له فارسییه‌وه/ جه‌واد حه‌یده‌ری
هه‌ندێك له شرۆڤه‌كاران و شاره‌زایانی سیاسی هه‌ره‌سهێنانی سۆشیالیزم له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوودا، بۆ خراپ تێگه‌یشتن و به‌هه‌ڵه لێكدانه‌وه‌ی تیۆرییه‌كانی كارل ماركس(1818-1883) ده‌گێڕنەوە، ئه‌وان رایان وایه ماركس له تیۆرییه‌كانیدا هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه ویستویانه تیۆری و بۆچوون و بیرۆكه‌كانی ماركس پیاده بكه‌ن به هه‌ڵه‌دا چوون و خراپ لێیتێگه‌یشتوون و خراپیش پراكتیزه‌یان كردووه.
ماركس و رووخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت
ئیریك هۆبس باوم
(Eric Hobsbawm) مێژووناس و مێژوونووسی به‌ریتانیایی كه خۆی له چه‌په‌كان بوو ده‌ڵێت: ماركسیزم به‌پێی هه‌لومه‌رج و دۆخی سه‌ده‌ی 19 دامه‌زراوه، ئه‌و شته‌ی كه ئێمه‌ی ماركسییه‌كان لێی ئاگادار نه‌بووین. چونكه تیۆری و بیر‌و بۆچوونه‌كانی ماركس، بیر و بۆچوونه پێشكه‌وتووه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه، ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه ریشه‌یان له بزوتنه‌وه‌ی رۆشنگه‌ری ئه‌وروپادا هه‌بوو، راستییه‌كه كه ده‌بێت هه‌موومان بیزانن.
به باوه‌ڕی ئیریك هۆبس باوم
(Eric Hobsbawm) داڕمان و لێكترازان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به تیۆریی و بۆچوون و بیرۆكه‌كانی كارل ماركسه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به شێوه‌ی جێبه‌جێكردنی دیدگا و بۆچوونه‌كانی ماركسەوە هەبوو له‌لایه‌ن به‌لشەڤییە‌كانه‌وه. به رای ئیریك هۆبس باوم (Eric Hobsbawm) ئه‌وه‌ی ماركس نووسیویه‌تی، یان وتوویه‌تی، تێگه‌یشتنی خۆیه‌تی له سه‌رمایه‌داری سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م،چونكه له‌و كاته‌دا ئه‌و بابه‌تانه، بابه‌تی سه‌رده‌م و رۆژ بوون.
هێشتا لای هه‌ندێك، جیهان نه‌گۆڕاوه
جیهان له‌سه‌ده‌ی بیستەمدا گۆڕا، به‌ڵام هه‌ندێك له شوێنكه‌وتووانی دوگماتیزمی ماركس، هێشتا به‌رده‌وام قسه‌كانی ئه‌و سه‌باره‌ت به دۆخی سه‌ده‌ی 19 دا دووباره ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یانه‌وێ له سه‌ده‌ی 21 دا به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن و جێبه‌جێی بكه‌ن. له‌م باره‌یه‌وه هیچ ره‌خنه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی ماركس نابێته‌وه، چونكه روانینی ماركسه بۆ سه‌ده‌ی 19یه‌مه، ده‌بێت ره‌خنه رووبه‌ڕووی ئه‌و شوێنكه‌وتووانه‌ی ماركس بكرێته‌وه كه جیاوازی زه‌مه‌ن و زه‌مان له‌به‌رچاو ناگرن و نازانن كه زه‌مه‌ن گۆڕاوه. هه‌ر بۆیه ماركسییه ئۆرتۆدۆكسییه‌كان، نووسینه‌كانی سه‌ده‌ی 19 ی ماركس ده‌خوێنه‌وه و ده‌یانه‌وێت له سه‌ده‌ی 21 دا به‌كاری بهێنن.
به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كه‌ی ئیریك هۆبس باوم، كه‌سانێكی دیكه‌ی وه‌ك دانیل چیرۆت (Daniel Chirot) راسته‌وخۆ هۆكاری سه‌ره‌كی داڕمانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت بۆ ئایدیۆلۆژیا و یۆتوپیای ماركسیستی ده‌گێڕنه‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت: ته‌نها كێشه ئابوورییه‌كان بۆ داڕمانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت به‌س نییه، چونكه له‌وێ سه‌ركه‌وتینێكی زۆریش به‌ده‌ستهاتبوو، له‌بواری سه‌ربازییشدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه دیبوو. گه‌لانی وڵاتانی بلۆكی خۆرهه‌ڵات له‌باری زانست و خوێندن خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌رز بوون.
چیرۆت باس له‌وه‌ش ده‌كات، راسته پێگه‌ی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا له چاو ئیمكانیات و خۆشگوزه‌رانی له وڵاتانی خۆرئاوای ئه‌وروپا كه‌متر بوو، به‌ڵام خۆ هاوكاتیش وڵاتانی گه‌نده‌ڵ و هه‌ژار، نایه‌كسان و نادادپه‌روه‌ر له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌بوون كه له وڵاتانی بلۆكی خۆرهه‌ڵات كه‌متر نه‌بوون، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی وڵاتانی كۆمۆنیستی به‌بێ هیچ به‌رگرییه‌ك داڕمان و رووخان؟ چیرۆت هه‌ر خۆیشی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: راسته هه‌رچه‌ند دۆخی خه‌ڵك له وڵاتانی بلۆكی خۆرهه‌ڵات له‌باری خوێندنی باڵاوه به‌رزبووه و ئایدیۆلۆژیا و یوتوپیای سۆشیالیزم و به تایبه‌تی ماركسیزم، بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاتانه بوو، به‌ڵام بایه‌خ و ئیعتباری خۆی له‌ده‌ستدا بوو، هه‌موو به‌ڵێنه‌كان بێ بنه‌ما و به‌تاڵ بوون، به دڵنیاییه‌وه ستالین و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت ئه‌مه‌یان به باشی ده‌زانی، بۆیه په‌نایان برده به‌ر درۆكردن و فریودان، ئه‌گه‌ر وایان نه‌كردبوایه ئه‌وه مه‌شروعییه‌تی سۆشیالیزم ده‌کەوته ژێر پرسیاره‌وه.
دانیل چیرۆت باس له‌وه‌ش ده‌كات كه له ساڵی 1920 وه ئیتر له وڵاتانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت درۆ له‌سه‌ر درۆ كه‌ڵه‌كه ده‌بوو ، مه‌ودای نێوان راستییه‌كان و به‌ڵێنه‌كان رۆژ له دوای رۆژ زیاتر ده‌بوو، ئه‌مه‌ش له ئیعتیباری كۆمه‌ڵگه‌ی كۆمۆنیستی كه‌مده‌كرده‌وه. له وڵاتانی جیهانی سێیه‌میشدا كه وڵاتان مه‌یلیان بۆ لای ئایدۆلۆژیای سۆشیالیستی هه‌بوو، ورده ورده تێگه‌یشتن كه شێوه‌ی پێهكاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و گه‌شه و پێشكه‌وتن له‌ناو وڵاتانی بلۆكی خۆرئاوا زیاتر و خێراتره. هه‌ر بۆیه نه‌ك ته‌نها له وڵاتانی سۆسیالیستی به‌ڵكو له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان ته‌وه‌همی سه‌باره‌ت به سۆشیالیزم له‌ناو چوو و ئه‌و حزبانه‌ی كه له وڵاتانی خۆرئاوایی باسیان له سۆشیالیزم ده‌كرد ته‌نها قسه بوو و خۆیان له‌ناو بازنه‌ی قسه‌دا قه‌تیس كردبوو.
له نه‌بوونی ئایدیۆلۆژیای چه‌پ، په‌ره‌سه‌ندنی بێ هیوایی و نائومێدی روشنبیرانی خۆرئاوایی به‌ره‌و بزوتنه‌وه ژینگه و ژینگه‌پارێزییه‌كان مه‌یلیان په‌یدا كرد و له ناو جیهانی ئیسلامیشدا به‌ره‌و بزوتنه‌وه تووندڕه‌وی و بونیادگه‌رایی چوون.
ماركس كاریگه‌ری زۆره له سۆشیال دیموكرات
مایكل مان(Mann Michael) مامۆستای زانكۆ له كالیفۆڕنیای ئه‌مریكا پێی وایه ئه‌گه‌ر سۆشیالیزم به سێ جۆری، یه‌كه‌م رووسی و چینی، دووه‌م جیهانی سێهه‌می، سێهه‌میش به‌جۆریك له جۆری سۆسیال دیموكراسیی ببینین، بۆمان ده‌ركه‌وت كه قسه‌كه‌ی كه هه‌موو بۆچوون و بیرۆكه و تیۆرییه‌كانی ماركس نادروست نه‌بوون، چونكه هه‌ندێك له بۆچوونه‌كانی به‌هۆی خراپ جێبه‌جێكردنه‌وه و هه‌ندێكیشیان به‌هۆی هه‌مواركردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی ماركس له‌لایه‌ن كه‌سانێكی دیكه‌وه شكستی هێنا، به‌ڵام به‌شێكی سه‌ركه‌وتوو له بیرۆكه‌كانی ماركس كه له وڵاتانی ئەسكەندناڤی كه به‌شێوه‌ی سۆشیال دیموكرات ده‌ركه‌وتووه، ناتوانین له بیرۆكه‌كانی ماركسیان جیا بكه‌ینه‌وه.
ماركس سه‌ره‌تا خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی یه‌كسانی بۆ ئایدیۆلۆژیا نه‌بوو، ئه‌وه سه‌ره‌تا ئایدیۆلۆژیای به شتێكی نه‌رێنی وه‌سف ده‌كرد، ئه‌و پێی وا بوو كه ئایدیۆلۆژیا بۆ چینی ده‌سه‌ڵاته، یانی چینی بورژوا، ئه‌و چینه‌ی كه بۆ پاساوهێنانه‌وه بۆ نایه‌كسانییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌دژی چینه‌كانی دیكه سوودی لێوه‌رده‌گرن. به‌ڵام شوێنكه‌وتوانی ماركس تێگه‌یشتنێكی جیاوازیان له ئایدیۆلۆژیا هه‌یه.
سۆسیال دیموكرات به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كه‌ی مایكل مان ناتوانێت گوزارشتێكی دیكه‌ی ماركسیزم بێت، چونكه سۆسیال دیموكرات تێكه‌ڵەیەكه له دید و بۆچوونی ماركس و لیبراڵ دیموكراسی. ئه‌مه له كاتێكدایه له روانگه‌ی ماركسه‌وه، سه‌رمایه‌داری و حكومه‌تی لیبراڵ دیموكرات له‌یه‌كتر جیاناكرێنه‌وه. سۆشیالیسته‌كان هه‌رگیز نه‌یانتوانی خۆیان له‌گه‌ڵ لیبرالیزمه‌كان كه باسیان له ئازادی تاكه‌كان ده‌كرد بگونجێنن. دیكتاتۆری كرێكاران له‌ژێر ئاڵای حكومه‌تی تاك حزبی كۆمۆنیستی پێناسه ده‌كرێن، چونكه ئه‌وان لیبرالیزم و ئازادییه تاكییه‌كان به تۆمه‌تی دیموكراسی بورژوازی به نه‌یار و دوژمنی خۆیان ده‌زانن. رۆژا لۆكزامبۆرگ پێی وا بوو كه دیكتاتۆرییه‌تی كرێكاران باشتره له دیموكراسی سه‌رمایه‌داری، هه‌ر بۆیه ئه‌و دژی شۆڕش بوو و پێی باشتر بوو كه مانگرتنی جه‌ماوه‌ری ده‌ستپێبكات.
كۆمه‌ڵگه‌ی بێ چین و جه‌ماوه‌ری خوێنسارد
هانا ئارنێت (1906 - 1975) پێی وابوو كه نازیسم له ئه‌ڵمانیا و ستالینیزم له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، دوو نموونه‌ی حكومه‌تی پاوانخوازی ته‌واو و تۆتالیتاریزمی سه‌ده‌ی بیستن. ئه‌و پێی وا بوو نازیسم و ستالینیزم بۆی ئه‌وه بتوانن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا زاڵ بن، هاتوون چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یان بێ ئیراده كردووه به شێوه‌یه‌ك كه جه‌ماوه‌ر سه‌باره‌ت به هه‌موو شت خوێنسارد بێت و گوێ به هیچ شتێك نه‌دا. ئارێنت به‌و دیارده‌یه ده‌ڵێت كۆمه‌ڵگه‌ی بێ چین. به‌ڵام به بێ پشتیوانی و پشتگیری جه‌ماوه‌ر و چینه و توێژه‌كان هیتله‌ر و ستالین نه‌یانده‌توانی به پشتبه‌ستن به سه‌ركه‌وت و تیرۆر درێژه به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیان بده‌ن.
ئایدیۆلۆژیا وه‌ك چاویلكه‌یه‌ك وایه كه مرۆڤ جیهانی راسته‌قینه به ره‌نگێكی دیكه ده‌بێنێت، راستییه‌كان له به‌رامبه‌ر گریمانه ئایدیۆلۆژییه‌كان كاڵ ده‌بێته‌وه و تێدا ده‌چێت، له‌وه‌ها دۆخێك‌دا مرۆڤ پاساو بۆ راستی و ناڕاستی و هه‌ڵه‌كانی خۆی ده‌هێنێته‌وه، چونكه ئایدیۆلۆژی له‌مپه‌رێكی گه‌وره‌یه له‌به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی فیكریدا، به تایبه‌تی له بواری مه‌زهه‌ب و سیاسه‌تدا مرۆڤ ده‌توانێت ببێته كۆیله‌ی ئایدیۆلۆژیای خۆی، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ما زانست و عه‌قڵ و ئه‌خلاق، پشت به ئه‌و سیستم و رێباز ساختانه ده‌به‌ستێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی راستی و ناڕاستی به‌هاكان، هه‌ر بۆیه تووشی هه‌ڵه ده‌بێت و زیان به خۆی و ئه‌وانی تریش ده‌گه‌یه‌نێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی ئازاری ویژدان بێت.
مرۆڤ به چاویلكه‌ی ئایدیۆلۆژیاوه دیارده و شته‌كان به سپی یان ره‌ش ده‌بینێت، یه‌ك دیارده باشه یان خراپ، جوانه یان ناشیرین، هه‌موو شته‌كان یان سفره یان سه‌ده، ئیتر په‌نجایه‌ك له ئارادا نییه. لێره‌دا مرۆڤه‌كان یا باشن یان خراپ، چاك و خراپی مرۆڤه‌كانیش ئایدیۆلۆژییه‌كان دیاریده‌كه‌ن، بۆیه ماركس پێوایه كه سۆزی ئایینی و سۆزی مه‌زهه‌بی ئه‌نجامی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه كه مه‌زهه‌ب و ئایین رۆماڵی ده‌كه‌ن و پێیانوایه كه ناخۆشییه‌كان و به‌ڵاكان هه‌موویان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی مرۆڤه له‌م جیهانه‌دا و به هه‌ژاران و نه‌داران و لێقه‌وماوان و غه‌درلێكراوه‌كان به‌ڵێنی ده‌دات كه له‌و جیهانه‌ی دیكه‌دا عه‌داله‌ت و یه‌كسانی دێته‌دی.
سه‌رچاوه:
كتاب، چرا شوروی فرو پاشید، نوشته كازم علمداری