هەمووان سەیری هانسی فلیك و ئەلۆنسۆ و مباپێ دەکەن

11:13 - 2024-02-27
وەرزش
100 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

ئەم وەرزە راهێنەرانی خولە بەهێزەكانی ئەوروپا هێندێكیان بڕیاری واز هێنانیان داوە، هێندێكیشیان لەسەر كەناری دوورخستنەوە یان وازهێنانن، لەگەڵ ئەمانیشدا دەنگۆی رۆیشتنی چەند ئەستێریەكی یانەكانیش لە ئارادان لە نێویاندا كلیان مباپێ، ئایا ئەو گۆڕانكارییانە نەخشەی تۆپی پێی ئەوروپا دەگۆڕێت یان نا؟.
سەرەتا با باسی راهێنەران بكەین، لە بارسیلۆنا چاڤی هێرناندێز خۆی یەكلایی كردۆتەوە و ئەم وەرزە دوا وەرزی دەبێت لەگەڵ بلوگرانا، یانەی بارسیلۆناش خەریكی چاوگێڕانە تا جێگرەوەكەی بدۆزێتەوە، تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە كە كێ جێگرەوەی چاڤییە، لەسەر مێزی هەڵبژاردنی راهێنەران ناوی زۆر راهێنەر دانراوە، لەوانە دی زێربی ئیتالی و راهێنەری یانەی یانەی برایتۆن، هانسی فلیكی ئەڵمانی، تۆماس تۆخێل و تەنانەت مۆرینهۆش ناوی هاتووە، بەڵام شارەزایانی یانەكەو رۆژنامە نووسانی نزیك لە یانەكە هەمیشە رەشبینن بەوەی بارسیلۆنا ناتوانێت راهێنەرێكی بە ئەزموون و ناوداری وەك هانس فلیك بكاتە راهێنەری یانەكە، بەڵكو پێیان وایە بارسیلۆنا بە راهێنەرێكەوە دەنیشێتەوە كە كەس چاوەڕوانی ناكات.
یانەی بایرن مونشنیش ئەمساڵ بەدەستی چاڤی ئەلۆنسۆ تاڵاوی مەرگ كراوە بەقورگیدا و چاڤی ئەلۆنسۆ و یانەی بایەر لیڤەر كوزن ئێستا بایرن مونشنیان دابەزاندۆتە پلەی دووەمی و 8 خاڵ لەپێش بایرنەوەن، ئەمەش وایكردووە تۆماس تۆخێلی راهێنەری یانەی بایرن مونشن گڵۆڵەی بكەوێتە لێژی.
لە خولی ئینگلیزیشدا لەناكاو یۆرگن كلوپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵ بڕیاری وازهێنانی لە یانەكە دا، ئەمەش بۆخۆی رووداوێكی گرنگە لەم خولەدا و تائێستاش یانەی لیڤەرپوڵ جێگرەوەی دیاریی نەكردووەو وەك دەڵێن بە نهێنی و ژێر بەژێر كار بۆ هێنانی راهێنەرێكی بە ئەزموون دەكات و باسی تۆخێل و كۆنتی لەئارادایە كە یەكێكیان رەنگە ئەو ئەركە بگرێت ئەستۆ. 
ئەگەر چی ئەمساڵ بایەر لیڤەركوزن لە باشترین بار و دۆخیدایەوە چاڤی ئەلۆنسۆی راهێنەر باشترین سەركردایەتی تیپەكەیان دەكات، بەڵام یانە بەناوبانگەكانی ئەوروپا بەنیازی ئەوەن وەرزی ئایندە چاڤی ئەلۆنسۆ ببەنە ریزەكانیان، ئەگەرچی هیچ هەواڵێكی لەم جۆرە لەئارادا نییە، بەڵام بایرن مونشن و لیڤەرپوڵ لەهەوڵی ئەوەدان قسەی لەگەڵدا بكەن و بۆ هاوینی ئایندە بیكەنە راهێنەری یانەكەیان.
لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییە چاوەڕوان نەكراوانەدا لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی یاریزانایشدا باسی مباپێ و پاریس سانجێرمان و خراپی پەیوەندی نێوان ئەم دووانە لەئارادایە.
مباپێی فەرەنسی و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان ئەم هاوینە بۆندەكەی لەگەڵ یانەكەی كۆتاییدێت، تائەم ساتەشی لەگەڵدابێت بۆندەكەی نوێ نەكردۆتەوە، لەدوای كۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی 2023-2024 ، ئیتر ئەم یاریزانە یاریزانێكی ئازاد دەبێت و بەئارەزوی خۆی دەتوانێت بچێتە یانەیەكی تر، خلیفی سەرۆكی یانە پاریسییەكەش تائەم ساتەشی لەگڵدابێت رەشبین نییە، هیوای بەوە هەیە ئەم یاریزانەو خۆی بگەنە رێككەوتن بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی.
لێرەو لەوێش باسی ئەوەدەكرێت كە گوایە ژێربەژێر مباپێ و ریاڵ مەدرید گەیشتونەتە رێككەوتن كە وەرزی ئایندە ئەم ئەستێرە فەرەنسییە ببێتە یاریزانی یانە مەدریدییەكە، تەنانەت ئەوەش دەوترێت كە هەردوولا گرێبەستەكەشیان ئیمزا كردووە و تەنیا راگەیاندنی ماوە، بەڵام ریاڵ مەدرید وەك رێزێك بۆ یانەی پاریس سانجێرمان راگەیاندنەكەی دواخستووە بۆ سەرتای هاوینی داهاتوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان