بەشێك لە ناوبژیوانەكان هۆكاری گرژی و ئاڵۆزییەكانن

11:00 - 2024-02-20
وەرزش
87 جار خوێندراوەتەوە

كرێكار قادر روستایی


لە خولەکانی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی لە خولی نایابدا، گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبێت، زۆر جار  ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەش توند و تیژی لێكەوتۆتەوە و بۆتە هۆی دروست بوونی شەڕ لە نێوان یاریزانان و هاندەرانیشدا، زۆر جار هۆكارەكانیش ناوبژیوانان بوون، ئەوەش لەبەر ئەوەی دادپەروەر نەبوون  لەناو یاریگا دا و ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە:
-1ترساندن و چاو سووركردنەوە لەناوبژیوان، كاتێک یانەیەك بەرپرسێك پاڵپشتی ماددی و مەعنەوەی ئەو یانەیە دەكات، ئەوان گوشار لە ناوبژیوان دەكەن لەناو یاریگاداو ئەویش لەبەرژەوەندی ئەوان بڕیار دەدات.
-2  ناوبژیوانان زۆر جار دوورن لەتۆپ، ئەمە لەكاتێكدا دەبێت لە نزیكی ئەو یاریزانە بن كە تۆپ لە ژێرپێیدایە، بۆیە هەر ڕووداوێك بێتە پێش بەباشی نایبینێ و ناتوانێت بڕیارێكی دروست و دادپەروەرانە بدات.
-3 زۆر جار ناوبژیوان بەهۆی هەڵەیەكی زەقی یاریزانێك بەنموونە ڕەنگە یاریزانەكە قسەیەكی ناشیاو بكات، یان بەئیشارەت بەزمانی جەستە ئاماژەیەكی ناشیاو بكات بەكارتی سوور دەری دەكات و ڕەنگە هەڵەكە هی كارتی سوور و زەردیش نەبێت، بەڵام ناوبژیوان هەیە ناتوانێت خۆی كۆنتڕۆڵ بكات و ئەو بڕیارە دەدات، بەمەش ناوبژیوان هۆكاری یەكەمی گرژی و ئاڵۆزییەكانە،  تا دەگاتە ئەوەی دوای كۆتایی یاری هەندێك لەیاریزانەكان و هاندەرانیش هێرش بكەنە سەر ناوبژیوان و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت.
-4 ناوبژیوان نابێت بە سۆز و عاتیفە و بە قسە و هات و هاواری یاریزانەكان بڕیار بدات، یان كارتی سوور بدات یان سزای یاریزانێك بدات، هەر بڕیارێك لە ژێر كاریگەری رەفتاری یاریزانێك یان راهێنەری یانەدا بدات، ئەوە بڕیارێكی دروست و یاسایی نابێت و هەڵەیە، زۆر جار ڕووداوی لەم جۆرەمان بینیووە.
-5 ناوبژیوان ڕەنگە كێشەیەكی لەدەرەوەی یاریگە هەبێ رەنگەپێش دەستپێكردنی یاری توڕەكرابیت، بۆیە لەیارییەکەدا ناتوانێت كۆنتڕۆڵی خۆی بكات، یان ڕاهێنەرێك، یاریزانێك قسەی پێ گوتووە هەڵەیەكی بەرامبەر كردووە، ناتوانێت توڕەبوونی خۆی بخواتەوە و كۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست دەدات، كاتێک دێتە ناو یاریگا توڕەبوونی خۆی بەیاریزانێك، یان ڕاهێنەرێك دەڕێژێت و بڕیارێكی نایاسایی دەدات بەو هۆیەوە ئەوەندی تر گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبێت.
لەكۆتاییدا پێشنیارێكم بۆ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان هەیە ئەوەیش ئەوەیە، واباشە تاقیكردنەوەی جەستەی و دەروونی بۆ ناوبژیوانەكانی خولی نایابی كوردستان بكرێت ئاستیان بەرز بكرێتەوە، دەبێت لەوە دڵنیا بن كە ئەو ناوبژیوانە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادەیە ئەوسا ئەركی ناوبژیوانی پێ بسپێرن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان