ئایا ژیریی دەستکرد لەگەڵ یەکتر یەکسانمان دەکات؟

10:18 - 2024-03-10
ئابووری
177 جار خوێندراوەتەوە
توانای ئەقلی و داهێنان و شارەزایی و کارامەیی کە کەسەکان هەیانە، ئەو جیاوازیی و جیاکارییەی نێوانیان د

فەیسەڵ عەلی


لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا، بۆ زۆرینەی ناو کۆمەڵگە ژیریی دەستکرد بۆتە ترۆپکی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا، بۆتە توخمێکی گرنگ و بنچینەیی ژیانی رۆژانە و ژینگەی کار چ لەڕێی بەکارهێنانی بە مەبەستەوە بێت یان وەک دەرئەنجامی پێشکەشکردنی لەلایەن ئەوانیترەوە، بە ئامانجی کەمکردنی هەوڵ و ماندووبوون و کات و بەرزکردنی ئاستی کوالیتی و داهێنان لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا.

ئێمە لەڕووی هزر و داهێنان و شارەزایی و کارامەییەوە بەر لە هاتنی ژیریی دەستکردیش یەکسان نەبووین، لە بوونی ژیریی دەستکردیشدا هەر یەکسان نابین

پێشکەوتنێکی کەلتوری
جیهانی ئەمڕۆ گۆڕان و پێشکەوتنێکی کەلتوری بەخۆیەوە دەبینێت، کتێب خاڵی وەرچەرخانی ئەو گۆڕانە نییە وەکو پێشتر، بەڵکو تەکنۆلۆجیا دەیجوڵێنێت، کە زۆری دەقەکانی لە دێڕێک یان وێنەیەکدا کورت کردۆتەوە، چەندین کلیکی لە یەک کلیکدا کورت کردۆتەوە، لەگەڵ ئەمەیشدا رەفتار و شێواز و رێگەی جێبەجێکردنی کار و چالاکییەکانمانی گۆڕیوە، بە دڵنیاییشەوە کاریگەریی دیاری لەسەر هزرمان و تێڕوانینمان بۆ واقیع داناوە.

ترسی زۆرینەی خەڵکی لە بێکاری
گرفتی ئەمڕۆ و ترسی زۆرینەی خەڵکی لەوەدایە، کە کار و پیشەی زۆری ئێستا لەبەردەم  هەڕەشەی لەناوچووندایە، واتە بێکاربوونی زۆربەی خەڵکی بەهۆی ئەو رۆڵەی ژیریی دەستکرد دەیگێڕێ لە بە دیجیتاڵکردن و بە مەکینەکردنی کار و پیشە و وێڕای کورتکردنەوەی رێوشوێن و پڕۆسەکانی کارکردن. هەروەها پرسیارێکی زۆر گرنگ هەیە لە لایەنی وردەکاریی کەسێکی بێ ئەویتر لە پڕۆسەی تەوزیفکردن لەم جۆرە هەرە ژیرە دێتەگۆڕێ، یان بە مانایەکی تر، هۆکاری سەرکەوتنی هەندێک بێ لەوانیتر لە چالاکییەکدا، هەرچەندە هەمووان هەمان ئامڕازی تەکنۆلۆجیا و ئاستی خوێندنیان هەیە.
لە راستییدا، ئەو ترس و پرسیارانە بەهانەی خۆی بۆ خستنەڕوویان هەیە، پێگەی (layoffs.fyi) کە بایەخ بە بەدواداچوونی دەرکردنی کرێکاران دەدات، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆجیای جیهان لە ساڵی 2022 (164769) کرێکار و لە ساڵی 2023 (235639) کرێکاریان لە کۆمپانیاکانیان بێکار کردوون.

کەسەکان چەند بە یەکسانی ئامڕاز و هۆکارەکانی بەرهەمهێنان بکەوێتە بەردەستیان، بەڵام هێشتا جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، کە شارەزایی مەعریفی و پراکتیکی و کارامەیی لەیەکتریان جودا دەکاتەوە

پرسیارێکی گرنگ
کەواتە پرسیارەکە ئەمەیە، بۆچی هەندێک لە کارمەندانی دامەزراوەکان دەردەکەن و لە بەرامبەریشدا هەندێکیان دەهێڵنەوە کە هەمان ئەرک لەناو کۆمپانیاکان جێبەجێ دەکەن؟ 
بۆ گەیشتن بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە و پرسیاری ناونیشانی ئەم نووسینە، باس لە دەرئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی دیل ئەکوا و هاوڕێ توێژەرەکانی دەکەین 
(Dell'Acqua et al 2023)، تێیدا ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ژیریی دەستکرد جیاکاری لە نێوان کارمەندان و فەرمانبەر دروست دەکات، دەرئەنجامی توێژینەوەکەیان دەریدەخات کە ئەو راوێژکارانەی بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکانیان ئامڕازەکانی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن، بە نێوەنجی بە رێژەی زیاتر لە 12.2 %  ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، ئەرکەکانیان بە خێراییەکی زیاتر لە 25.1 %  تەواو کرد، دەرئەنجامەکانیان بە رێژەی 40 %  کوالێتی بەرزتر بوو لەوانەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردیان بەکارنەهێنا.
لەبەرئەوەی کەسەکان دەرئەنجامی شارەزایی و هزرە داهێنەرەکانیان لێکدی جیاوازن، کۆمپانیا گەورەکان و بە شێوەیەکی فراوان هەوڵی راکێشانی داهێنەر و شارەزایان بۆ ناو کۆمپانیاکانیان دەدەن، تەنانەت ئەگەر هاتوو بۆیان مەیسەر نەبوو، رەنگە کۆمپانیایەکی بچوک لەبەر خاتری تەنها یەک کارمەندی ئەو کۆمپانیایە یان هەر کۆمپانیایەکی تر بکڕن، ئەمەیش بە کردەوە روویدا، کاتێک کۆمپانیای OpenAI توانی کۆمپانیا Global Illumination بکڕێت تەنها لەبەر بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکانی Thomas Dimson، کە ئەقڵی رێکخەر و بەشداربوویەکی کارای پەرەپێدانی (Instagram  ،Facebook  ، YouTube،  Google) و هیتر بوو.

جیاکاریی نێوان کەسەکان
دەکرێ بگوترێ، کەسەکان چەند بە یەکسانی ئامڕاز و هۆکارەکانی بەرهەمهێنان بکەوێتە بەردەستیان، بەڵام هێشتا جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، کە شارەزایی مەعریفی و پراکتیکی و کارامەیی لەیەکتریان جودا دەکاتەوە،  لێوەی هزری داهێنەرانە بەرهەم دەهێنێت کە لە جیاکاریی نێوان کەسەکان پشتی پێ دەبەسترێت. بۆ نموونە، لە بواری دیزاین زۆر لە هەوادارن و دڵخۆش بە ژیریی دەستکرد، لەگەڵ دەرکەوتنی ئامڕازەکانی وەک (Midjourney ، Adobe Firefly ، Microsoft Designer) داوای نەمانی پیشەی دیزاین دەکەن، ئەوەی تێبینی دەکرێت، بواری دیزاین زۆر بەهێزتر و ئاڵۆزتر و ئاستی بەرزتر بۆتەوە، بەجۆرێک بیرکردنەوەکان قوڵتر بوون و بە ئاستێکی تەواو جیاواز لە پێشوو دەرکەوتوون، کاری داهێنەرانەی بێپێشینە لێ بەرهەمهاتووە، بێگومان ئەمە هەموو دیزاینەران ناگرێتەوە، تەنها ئەوانن کە خاوەنی هزری داهێنەرانە و شارەزایی و کارامەییان هەیە و دەتوانن لێوەی پەرە بە بەرهەمهێنان بدەن، هەرچەند دەشێ هەمان ئامراز و هەلومەرج بۆ ئەوانیتریش هەڵکەوتبێت. دەشێ بگوترێ، توانای ئەقلی و داهێنان و شارەزایی و کارامەیی کە کەسەکان هەیانە، ئەو جیاوازیی و جیاکارییەی نێوانیان دروست دەکات. هەروەها هەوڵدانی بەردەوام بەرەو مەعریفە و پێوانەکردنی هەموو لایەنەکانی نوێگەرییەکان جیاکارییەکانی نێوان لێکچووەکان قوڵتر دەکاتەوە و ئاستی کەسی هەوڵدەر بە چەندین پلە بەسەر ئەوانیتردا بەرز دەکاتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی، هەندێک بۆچوونی وایە، کە ئەوە ژیریی دەستکردە کە کەسەکان  دووردەخاتەوە، بەڵام راستییەکەی، ئەوە کەسە داهێنەر و کارامە و شارەزەکانن کە بەردەوام کۆمپانیاکان بەدوایاندا وێڵن و بەرەو لای خۆیان رایان دەکێشن و دواتریش دەستبەرداریان نابن، بەمەیش  ئەمانەن کە هاوتاکانی خۆیان لە بازاڕ دەکەنە دەرەوە، نەک ئامرازەکانی ژیریی دەستکردە.

نایەکسانی ژیریی
ئێمە لە ڕووی هزر و داهێنان و شارەزایی و کارامەییەوە بەر لە هاتنی ژیریی دەستکردیش یەکسان نەبووین، لە بوونی ژیریی دەستکردیشدا هەر یەکسان نابین، پرسی یەکسانی دەرئەنجامی مانەوەیە لە ناوچەی پاڵدانەوە و پشوو کە تێیدا هەندێک خاو دەبنەوە و ئەقڵی خۆی تەسلیم بە تەکنۆلۆجیای نوێ دەکات. بەڵام ئەو پیشەو کارانەی مرۆڤ دەیانرەخسێنێت، بە کارامەیی و شارەزایی و هزری داهێنەرانە ململانێیان لەسەر دەکەن، ئەمانەن کە لە دەستپێشخەری و هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەرفەتی نوێ پشتیان پێ دەبەسترێت.

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان