عه‌زیز یاوه‌ر
له كاتێكدا مرۆڤه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی خاوه‌ن سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندن، كاك عیماد ئه‌حمه‌د به پێچه‌وانه‌وه، له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا باسی هه‌ژاری و سه‌ختی ژیانی خۆی ده‌كات و ده‌چێته نێو كاریگه‌ریی رووداوه‌كانه‌وه و خوێنه‌ریش ده‌باته خه‌یاڵی ئه‌و ژیانه‌وه، به‌ڵام له پاڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ژیانه سه‌خته‌ش به قوتابخانه‌یه‌ك له قه‌ڵه‌م ده‌دات و ده‌یانكاته ئه‌زموونی ژیان.
ئاخۆ كێ له كاك عیمادی پرسیوه ئازاری ئوتووی كاره‌بایی گه‌رمكراوی به‌عس، له شوعبه و ژێرزه‌مینه‌كان چۆنه؟ ئه‌ی باسكردنی حه‌رامه؟ كه‌سایه‌تی كاك عیماد حەساسیه‌تی پێوه دیاره و رێگره له باسكردنی خۆی
دره‌وشانه‌وه‌ی مێژوو
كتێبه‌كه به‌ناونیشانی (دره‌وشانه‌وه‌ی مێژوو) له ساڵی 2023 چاپكراوه و كه‌وتۆته به‌رده‌ستی خوێنه‌ران و زیاتر له مه‌وسوعه‌یه‌ك ده‌چێت، تێكه‌ڵ به بیره‌وه‌ری، میژوو، ئیداره‌دان، بۆچوون و فیكر و رێكخستن.
له كتێبه‌كه‌دا جگه له بابه‌ت و رووداوه گرنگه‌كان، كه چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه هه‌ڵده‌گرن، دوو شت منیان راكێشا و به دوو شێوازی جیاواز خۆیان ده‌رخست، هه‌ردووكیشیان له هه‌مان بازنه‌ی رووداوه‌كانی نێو كتیبه‌كه‌دان:
یه‌كه‌میان (به‌ده‌ر له خزمایه‌تی)، به‌ڵكو وه‌كو وه‌فایه‌ك كاك عیماد كتێبه‌كه‌ی ده‌به‌خشێته رۆحی پاكی ره‌وانشاد مامۆستا موحسین، مامۆستای هێمن و بیركردنه‌وه‌ی قووڵ و خوێندنه‌وه‌ی نموونه‌یی رووداو و پێشهاته‌كان، كه به وردی بابه‌ته‌كانی له یه‌ك ده‌داو ئامانجه‌كانیشی ده‌خسته‌ڕوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه له كاتێكی هه‌ستیاردا ئێمه‌ی بەجێهێشت و دڵگرانی كردین، رۆحت شاد ماموستا، ئه‌و وێنانه‌ی له ژیانی رۆژانه‌تان و مێژووی سه‌ختی خه‌باتتان دروستانكرد ده‌مێننه‌وه و هه‌رگیز له بیر ناچن.
دووهه‌میان، ده‌بێ بچینه لای مامۆستا جه‌عفه‌ر و پێشه‌كییه‌كه‌ی به وردی بخوێنینه‌وه، له خوێندنه‌وه‌مدا بۆ وشه‌كانی و ده‌ربڕینی هه‌ست و بۆچوونی خۆی، مامۆستا وێنه‌یه‌كی تایبه‌تی (گریمانەیی) دروست ده‌كات و دێته به‌رچاوم و نووسینه‌كانی له بری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كان بمێننه‌وه، ده‌بنه خیتابێكی جه‌هوری و ده‌نگ ده‌داته‌وه، مامۆستا جه‌عفه‌ر بۆ یه‌كه‌مینجارە له هێمنی خۆی ده‌ربچێت و به ئاره‌زووی خۆی قسه‌بكات، به‌ڵێ دڵ و ده‌روونی پڕه‌و په‌نگی خواردۆته‌وه و قسه‌ی زۆریشی هه‌یه و زمانحاڵیشی هاوار ده‌كات و ده‌ڵێت: به‌سه... ئیتر به‌سه... تاكو كه‌ی شه‌رم، تاكو كه‌ی باسی تێكوشانی قاره‌مانه‌كان نه‌كه‌ین، تاكو كه‌ی بترسین فڵان یان فیسار بڵێن ئه‌و نووسینه ده‌چێتە قاڵبی خزمایه‌تی و هاوڕێیه‌تی و ناوچه‌گه‌ری، بۆ باسی رووداوه‌كان وه‌كو خویان نه‌كه‌ین؟ تا كه‌ی ئه‌وه‌ی عیماد ئه‌حمه‌د و قاره‌مانانی تریش كردوویانه باس نه‌كرێن؟ (ئه‌م پیاوه هیچ رابردوویه‌كی نییه وه‌كو قارچك هه‌ڵتۆقیوه، ئه‌ی بۆ خۆی یان كه‌سێك كتێبێكی له‌سه‌ر خه‌باتی نه‌نووسیووه؟)، ئه‌مه‌ی نێو كه‌وانه‌کە مامۆستا جەعفەر له لاپه‌ره 14ی پێشه‌كی كتێبه‌كه‌ی كاك عیماد-دا نووسیوێتی، بێگومان ئێمه‌ش ده‌ڵێین لێكه‌وته‌كانی ناوچه‌گه‌ری زه‌ره‌ری میلله‌ته‌كه‌مانه و قبووڵنه‌كراوه.
ئه‌شكه‌نجه‌ی نێو زیندانی به‌عس
ئاخۆ كێ له كاك عیمادی پرسیوه ئازاری ئوتووی كاره‌بایی گه‌رمكراوی به‌عس، له شوعبه و ژێرزه‌مینه‌كان چۆنه؟ ئه‌ی باسكردنی حه‌رامه؟ كه‌سایه‌تیی كاك عیماد حەساسیه‌تی پێوه دیاره و رێگره له باسكردنی خۆی، ته‌نانه‌ت خۆشی ده‌ڵێت: ره‌وانشاد مامۆستا موحسین هانی داوم بۆئه‌وه‌ی رووداوه‌كان له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی كتێبێك تۆمار بكه‌م، ئه‌مانه‌ن ماموستا جه‌عفه‌ری بێزار كردووه، كه بێته ده‌نگ هاواری ده‌كرد، هیوادارم مامۆستا جه‌عفه‌ر له بۆچوونه‌كانم دڵگران نه‌بێت، وێنه‌كه ئه‌گه‌ر ره‌مزیش بووبێت، حقیقه‌ت و راستیی تێدایه.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی باسمان كرد ببن به رێگر له نووسینی حەقیقه‌ته‌كان، ئه‌وا به‌شێك له مێژوومان له‌ناو ده‌چێت، ئه‌ی كێ باسی مه‌جید (غاندی) بكات، ئه‌گه‌ر 10 بابه‌تی بۆ براده‌رانی گه‌ڕه‌که‌كه‌شی باس كردبێت، ئه‌وا 9ی باسی له‌سه‌ر كورد بووه، (چه‌ند ساڵێك له یه‌ك گه‌ڕه‌ك بووین)، له هه‌مان گه‌ڕه‌كیش محه‌مه‌د جه‌لیل دەلۆ (خاڵوزا و میمزا)ی شه‌هید محه‌مه‌د یاوه‌ر و ئه‌حمه‌د یاوه‌ر، به به‌رده‌م قوتابیه‌كانه‌وه كه‌له‌بچه له‌ده‌ست له زیندانه‌وه ده‌یبه‌نه شوینێكی تایبه‌تی هۆڵی تاقیكردنه‌وه، گوناحه‌كه‌شی ته‌نها ئه‌وه بوو باسی مافی كوردی كردبوو بۆ گه‌نجان و هاندانیان بۆ خۆڕێكخستن، ئایا ئێستا كه‌سێك له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆی ئه‌وه ده‌زانێ تا به نموونه باسی بكات؟
پاشه‌كشه‌ی به‌عس له به‌یاننامه‌ی ئازار
كاتێك به‌عس پاشه‌كشه‌ی كرد، له به‌یاننامه‌ی ئازار و بارودۆخ گۆڕاو ده‌ستیان كرد به گرتنی خه‌ڵك، كاك مه‌لا به‌ختیار جارجار ده‌هاته یاریگای ته‌یاره‌خانه و فتبۆڵێنی ده‌كرد، هه‌ر كاتێك پۆلیسێك یان ئه‌منێك بهاتایه بۆ یاریگاكه، زوربه‌ی كه‌سه‌كان راسته‌وخۆ سه‌یری مه‌لا به‌ختیاریان ده‌كرد، بۆئه‌وه‌ی بزانن چۆن ده‌یگرن و ده‌یبه‌ن، به‌ڵام مه‌لا بەختیار ده‌یزانی چۆن خۆی رزگار ده‌كات.
كتێبه‌كه‌ی كاك عیماد شایه‌نی خوێندن و خوێندنه‌وه‌یه به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی به دوای مێژووی كورد و رووداوه سه‌خته‌كانیدا ده‌گه‌ڕێن.