كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی:

كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەربكرێت

01:10 - 2025-06-16
کوردستان
46 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازی لە دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، كرد و جەختیان لە «چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم» كردەوە.
سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، باسیان لە چۆنیەتی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان سەرۆكایەتیی كۆمار و دادگای باڵای فیدراڵی كرد بۆ بەدیهێنانی یەكگرتوویی نێوان دەسەڵاتەكان و بەهێزكردنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بەوپێیەی زامنی چارەسەركردنی هەموو ناكۆكییەكانە، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە لە «دۆزینەوەی چارەسەری یەكجاری بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چارەسەركردنی ئەم پرسە مرۆییە بەپێی دەستوور و یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی».
لای خۆیەوە، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، جێبەجێكردنی ئەركەكانی دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی دەستوور و یاسا و دەستەبەركردنی بەرژەوەندی و مافەكانی خەڵك و پتەوكردنی یەكێتیی نیشتمانی، دووپاتكردەوە و جەختیشی لە «چارەسەركردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاسا» كردەوە، هەروەها پاڵپشتی و هاوكارییەكانی سەرۆك كۆماری لە كارەكانی دادگا و رێكارە یاساییەكان، بەرزنرخاند.

راوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆمار: كۆبوونەوەكە لەچوارچێوەی هەوڵەكاندایە بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچە
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، راوێژكارێكی سەرۆكایەتیی كۆمار، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایدەگەیەنێت: كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار لەگەڵ سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، لەچوارچێوەی هەوڵەكاندایە بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
د.هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق، راشیگەیاند: سەرۆك كۆمار، داوای لە سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی كرد بەزووترین كات گرفتی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم چارەسەربكرێت و بۆ لەمەودواش پرسی مووچە تێكەڵاوی ململانێی سیاسی نەكرێت، وتیشی: سەرۆكی دادگاش پشتگیری لە بۆچوونەكانی سەرۆك كۆمار كرد و پێیوابوو پرسی قووت و ژیانی خەڵك نابێت تێكەڵ بە پرسی دیكە بكرێت، لەوڕووەشەوە هاوسۆزی خۆی نیشاندا بۆ ئەو بارودۆخەی مووچەخۆرانی هەرێم پێیدا تێدەپەڕن، بۆیە هەوڵدەدەن بە زووترین كات چارەسەری كێشەی مووچە بكرێت.
سەبارەت بە دیاریكردنی كاتێك بۆ قسەكردن لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، د.هاوڕێ تۆفیق، وتی: ئەوە زیاتر پەیوەندی بە خشتەی كۆبوونەوەكانی دادگاكەوە هەیە و كاتێك دیاریدەكەن، بەگوێرەی بەیاننامەیەكیش كە لە ماڵپەڕی دادگاكەدا بڵاوكراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوەكراوە «بۆ ئەو سكاڵایەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆماریان كردووە بۆ دەركردنی فەرمانی سالاریی بۆ خەرجكردنی مووچەكانیان، كۆبوونەوە دەكرێت». لەبەر ئەوە دادگای باڵای فیدراڵی بەزووترین كات كۆدەبێتەوە و ئەو پرسە یەكلادەكاتەوە.
هەر سەبارەت بەو پرسە، سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی وت: زانیارییمان هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبچێت.

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان