فراکسیۆنی یەکێتی بۆ سودانی: پەلە بکرێت لەچارەسەری کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم

10:26 - 2024-03-25
کوردستان
161 جار خوێندراوەتەوە

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەئامادەبوونی وەزیرانی داد و ژینگە، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراقدا كۆبووەوە. 
لە كۆبوونەوەكەدا كە لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، فراكسیۆنی یەكێتی چەند پرسێكی گرنگی پەیوەست بەژیانی خەڵك و ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیران كرد. 
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆك مام جەلال و خەباتی بۆ هێنانەدی ئازادی لە عیراق و بنیادنانەوەی وڵاتەكە و قووڵكردنەوەی تەبایی پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتەكاندا كرد، راشیگەیاند: "یەكێتی هاوبەشێكی سەرەكی حكومەتی ئێستای عیراقە و هەڵوێستی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەمیشە جێگای رێزە و درێژكراوەی سیاسەتی سەرۆك مام جەلالە". 
هەروەك سەرۆك وەزیران بەوردی كار و هەنگاوەكانی حكومەتەكەی خستەڕوو، بەتایبەتی ئەو پرس و كێشانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە، كە هەنگاوی دڵخۆشكەری نێردراون. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پشتیوانی یەكێتی وەك هاوبەشێكی سەرەكی بۆ حكومەتەكەی سودانی دووپاتكردەوە، بەتایبەت لە چارەسەركردنی كێشەكان و خزمەتكردنی خەڵكدا.
بەپێی راپۆرتی PUKmedia، لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە قەیرانی مووچە، فراكسیۆنی یەكێتی، وێڕای سوپاسكردنی سەرۆك وەزیران بۆ پەرۆشیان بۆ چارەسەر كردنی كێشەكە، داوای كرد پەلە بكرێت لە تەواوكردنی هەنگاوەكانی تر بۆ چارەسەركردنی ریشەیی كێشەكە، كە خەڵكی كوردستانی تووشی نەهامەتییەكی گەورە كردووەتەوە، هەروەك داواشی كرد، پڕۆسەی تەوتین و ئەژماری بانكی چارەسەر بكرێت، لە بەرامبەردا سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە، حكومەتەكەی خۆی بەرپرسیار دەزانێت لە دابینكردنی مووچە بۆ هەموو هاووڵاتیانی عیراق بەبێ جیاوازی و دڵنیایی دا كێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ دەزگا ئەمنییەكان چارەسەركراوە و هەنگاوەكانیش بۆ تەوتینی مووچە و هەژماری بانكی روو لەچارەسەرن. 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنی یەكێتی هەڵوێستی یەكێتی دووپاتكردەوە، كە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت. لە بەرامبەریشدا سەرۆك وەزیران روونیكردەوە، حكومەتەكەی ئەركی لە دابینكردنی بودجەی هەڵبژاردن و هاندان و هاوكاری كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان جێبەجێكردووە و لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت. 
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، فراكسیۆنی یەكێتی جەختی لە تەواوكردنی رێكارە دەستوورییەكان كردەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك، ستایشی رۆڵی سەرۆك وەزیرانیان كرد، بۆ نزیک كردنەوەی پێكهاتە و لایەنە براوەكانی پارێزگاكە بەئاڕاستەی سازان. 

سەبارەت بە سەروەری خاك و ئاسمانی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی ناوچە سنوورییەكان، فراكسیۆنی یەكێتی داوای كرد، حكومەتی ئیتحادی هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە تا لە رێگای كەناڵە دیپلۆماتییەكانەوە چارەسەری بكات.
هەروەها داواكرا سەرۆك وەزیران هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لەمبارەیەوە سەرۆكوەزیران رایگەیاند: "لەگەڵ توركیادا گفتوگۆ دەكەن و هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن". 
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران گوێیبیستی ئەو داواكارییانە بوو، كە لە لایەن سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتییەوە خرانەڕوو، لەوانە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی دهۆك و ناوچەكانی تری كوردستان و دوكاندار و كاسبكارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر و گواستنەوەی مووچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی ئیتحادی و داننان بە زانكۆی گەرمیان و چەرمو و راپەرین لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ئیتحادی و راگرتنی پڕۆژەی تەلبەندكردنی ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران و ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خانەقین و خورماتوو، هەروەها پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ و دامەزراندنی سەندوقی ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە و گرنگیدان بە هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی تاوانی ئەنفال و كردنەوەی كۆلێژی كشتوكاڵ لە قەڵادزێ و داواكاری رەوای ناوچەكانی شەنگال و خوشك و برایانی ئێزدی و مەخمور و ژمارەیەك داخوازی تر. 
سەرۆك وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان فراكسیۆنی یەكێتی و نووسینگەی سەرۆك وەزیران بەپەلە پێكبهێنرێت بۆ جیاكردنەوە و جێبەجێكردنی داواكارییەكان، كە بەشێوەی نووسراوی رەسمی ئاڕاستەكراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان