بۆچی گرنگە گەشت بکەین؟

09:56 - 2024-01-21
ڕاپۆرت
184 جار خوێندراوەتەوە

هیوا فەرەیدون*


 گەشتکردن و گەشتوگوزار چالاکییەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و و کەلتورییە کە گەشتیاران دەیکەن، مەبەست لێی خۆشی و چێژوەرگرتنە و وەک دیاردەیەکی مرۆیی و شارستانی سەریھەڵداوە، ئەو گەشتە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونكە مرۆڤ کاتێک گەشت دەکات بۆ وڵاتێک یان شوێنێکی دیکە، ئەوا ئەو گەشتە چەند رەهەند و کاریگەرییەک لەسەر مێشک و رەفتار و گوفتاری بەجێ دەهێڵێت.

بینینی زیاتر... فێربوونی زیاتر
لەکاتی گەشتدا مرۆڤ بەرکەوتەی لەگەڵ چەندین دیاردەی نوێ و بەرکەوتەی لەگەڵ بیروبۆچوونی نوێدا دەبێت، بێگومان مرۆڤ دوای هەر گەشتێک هەمان ئەو مرۆڤە نییە کە لە دۆخی ئاسایی پێش گەشتەکەیدا هەبووە. هەر مرۆڤێک لە کۆمەڵگەیەکدا بە کۆمەڵێک دابوونەریت و کەلتوری وڵاتەکەی خۆیەوە بەندە، لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە بە چەندین پێوەری ئەخلاقییەوە پەیوەستە و لای بووە بە رێسایەکی نەگۆڕ و هەمیشەیی کە بە بڕوای ئەو هەموو کەسەکان لە ژیاندا دەبێت بەو جۆرە بژین.
بۆیە دەبێت لە کۆمەڵگەی کوردیدا  پڕۆسەی گەشتکردن بکەین بە کەلتورێک تا تاكی كورد كە لەنێو شار و گوندی خۆیدا بۆ ماوەیەکی زۆر ماوەتەوە، وا تێنەگات کە جیهان تەنها پێکهاتووە لە سنووری گوند و شار و ناوچەکەی ئەو، تا مرۆڤی كوردیش ئەگەر بەرکەوتەی هەبوو لەگەڵ کەسانی جیاواز و فیکر و وڵاتی جیاوازدا، تووشی بارودۆخێکی نامۆ نەبێت و هەموو شتێک رەتبکاتەوە.
 لە روانگەی ئایینیشەوە زۆرینەی ئایینەکان جەختیان لەسەر گەشتکردن کردۆتەوە.
خودای پەروەردگار فەرمانی کردووە بگەڕێن، گەشت بکەن بەسەر زەویدا و ببینن چۆن دروستمانکردن بە کۆی ئادەمیزاد و بوونەوەرەکان و سروشت و گەردوونەوە.

گەشت و کاریگەریی  لەسەر فەیلەسوفەکان
لەلایەنی فەلسەفیشەوە مانەوەی مرۆڤ لە شوێنێکدا رەتکراوەیە، فەیلەسوفەكان هەمیشە حەز و ئارەزوویان لە گەشت و گەڕان بووە جگە لە کانت، زۆربەیان گەشتی دوور و درێژیان کردووە.
نیتچە پێیوایە فەیلەسوف نابێت بە دانیشتنەوە فەلسەفە بنووسێتەوە، گەورەترین قوتابخانەی فەلسەفی لە مێژوودا ئەوەی ئەرستۆ و هاوڕێکانێتی کە فارابی و ئیبن سیناش سەر بەو قوتابخانەیەن، کە پێیان وتراوە (مەششائییەکان) و مەشائی لە (مەشی)یەوە هاتووە، واتە هاتن و چوون یان رێکردن، ئەمەش لەو رووەوە هاتووە کە ئەرستۆ حەزی نەکردووە بە شێوەی دانیشتن و لە یەک جێگەدا وانەکانی خۆی شی بکاتەوە، بۆیە مرۆڤ دەبێت چۆن پلان بۆ سەرجەم شتە پێویستەکانی لە ژیاندا دادەنێت، بەهەمان شێوە پلان بۆ ئەوەش دابنێت کە گەشت بکات و ناوچە و شوێنی نوێ لە ژیانیدا ببینێت و مێشک و هزری فراوانتر بکات، فێری کەلتوری نوێ ببێت و ئاگاداری ژیان بێت لە وڵاتان و ناوچەی دیکە.
 بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی گەشتوگوزاری ئەمریکا، هەر تاکێکی ئەمریکایی لە ساڵی 2023 دا سێ بۆ شەش جار لە کاتی پشووەکانیاندا گەشت دەکەن، کە تەنها لەو ساڵەدا نزیکەی 51 ملیۆن گەشتیار گەشتیان بۆ جیهان کردووە.
 لە ساڵی 2021دا، کۆی گشتی خەرجییەکانی گەشتی راستەوخۆی گەشتیاران لە ئەمریکا گەیشتۆتە 751 ملیار دۆلار، ئەمەش ژمارەیەکی یەکجار زۆرە بەروارد بە کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەبێت ئێمەش وەک وڵاتانی دیکە پلان بۆ گەشتەکانمان دابنێین و بڕێک پارەی ساڵانە پاشەکەوت بکەین بۆ ئەوەی بتوانین لەکاتی پشووەکانماندا گەشت بکەین، مەرجیش نییە ئەو گەشتە بۆ دەرەوەی وڵات بێت، دەتوانین گەشتی ناوخۆیی بکەین، کە هەم داهاتێکی کەمتر خەرج دەکەین و هەروەها ئاشناش دەبین بە شارەکانی دیکەی کوردستان کە هێشتا زۆرینەی تاکەکانی هەرێمی کوردستان لەو شارەی کە لێی نیشتەجێن زیاتر شارەکانی دیکەیان نەبینیووە. 

ئەو ئەزموونانەی  لەگەشتەوە دەست دەکەون
بەروارد بە وڵاتانی دیکە مەودای دووری نێوان شارەكانمان کەمترن، ببینین لە کوردستان لەسەر لووتکەی شاخە سەرکەشەکان و شوێنی وەک خەرەندەکانی رواندز، چێژ لە هاژەی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ ببینین و هەوای پاکی نیشتمان هەڵمژین و چەندین نموونەی دیکەش لە هەورامان و بادینان و...هتد.
ئەم ئەزموونانەی ئاماژەم پێدا لە کاتی گەشتدا نەبێت لە چ بوارێکی ژیاندا چنگی دەخەیت و ئەزموونی نوێ فێر نابیت.
 گەشتکردن بە تەنها بۆ نایت كڵەپەکان و گەڕانی ناو مۆڵەکان و سەر دەریاکان نییە، گەشترکردن شارەزابوونە لە ژیان لەگەڵ چێژوەرگرتن لە خواردنی بەتامدا، زیاتر بینینی تەلارسازی و رێسا جیاجیاکانی شار و وڵاتانی تر. گەڕانە بەناو شوێنەوارە مێژوویی و سروشتییەکاندا و لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، بینینی خەڵکی ئەو ناوچانەیە کە گەشتیان بۆ دەکەیت و قسەکردنە لەگەڵیاندا و گوێگرتنە لێیان، تێگەیشتنە لە دونیابینیان، هەتا بگەڕێیت و ببینیت زیاتر فێر دەبیت وەک ئەو وتەیەی کە دەڵێت: (جیھان کتێبێکە، ئەو کەسانەی کە گەشت ناکەن، تەنھا لاپەڕەیەک لەم کتێبەیان خوێندۆتەوە).

*بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان- لقی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان