردییه‌وه‌ ده‌دوێت. به‌گشتی ئه‌م كتێبه‌ شه‌رح و شیكاری و بۆچوونی نووسه‌ره‌ له‌سه‌ر چه‌ند رۆمانێكی له‌ ئه‌ده‌بی كوردی. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان