رێڕەوی فۆتۆ

حیکایەتی فۆتۆ: سەرەتای وێنەگریی لە سلێمانی

09:53 - 2024-03-11
کەلتور
245 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

 
هونەری وێنەگرتن یەكێكه لەو هونەرانەی كه مرۆڤ و دەوروبەرمان بە زیندوویی دەهێڵێتەوە و خەیاڵ و هزرمان دەگەرێنێتەوە بۆ رابردوو، زۆرن ئەو كەسانەی مێژوویان نووسیوەتەوه، بەڵام وێنەكان راستییەكان دەسەلمێنن، هەر وێنەیەك شایەتحاڵێكە له سەركەسەكان و هونەر و كەلتور و جل و بەرگ و پیشە و پیشەوەران، لێرەدا دەمانەوێ باس له سەرەتای هاتنی كامێرا و وێنەگرتن بكەین لە شاری سلێمانی كە هەمیشە پیشەنگ بووە لە بڵاوکردنەوەی زانست و هونەر و داب و نەریتەكان.
بەپێی زانیارییەكان پێش شەڕی بەردەركی سەرای سلێمانی ئەم هونەرە هاتۆتە شارەکەوە.
هاتنی ئینگلیز رۆڵێكی كاریگەری هەبووە له بڵاوبوونەوەی كامێرا و وێنەگرتن لەم شارەدا، چەندین گەریدە و سەرباز وێنەی ئەو ڕۆژانەیان گرتووە كە سوپای ئینگلیز حكومڕانییان كردووە له شاری سلێمانی.
وێنەگرتن لەو سەردەمەدا زۆر تایبەت بووە، لە بۆنە و كۆبوونەوە خێزانییەكان بە جلوبەرگی كوردی و ئاڵ و واڵاوە وێنەیان دەگرت، ژنان بەسەروولاگیرەوە و پیاوان كەواوسەڵتەیان لەبەردەكرد.
هەرچەند ئەم پیشەیە بەرەو نەمان دەروات بەهۆی ئەوەشەوە زۆربەی وێنەگرەكان دوكانەكانیان كراوە بە فرۆشیاری كەل و پەل و پێداویستی رۆژانەی خەڵک و دوکانەکە هیچ ئاسەوارێكی وێنەگرتنی پێوە نەماوە، ئەو وێنەگرانەش كە هێشتا دوكانەكانیان ماوە بەشێكیان وەك خۆشەویستی بۆ كارەكانیان دوكانەكانیان هێشتۆتەوە، چونكە كاری وێنەگرتن بە شێوازی كۆن ناكرێت، ئێستا شێوازی نوێ بەكاردێنن هەمووكارەكان بە ئامێر دەكرێن نەك بەدەست.
پێشتر خەڵكی شاری سلێمانی بۆ وێنەی سەرناسنامەكانیان دەچوونە بەغدا و ئەستەمبوڵ یان وێنەیان نەدەكرد بە ناسنامەكانیانەوە، چونكە وێنەگر لە سلێمانی نەبوو، بەڵام ئەوكاتەی ئینگلیزەکان لەم شارە بون چەند وینەگرێك پەیدا بوون كە كورد نەبوون.
سەرەتا فانۆس و ئەجێ دەركەوتن كە ئەرمەنی بوون لەبەردەركی سەرا بۆ ماوەی دووساڵ وێنەیان گرتووە، دواتر دووكەسی جولەكە دەستیان بە کاری وێنەگریی کرد، یەكێکیان ناوی یەهودا بوو، دوکانەکەی لەتەنیشت مزگەوتی موفتی بەرامبەر قوتابخانەی فەیسەڵییە بوو، ئەوی تریان ناوی نوری لە حەوشی ماڵی حەسەنی دەوڵەت كە ئێستا بانکی رەشیدە  وێنەی دەگرت، لە دوای ئەم دوو وێنەگرە جولەکەیەشەوە چەندان وێنەگری كورد لە سلێمانی دەرکەوتن كە بەچركاندنی كامێراكانیان مێژووی شارەکەیان تۆماركردووە، وێنەكانیان بووە بە مێژوو.

 

بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردە، کاسۆمۆڵی ئێستا

بابەتە پەیوەندیدارەکان