ئا: مەعروف مەجید*
10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا رەنگدانەوەی خێرابوونی هەوڵەكانی گواستنەوەی وزە لەلایەن حكومەتە هەرێمایەتییەکانەوە، ئەمەش وەك بەشێك لە هەوڵە بەرفراوانەكان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی بێلایەنی كاربۆن و بەرزكردنەوەی ئاسایشی وزە.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار پشتی بە نەوت و گاز بەستووە، نەك تەنها بۆ زۆرترین داهات، بەڵكو بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا خۆی وەك پێشەنگێكی هەرێمی لە كەرتی وزەی نوێبۆوە جێگیر كردووە لە رێگەی چەند پڕۆژەیەك كە لەو رووەوە جێبەجێ دەكرێن، بە پێی بۆ پلاتفۆڕمی وزەی تایبەتمەند كە بنكەكەی لە ئەمریكایە.
كۆمپانیای مۆردۆر ئینتلیجنس كە كۆمپانیایەكی تایبەتە بە توێژینەوەی بازاڕ و خزمەتگوزاریی راوێژكاری، پێشبینی دەكات بازاڕی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ساڵانە بە رێژەی 43.13 % لە ماوەی ساڵی 2023 تا 2028 گەشە بكات.
ئەم گەشەكردنە بە شێوەیەكی سەرەكی لەلایەن پلانە جیاوازەكانی حكومەتەوە پشتگیری دەكرێت، كە ئامانجیان بەرزكردنەوەی سەرچاوە نوێبووەكانە لە تێكەڵەی وزەی نیشتمانی وڵاتەكاندا.
گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە
هەنووکە خێرایی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وزەی پاك لە زۆرێك لە وڵاتان لە چوارچێوەی هەوڵەكانی گواستنەوەی وزەدا خێراتر دەبێت و ئەمانەی خوارەوە 10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوەن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی تێچووی سەرمایە، بەپێی لیستێك كە لەلایەن ماڵپەڕی گۆڤاری ئابووریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە لەلایەن پلاتفۆڕمی وزەی تایبەتمەندەوە بڵاوكراوەتەوە:
1-وێستگەی ئەتۆمی باراكە
وێستگەی كارەبای ئەتۆمی باراكە لە پێشەنگی لیستی 10 پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە، نەك تەنها یەكەمین پڕۆژەی پێشەنگ لە جۆری خۆی لە ئیمارات، بەڵكو یەكەم وێستگەی بازرگانییە لە جۆری خۆی لە جیهانی عەرەبیشدا.
وێستگەكە كە تێچووی وەبەرهێنانەكەی 24 ملیار دۆلارە، دەكەوێتە ناوچەی ئەلدەفرا لە ئەبوزەبی، كاركردن لەسەری لە ساڵی 2012 دەستیپێكردووە، یەكەكانی 1 و 3 ی وێستگەكە پێشتر كەوتوونەتە كار.
وێستگەكە توانای 5600 مێگاواتە و رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە هەمەچەشنكردنی تێكەڵەی وزەی ئیمارات 25 %ی كۆی گشتی بەكارهێنانی كارەبا لە وڵاتی كەنداودا دابیندەكات، پێشبینیش دەكرێت ساڵانە 22 ملیۆن تۆن دەردانی كاربۆن كەم بكاتەوە (یەكسانە بە دەردانی 84 ملیۆن ئۆتۆمبێل) كاتێك دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
2- كۆمەڵگەی محەمەد بن راشید ئال مەكتوم
پاركی خۆری محەمەد بن راشید ئال مەكتوم لە لیستی 10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پلەی دووەمی گرتووە، كە رووبەرەكەی 77 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، هەروەها بە گەورەترین كۆمپلێكس لە جۆری خۆی لە جیهاندا پۆلێن كراوە، بە تێچووی وەبەرهێنانی 6.13 ملیار دۆلار.
توانای ئەم كۆمەڵگەیە لە دوبەی 5 هەزار مێگاواتە و ئەگەری ئەوە هەیە لە ساڵی 2030 دەست بكات بە کارکردن.
ئەم كۆمەڵگەیە توانای كەمكردنەوەی دەردانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی هەیە بە رێژەی زیاتر لە 5.6 ملیۆن تۆنی ساڵانە، ئەمەش بەشدارە لە ئامانجەكانی دوبەی بۆ بێلایەنی كاربۆن تا ساڵی 2050دا.
هەروەها قۆناغی چوارەمی پڕۆژەكە بەرزترین تاوەری خۆری لە جیهاندا (زیاتر لە 263 مەتر) و گەورەترین توانای هەڵگرتنی وزەی گەرمی (نزیكەی 6000 مێگاوات لە سەعاتێكدا) لەخۆدەگرێت.
3-پڕۆژەی هایدرۆجینی سەوزی NEOM
پڕۆژەی هایدرۆجینی سەوزی NEOM لە ریزبەندیی سێیەمی لیستی 10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە و بەهای وەبەرهێنانەكەی 8.4 ملیار دۆلارە.
پڕۆژەكە دەكەوێتە سعودیە و لە ئەنجامی هاوكاریی نێوان كۆمپانیای NEOM، ACWA Power، و Air Products یە کە وێستگەیەكی وزەی خۆری دەریایی و دامەزراوەی هەڵگرتنی وزەی با و كارەبا لەخۆدەگرێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ACWA Power: وێستگەیەكی گەورەی خۆر لە پڕۆژەی NEOMو ئەمانە پلانەكانمانن بۆ میسر و مەغریب.
ئامانجی پڕۆژەكە ئەوەیە تا ساڵی 2026 رۆژانە 600 تۆن هایدرۆجینی سەوز بەرهەمبهێنێت، كە لە 2030 خزمەت بە سعودیە دەكات، هەروەها ئامانجی كەمكردنەوەی دەردانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بە بڕی 5 ملیۆن تۆنی ساڵانە.
4 - وێستگەی وزەی خۆری بنبان
وێستگەی وزەی خۆری بنبان لە پلەی چوارەمدایە لە لیستی 10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە كۆی توانای كاركردنی 1800 مێگاوات.
پڕۆژەكە دەكەوێتە شاری ئەسوان و 41 وێستگەی وزەی خۆر لەخۆدەگرێت، و بە یەكێك لە گەورەترین وێستگەكانی وزەی خۆر دادەنرێت لە جیهاندا. ڕووبەرەكەی 47 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لە 200 هەزار پانێڵی خۆر پێكهاتووە.
ئەم پڕۆژەیە كە تێچووی وەبەرهێنانی 4 ملیار دۆلارە و لە چوارچێوەی پرۆگرامی باجی خۆراكدانی وزەی نوێبۆوەی میسری (FiT)دایە كە لە مانگی ئەیلولی 2014 راگەیەندرا.
5 - وێستگەی شوایبە
پڕۆژەی وزەی خۆری شوایبە كە لەلایەن سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیەوە پارەدار دەكرێت، پێكهاتووە لە وێستگەكانی شوایبە بی ڤی 1 و شوایبە بی ڤی 2 كە بە رێككەوت 600 مێگاوات و 2031 مێگاوات بەرهەم دەهێنن.
ئەم پڕۆژەیە بە بەهای سەرمایەی دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلار لە لیستی 10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پلەی پێنجەمدایە، هەروەها توانای كارەبای 450 هەزار ماڵی هەیە.
جگە لە كۆمپانیای هەڵگری ئاو و كارەبا (بەدیل) كە خاوەندارێتی سندوقی وەبەرهێنانی گشتی دەكات، كۆمپانیای ACWA Power و كۆمپانیای زەبەلاحی وزەی حكومەت ئارامكۆ گەشەپێدەری سەرەكی پڕۆژەكەن.
6 - پڕۆژەی وزەی با
لە كۆمەڵگەی كەنداوی سوێس
لیستی 10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پڕۆژەی وزەی با لە كۆمەڵگەی كەنداوی سوێس لەخۆدەگرێت، كە دەرەنجامی هاریكاریی كۆمپانیای ACWA Power ی سعودیە و سندوقی سامانی سەروەری میسریە و تێچووی وەبەرهێنانەكەی دەگاتە 1.5 دۆلار ملیار.
پڕۆژەكە توانای 1100 مێگاواتی هەیە، بەتایبەتی دەكەوێتە ناوچەی گابال ئەلزەیت لە كەناری خۆرئاوای كەنداوی سوێس، یەكێكە لە گەورەترین پڕۆژەكانی وزەی با لە جیهاندا، و ئامانجی ئەوەیە زیاتر لە ملیۆنێك ماڵ كارەبا بدات و هەروەها بۆ كەمكردنەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بە رێژەی 4.2 ملیۆن تۆن ساڵانە.
7 -وێستگەی وزەی خۆری سودایر
وێستگەی وزەی خۆری سودایر لە سعودیە لە پلەی حەوتەمدایە لە لیستی 10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە كۆی توانای بەرهەمهێنانی 1500 مێگاوات و تێچووی وەبەرهێنانەكەی 924 ملیۆن دۆلارە.
وێستگەكە دەكەوێتە شاری ریازی پایتەخت، لەڕووی تێچووی بەرهەمهێنانی كارەباوە بە دووەم وێستگە دادەنرێت لە جیهاندا كارەبای خۆر، بۆ هەر كیلۆوات سەعاتێك 1239 دۆلار.
وێستگەی سودایر ئامانجی ئەوەیە ساڵانە 2.9 ملیۆن تۆن دەردانی كاربۆن لاببات و 185 هەزار ماڵ كارەبا بدات، بەپێی راپۆرتێك كە پلاتفۆرمی وزەی تایبەتمەند بینراوە.
8 -وێستگەی كارەبای خۆری نوور
وێستگەی وزەی خۆری نوور لە ئیمارات لە پلەی هەشتەمدایە لە لیستی 10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە توانای كۆی گشتیی 1177 مێگاواتە و بەهای سەرمایەی 870 ملیۆن دۆلارە.
وێستگەكە بەشدارە لە لابردنی یەك ملیۆن تۆن دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، دەكەوێتە شاری سوێهان لە میرنشینی ئەبوزەبی، و 2.3 ملیۆن پانێڵی خۆری تێدایە كە بەسەر رووبەری 8 كیلۆمەتر چوارگۆشەدا دابەشكراون.
دروستكردنی وێستگەكە لە مانگی ئایاری 2017 دەستیپێكرد، بەڵام تا مانگی نیسانی 2019 دەستی بەكار كرد.
نوور كۆمپانیایەكی هاوبەشە لە نێوان كۆمپانیای نیشتمانی وزەی ئەبوزەبی و كۆمپانیای ماروبێنی ژاپۆن و كۆمپانیای جینكۆ سۆلار هۆڵدینگز و توانای دابینكردنی كارەبای بۆ 90 هەزار كەس هەیە.
9 -وێستگەی بای دومات ئەلجەندال
لە پلەی پێش كۆتاییدا لە لیستی گەورەترین پڕۆژە پاكەكاندا، كێڵگەی بای دومات ئەلجەندال هەیە، كە دەكەوێتە ناوچەی ئەلجەوف لە خۆرئاوای سعودیە، توانای 400 مێگاوات و تێچووی وەبەرهێنانی 500 ملیۆن دۆلارە.
وێستگەكە كە یەكەم وێستگەیە لە سعودیە و گەورەترین وێستگەیە لە جۆری خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەتوانێت 70 هەزار ماڵ بەڕێوەببات، هەروەها دەتوانێت ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن تۆن رێژەی كاربۆن كەم بكاتەوە.
وێستگەكە لەلایەن كۆمپانیاكانی ئیماراتی EDF Renewables و Masdar پەرەی پێدراوە.
10 -وێستگەی وزەی خۆری ئەلخەرشە
وێستگەی وزەی خۆری ئەلخەرشەی قەتەر لە پێشەنگی لیستی 10 گەورەترین پڕۆژەی وزەی نوێبۆوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە و توانای 800 مێگاواتی هەیە.
ئەم وێستگەیە دەتوانێت 10 %ی كارەبای قەتەر دابین بكات. ئەمەش بەشدارە لە لابردنی 26 ملیۆن تۆن دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە ماوەی تەمەنی كاركردنیدا.
تێچووی وەبەرهێنانی وێستگەكە كە لەلایەن كۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیز و ماروبێنی كۆرپ و سیراج ئینێرجی پەرەی پێدەدرێت، دەگاتە 462 ملیۆن دۆلار.
*سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە