مەكتەبی سكرتاریەت سەردانی ژمارەیەك مامۆستا و زانای ئاینی كرد

09:53 - 2024-03-26
کوردستان
107 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، مەكتەبی سكرتاریەت لە سلێمانی سەردانی چەند مامۆستا و زانایەكی ئاینی كرد.
مەكتەبی سكرتاریەت سەردانی هەریەك لە مامۆستایان (عەبدوڵڵا محەمەد، زاهیر عەبدولڕەزاق، نەجمەدین وادی)ی كرد و لەنزیكەوە لە تەندروستییانی پرسی و هیوای سەلامەتی و لەشساغی بۆ خواستن.
مەكتەبی سكرتاریەت بەگرنگییەوە باسی لە رۆڵ و پێگەی ئەرێنی زانایان و مامۆستایانی ئاینی لە پەرەپێدانی كاری چاكە و میانڕەوی و كەلتوری پێكەوەژیان و پاراستنی بەها پیرۆزەكان و كۆمەڵایەتییەكان لە كۆمەڵگەی كوردی، كرد و دووپاتیانكردەوە كە لەسەر هەمان رێچكەی سەرۆك مام جەلال بەردەوام دەبین، چۆن لە رابردوودا سەرۆك مام جەلال بەگرنگییەوە لە رۆڵی مامۆستایانی ئاینی دەڕوانی و لەنزیكەوە لەگەڵیاندا دەبوو، لە ئێستا و داهاتووشدا بەهەمان سیاسەت و پرەنسیپ كاردەكەین بۆ بنیادنانەوەی رایەڵەیەكی پتەوتر لەپێناوی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوانمان و مامۆستا و زانایانی ئاینی و بە پێزانینیشەوە هەر هەنگاوێك لە خزمەتی ئەو ئامانجەدا بێت، دەیگرینەبەر.
لای خۆیانەوە، مامۆستایانی ئاینی، باسیان لە رۆحیەتی سەرۆك مام جەلال كرد كە دۆستی نزیكی ‌هەمووان بوو، ئێستاش خۆشحاڵین كە یەكێتی ئەمڕۆ لەسەر هەمان شاڕێی سیاسەتە حەكیمانەكەی سەرۆك مام جەلال، درێژە بە خەبات دەدات و لەگەڵ دەستەبژێر و چین و توێژەكان و نوخبەكانی وڵاتدا دۆستی نزیكە و ئاوڕیشیان لێدەداتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان