لەبارەی هێرشکردنەسەر کێڵگەی کۆرمۆر، فراکسیونی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە:
پەلاماردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەتوندی ئیدانە دەکەین، کە بەهۆیەوە سێ کارمەند گیانیان لەدەستداو و سێی تریش بریندار بوون و بووە هۆی زیانی مادی و راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز و کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی.
ئەم پەلامارە تیرۆریستیە کە بەدوو درۆن ئەنجامدراوە، بەمەرامی تێکدانی ئارامی و ئاسایش و زیانگەیاندنە بە سامانی نیشتمانیی وەک غاز.
ئەنجامدەرانی ئەم پەلامارە دەبێت بزانن، ئازایەتیان نەنواندوە و چالاکیان ئەنجام نەداوە، بەڵکو تەنها سەڵماندویانە تاوانبار و ترسنۆک و دوژمنی گەلی کوردستانن.
حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێویستە بە ئەرکی خۆیان هەستن و لەئاست ئەم تاوانەدا بێدەنگ نەبن و لێکۆلینەوەی راستەقینە بکەن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ چەندبارە نەبوونەوەی.
ئێمەش لە فراکسیۆنی یەکێتی هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ و بەردەوام دەبین تا بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا دەکرێن و رووبەروی یاسا دەکرێنەوەو دڵنیایی دەدەرێت لە روونەدانەوەی ئەمجۆرە پەلامارانە.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق