کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد
گوندی چۆڵمه‌ك یەکێکە لە گوندە دێرین و ئاوەدانەکانی قەزای بازیان، له‌ڕووی جوگرافییه‌وه ده‌که‌وێته خۆرئاوای بازیان (10,5کم) له ناوه‌ندی قه‌زای بازیان و (7کم) له رێگەی گشتی سلێمانی – که‌رکوك دووره، به بناری شاخی بازیانه‌وه هه‌ڵکه‌وتووه، سنووری له‌گه‌ڵ گونده‌کانی (مۆرتکه، هه‌یاسی، ده‌رگه‌زێنی هه‌مه‌وه‌ند، ده‌رگه‌زێنی بابه‌عه‌لی، ئۆڵوبڵاغ و ساتیار)دا هه‌یه.
واتای ناوی چۆڵمەك
دوو بۆچوون له‌سه‌ر واتای ناوی ئه‌م گونده هه‌یه:
بۆچوونی یه‌که‌م: له وشه‌ی (چۆڵی مه‌که)ه‌وه هاتووه، چونکه زۆرجار ئەم گوندە چۆڵکراوه و که‌سی تیادا نه‌ماوه و دانیشتوانه‌که‌ی چوونه‌ته جێگه‌ی دیکه، بۆیه وتوویانه (چۆڵی مه‌که‌ن)، ئه‌م وشه‌یه بووه‌ته ناو بۆ گونده‌که.
بۆچوونی دووه‌م: له ناوی گوندی (چۆڵه‌کی) خۆرهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه هاتووه، چونکه به‌شێك له دانیشتوانی ڕه‌سه‌نی ئه‌م گونده له هۆزی که‌لهوڕن و کاتی خۆی له چۆڵه‌که‌وه هاتوون.
جگه له‌م دوو بۆچوونه ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین که هۆزێکی کوردی کاکه‌یی هه‌یه به ناوی چۆڵمه‌ك که له سه‌رده‌مێکدا بوون به سوننی مه‌زهه‌ب، پێده‌چێت ناوی ئه‌م گونده له ناوی ئه‌و هۆزه‌وه هاتبێت که به‌شێکیان نیشته‌جێی ئه‌م گونده‌ن، یان به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و هۆزه ناوی له گونده‌که‌وه وه‌رگرتبێت له‌به‌رئه‌وه‌ی دانیشتووی ئه‌و گونده بوون.
مێژوویەکی کورتی چۆڵمەك
مێژووی ئاوه‌دانی له‌م گونده زۆر دێرینه، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه بوونی چه‌ندین گۆڕستانه له گونده‌که و ده‌وروبه‌ری که مێژووی هه‌ندێکیان بۆ سه‌رده‌مانێکی زۆر کۆن ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
دانیشتوانی ئه‌م گونده به هۆکاری کاره‌ساتی مرۆیی و سروشتی زۆر جار شوێنی خۆیان چۆڵکردووه و چوونه‌ته جێگه‌ی دیکه، بۆ نموونه سه‌رده‌مانێك ئه‌م گونده له: که‌ڵه‌کاوی، ئه‌شکه‌وته‌ڕه‌ش و چۆڵمه‌که بچکۆله بووه، دواهه‌مین جار له ساتیار بوون له‌ده‌وروبه‌ری سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست که (70– 80) ماڵ بوون، وه‌ك باسده‌کرێت له‌و سه‌رده‌مه‌دا که له ساتیار بوون به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی تاعونه‌وه زۆربه‌ی خه‌ڵکی گونده‌که له‌ناوچوون و ته‌نها سێ خێزان ماونه‌ته‌وه، له‌م سێ خێزانه‌ش ته‌نها پێنج که‌س ڕزگاریان بووه، ئه‌م پێنج که‌سه ساتیاریان جێهێشتووه و هاتوون بۆ شوێنی چۆڵمه‌کی ئێستا و ئاوه‌دانیان کردووه‌ته‌وه، ئه‌م پێنج که‌سه له سێ بنه‌ماڵه‌ی جیاواز بوون، بریتی بوون له: مام ئه‌وڕه‌حمان و کچێکی که کاکه‌یی بوون، حه‌مه‌فه‌رهاد که که‌ڵهوڕ بووه و شێخه‌وڵای گه‌وره و کچێکی، ئه‌م پێنج که‌سه پێکه‌وه خانوویه‌کیان دروستکردووه و تیایدا ژیاون، ئێستا به‌و شوێنه ده‌وترێت شێخ محه‌مه‌د، له نه‌وه‌ی ئه‌مانه هه‌رسێ بنه‌ماڵه‌که‌ی چۆڵمه‌ك که‌وتوونه‌ته‌وه که بریتین له: که‌ڵهوڕ و شێخ و کاکه‌یی.
ساڵی (1932) حکومه‌ت چۆڵمه‌كی داوه به شێخ مه‌حمودی حه‌فید که داهاته‌که‌ی بۆ ئه‌و بێت، بۆیه باباعه‌لی کوڕی شێخ مه‌حمود سه‌رپه‌رشتی زه‌وییه‌کانی کردووه، ساڵانی شه‌ستی سه‌ده‌ی رابردوو ئه‌م گونده گه‌شه‌کردنێکی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه و به‌رفراوان بووه، چه‌ندین خێزان له گونده‌کانی ده‌وروبه‌ر و شوێنی دیکه‌وه هاتوون و له‌م گونده نیشته‌جێ بوون، ژمارەی ماڵەکانی گه‌یشتووه‌ته (81) ماڵ.
باری ئابووری
ئه‌م گونده سه‌ر به که‌رتی (24)ی چۆڵمه‌کی کشتوکاڵییه، ڕووبه‌ری زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی ئه‌م که‌رته (1532,24) دۆنمه، (1299,24) دۆنمی دێمه و (233) دۆنمی به‌راوه، (2633) دۆنم زه‌وی شاخاوی هه‌یه.
بژێویی دانیشتوانه‌که‌ی له‌سه‌ر کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارییه، گه‌نم و جۆ و توتن و مه‌ره‌زه زۆر کراوه، به هۆی به پیتی خاکه‌که‌ی و بوونی سه‌رچاوه‌ی ئاوی باشه‌وه ئێستاش کشتوکاڵ ده‌کرێت، سه‌رچاوه‌ی ئاوی ئه‌م گونده بریتییه له چه‌ند کانییەك، سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌د حکومه‌ت پرۆژه‌ی ئاوی له‌سه‌ر حه‌وزی پیاوان ئه‌نجامداوه که تائێستاش ژماره‌یه‌ك ماڵ سوودی لێ وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها له ناوه‌ڕاستی ساڵانی (2000) پرۆژه‌ی ئاودێری بۆ ئه‌نجامدراوه له‌سه‌ر چه‌می گوند و سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌هۆی زۆریی ئاوی کانی و سه‌رچاوه‌کانه‌وه دوو ئاشی ئاو له‌م گونده دانراون، ئاشی بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌کان، ئاشه‌که‌ی مام عه‌زیز ناسراو بوو به (ئاشه‌که‌ی باوکی عه‌زه).
بواری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی
ساڵانی شه‌ستی سه‌ده‌ی ڕابردوو قوتابخانه‌ی تیادا کراوه‌ته‌وه، له‌سه‌ره‌تادا ته‌نها مامۆستا ئه‌حمه‌ده فه‌نی لێبووه پاشان چه‌ند مامۆستایه‌کی دیکه وه‌ك: مامۆستا ساڵح و مامۆستا ره‌فیق هاتوون، له قوتابییه‌کانی ساڵانی سه‌ره‌تا وه‌ك: ره‌فیقی حاجی ڕه‌شید، حاجی واحید و گوڵچین...، ساڵانی (2000) سه‌رله‌نوێ قوتابخانه کرایه‌وه و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بینای بۆ دروستکرد، له مامۆستاکانی وه‌ك: رزگار و سیروان...، ئه‌م قوتابخانه‌یه چه‌ند ساڵێك هه‌بووه و له‌ئێستادا داخراوه، مزگه‌وت له کۆنه‌وه هه‌بووه، ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردوو مزگه‌وتێکی تازه‌ی تیادا دروستکرا، ساڵی (2007) مزگه‌وتێکی نوێ دروستکرایەوە، چه‌ند مامۆستایه‌کی ئایینیی لێبووه، وه‌ك (شێخ غه‌فور که خه‌ڵکی گونده‌که بووه و مه‌لای فه‌رمی بووه، عه‌بدوڵڵا دزه‌یی و شێخ ئیسماعیل...)، سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتا پرۆژه‌ی کاره‌بای نیشتمانی بۆ ئه‌نجامدراوه، ساڵی (2009) کاره‌بای نیشتمانی گه‌یه‌ندرایه‌وه گوند،
حاجی ڕه‌زا له‌م گونده دکتۆرێکی میللی و جه‌ڕاحێکی شاره‌زا بووه، بۆ چاره‌سه‌رکردن رووه‌ك و گیای سروشتی به‌کارده‌هێنا و ده‌رمانی لێ دروستده‌کردن، له موختاره‌کانی چۆڵمه‌ك: مام ئه‌وڕه‌حمان، کوێخا مه‌حمود، عه‌بدوڵڵا ره‌ئوف، قاسم عابد تاهیر و حه‌مه‌ڕه‌شید تاهیر لە ئێستاشدا صابر ئەحمەد موختارە.
شۆڕش و کارەساتەکان
له کۆڕی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تیدا خه‌ڵکی ئه‌م گونده پشتگیری و به‌شداری شۆڕشه‌کانی کوردستانیان کردووه و گونده‌که بۆته شوێنی مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و چه‌ندین پێشمه‌رگه‌یان له شۆڕشه‌کانی کوردستاندا هه‌بووه، هەربۆیە له‌لایه‌ن سوپای حکومه‌ته‌کانی عیراقه‌وه چه‌ند جارێك هێرشی کراوه‌ته سه‌ر، ساڵی (1963) هێزی (حه‌ره‌س قه‌ومی) گونده‌که‌یان تاڵان کردووه و سوتاندویانه.
بۆ دواهه‌مین جار له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی (1987) حکومه‌تی عیراق گونده‌که‌ی ڕووخاند و خه‌ڵکه‌که‌ی راگواست بۆ ئۆردووگا زۆره‌ملێکان، له دوای ساڵی (1974) چه‌ند بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی (ڕه‌بایه) له سه‌ر شاخی پشتی چۆڵمه‌ك هه‌بووه تا کاتی راپه‌ڕینی ساڵی (1991).
ساڵی (1957) ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م گونده (198) که‌س بووه و ساڵی (1987) و پێش ڕووخاندنی گونده‌که (67) خێزانی تیادا نیشته‌جێ بووه که ژماره‌یان (351) که‌س بووه، له کۆتایی ساڵانی نه‌وه‌دی سەدەی رابردوودا ئاوه‌دانکرایەوە، له‌ئێستادا پێنج خێزانی تیادا نیشته‌جێیه که ژماره‌یان (25) که‌سه، پرۆژه خزمەتگوزارییەکانی ئاو، ئاودێری، کاره‌بای نیشتمانی و مزگه‌وتی هه‌یه.
• سەرچاوە/
• کتێبی بازیان مێژوو و گەشەسەندنی، نووسینی: کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد.
• چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا دارا مه‌حمود حه‌مه‌ساڵح.