ئا: مه‌عروف مه‌جید*
دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ژینگه، واته ئێمه ژیانێكی ته‌ندروست بۆ خۆمان و منداڵه‌كانمان بنیاتده‌نێین، به‌و پێیه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه سروشت به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، وه‌كو پیسبوونی ژینگه، بۆ ئێستامان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ن.
لێرەدا بەکورتی چه‌ند هه‌نگاوێكی ئاسان ده‌خه‌ینه‌ڕوو بۆئه‌وه‌ی ببینه هاوڕێی راسته‌قینه‌ی ژینگه، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوانه پێویستیان به‌وه‌یه هه‌موومان هاوكاربین و پێكه‌وه كاری بۆ بكه‌ین، تا ژینگه‌كه‌مان پاكتر بێت.
هه‌نگاوه‌كان بریتین له:
1-له‌به‌رچاوگرتنی ژینگه لەبواری پیشه‌سازییدا
ئه‌مه هەنگاوە به به‌كارهێنانی جۆرێک كه‌ره‌سته‌ی خاو دەبێت كه كه‌مترین زیان به ژینگه بگه‌یه‌نێت و كه‌متر پیسی بكات، به به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی پاك و خاوێنی تایبه‌ت، هه‌روه‌ها به ریسایكلكردنی ماده ریسایكلكراوه‌كان بۆئه‌وه‌ی بتوانین دووباره به‌كاریان بهێنینه‌وه و تا ده‌توانین پاشماوه‌ی پیشه‌سازیی كه‌مبكه‌ینه‌وه.
2-له‌به‌رچاوگرتنی ژینگه له گه‌شتیارییدا
سنوورداركردنی چالاكییه گه‌شتیارییه‌كان كه ده‌بنه هۆی پیسبوونی ژینگه، هاندانی گرتنەبەری گه‌شتیاریی ژینگه‌دۆستانە، كه تیایدا ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ژینگه‌دۆست به‌كارده‌هێنرێن، مانه‌وه له هۆتێله‌كان به دیزاینی ژینگه‌یی، جگه له پراكتیزه‌كردنی هه‌ندێك چالاكیی ژینگه‌یی له كاتی گه‌شته‌كه‌دا.
3- كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆ
پاشماوه‌ی زیاده‌ڕۆیی، وێرانكه‌ری ژینگه‌یه، به‌وپێیه‌ی ئه‌و پاشماوانەی كه فڕێده‌درێن، یان ده‌سوتێنرێن، ماده كیمیاییه زیانبه‌خشه‌كان دزه ده‌كەنه ناو ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری ناوچەکەوە، كه هه‌وا و ئاو و خاك پیس ده‌كەن، بۆیه ده‌بێت تا ده‌توانین ئه‌و مادانه كه‌مبكه‌ینه‌وه كه فڕێی ده‌ده‌ینه ناو زبڵ و خاشاكه‌كه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌بێت زبڵ و خاشاكه‌كان به شێوه‌یه‌كی چۆنایه‌تی ریز بكه‌ین، وه‌ك فڕێدانی كاغه‌ز و كارتۆن له شوێنێكی جیاواز، جگه له زبڵدانه‌كان، چونكه ئه‌و مادانه ئاسانن بۆ دووباره به‌كارهێنانه‌وه.
4-كه‌م فڕێدانی ره‌مه‌كییانەی مادده كیمیاییه مه‌ترسیداره‌كان
یه‌كێك له هه‌ڵه باو و كوشنده‌كان، بریتییه له ده‌ردانی ماده كیمیاییه‌كان كه زۆر مه‌ترسیدارن بۆ ژینگه بۆ ناو ئاوی ده‌ریا و زه‌ریا و رووباره‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌و قڕكه‌رانه‌ی كه له كشتوكاڵدا به‌كارده‌هێنرێن، پێویسته هه‌نگاوی كرداری بنێین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و شوێنانه‌ی كه گه‌ره‌نتی سه‌لامه‌تی ژینگه‌ن بۆ فڕێدانی پاشماوه‌ی تاقیگه‌كان.
5-پاراستنی چینی ئۆزۆن
چینی ئۆزۆن له تیشكی سه‌روو وەنه‌وشه‌یی زیانبه‌خشی خۆر ده‌مانپارێزێت، به‌ڵام ئێستا كاریگه‌ریی كونه ئۆزۆنه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئه‌نتاركتیكادا هه‌یه، به‌وپێیه‌ی ئه‌م كونه رێگه ده‌دات تیشكی زیانبه‌خش بگاته سەرسەرمان، ئه‌مه‌ش ره‌نگه ببێته هۆی چه‌ندین نه‌خۆشی كه چاره‌سه‌ركردنیان قورسه.
ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی دروستبوونی كونی ئۆزۆن، ئه‌و گازانه‌یە كه له ئه‌یركۆندیشن و ساردكه‌ره‌وه‌كانه‌وه دەردەچن، پێویسته ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئه‌و گازانه بدۆزینه‌وه و له دروستكردنی ئه‌یركۆندیشن و ساردكه‌ره‌وه‌دا به‌كاریان بهێنین بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن.
6-دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی سروشتی
پێویسته زیاده‌ڕۆیی خۆمان كه‌مبكه‌ینه‌وه له به‌كارهێنانی سووته‌مه‌نی سروشتی و سه‌رچاوه بەبه‌ردبووه‌كانی وزه، وه‌ك خه‌ڵوز و نه‌وت و گاز، چونكه قه‌ده‌ر وایه دره‌نگ یان زوو نه‌مێنن، هه‌روه‌ها ده‌بێت وزه‌ی كاره‌بایی دابین بكه‌ین كه زیان به ژینگه نه‌گه‌یه‌نێت، له رێگه‌ی به‌كارهێنانی گازی نیۆنه‌وه كه
66 %ی وزه‌ی كاره‌بایی دابین ده‌كات، باشتركردنی گه‌رمی ماڵه‌كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی شێوازه‌كانی گه‌رمكردنه‌وه‌مان.
7- ئاو به‌فیڕۆ مه‌ده
ئه‌و ئاوه‌ی كه رۆژانه بۆ خواردنه‌وه و خۆشوشتن به‌كاریده‌هێنین، ئاوی ژێر زه‌وییه، كه ساڵانه ئاستی كه‌مده‌بێته‌وه به‌هۆی بێباكیی زۆربه‌مانه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی درەخت و رووه‌كه‌كان تینوو ببن و له‌ناوبچن، نابێت لێره و له‌وێ ئاو به‌فیڕۆ بده‌ین، هه‌روه‌ها نابێت له كاتی شوشتنی ددان، قاپ، یان ریش تاشین، ئاو به كراوه‌یی بهێڵینه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌بێت پارێزگاری له‌و دڵۆپه ئاوانه بكه‌ین كه دزه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێل به سه‌تڵ بشۆین، به‌مه‌ش رۆژانە له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ئاوێكی زۆر پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت.
8-كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و میكانیزمانه‌ی زیان به ژینگه ده‌گه‌یه‌نن
ئه‌و پاسانه‌ی رۆژانه هاتوچۆیان پێ ده‌كه‌ین، ده‌بێت ژینگه‌دۆست بن، هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێلیش، ده‌بێت ته‌نها له‌كاتی پێویستدا به‌كاریان بهێنین و مه‌ودایه‌كی كورتیش به پێ بڕۆین.
پێویسته به‌رده‌وام په‌ستانی تایه‌كان بپشكنین، چونكه په‌یوه‌ندیی به به‌كارهێنانی سووته‌مه‌نییه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌بێت بزوێنه‌ره‌كه‌ش له كاتی وه‌ستاندا بكوژێنینه‌وه، به‌تایبه‌تی له ترافیك لایته‌كاندا، ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش. هه‌موو ئه‌م شتانه له به‌رژه‌وه‌ندیی ژینگه‌دایه.
9-پیسبوون به كه‌م مه‌زانه
نابێت زبڵ و خاشاك فڕێ بده‌ین له رێگە و شه‌قام و پاركه‌كاندا، به‌وپێیه‌ی شوێنی دیاریكراویان هه‌یه، نابێت ماده‌ی پیسكه‌ر وه‌ك رۆن و پاشماوه‌ی تاقیگه فڕێ بده‌ینه ناو ئاوی ده‌ریا، یان له سه‌یرانگاكان، ده‌بێت كیسه‌یه‌ك كه بۆ پاشماوه دیاریكراوه بخه‌ینه ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌مانەوە.
ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌مان نا، به هاوكاریی هه‌موولایه‌ك ژینگه له پیسبوون ده‌پارێزین، به دوورخستنه‌وه‌ی كارگه‌كان له به‌كارهێنانی ماده كیمیاییه‌كان كه زیان به ژینگه ده‌گه‌یه‌نن، پاراستنی چینی ئۆزۆن، به‌شداریكردن له‌گه‌ڵ كه‌رتی كشتوكاڵ به به‌كارنه‌هێنانی ئه‌و قڕكه‌رانه‌ی كه زیانیان بۆ به‌روبوومی كشتوكاڵی هه‌یه، به هه‌مان شێوه ئێمه‌ش ده‌بێت پاشماوه له‌و شوێنانه‌ی بۆی دیاریكراوه فڕێبده‌ین و وزه و ئاو پاشه‌كه‌وت بكه‌ین. نابێت پیسبوون به سووكی وه‌ربگرین، وه‌ك چۆن ژینگه دۆستی ئێمه‌یه، ئه‌ركی ئێمه‌یه بیپارێزین بۆ ئێمه و منداڵه‌كانمان و نه‌وه‌كانی دوای خۆمان.
*سه‌رۆكی رێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگه