״عیراق كار بۆ دروستكردنی دوو بەنداو دەكات״

11:26 - 2024-03-26
عیراق
114 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەمیانەی پێشوازیكردنی لە محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عیراق، رایگەیاند: عیراق كار بۆ بنیاتنانی دوو بەنداو دەكات لەپێناوی رێكخستنی بەكاربردن و سوودوەرگرتن لە باران.
لە دیدارەكەدا، كە دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندیی قووڵی نێوان عیراق و ئێران كرا و گرنگی فراوانكردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە بواری هاریكاری دووقۆڵی دووپاتكرایەوە، بەجۆرێك لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دراوسێ و گەلانی تەواوی ناوچەكەدا بێت. وتیشی: عیراق چاوی لە هاریكاریی زیاتر و سوودوەرگرتنە لە شارەزایی و ئەزموونەكان، بەتایبەتی لەبواری دروستكردنی بەنداو و بەڕێوەبردنی ئاو. «كاردەكرێت بۆ دروستكردنی دوو بەنداو بۆ سوودوەرگرتن لە بڕی بارانبارین و رێكخستنی بەكارهێنانی ئاو».
سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە، دیداری لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران لە پەراوێزی حەوتەمین لوتكەی كۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەكاری غاز لە جەزائیر، بەرهەمداربووە بۆ گرتنەبەری ستراتیژێك، كە هاوسەنگی لەنێوان ئاسایشی وزە و كەمكردنەوەی دەردانی غاز بەدیبهێنێت، كە كاریگەریی لەسەر ژینگە دەبێت.
لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئێران، هەڵوێستی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیریی عیراق دووپاتكردەوە و جەختیكردەوە لەسەر پەرۆشیی سەركردایەتیی ئێران بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی هاوبەش بەشێوەیەك كە خواستەكانی گەلانی عیراق و ئێران بەدیبهێنێت.
باڵیۆزی ئێران دووپاتیشیكردەوە، كە وەفدێكی ئێران سەردانی عیراق دەكات بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی و باران و دروستكردنی بەنداو، ئەوەش یارمەتیدەردەبێت بۆ چەسپاندنی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات بۆ روبەڕوبوونەوەی رەوشی ژینگەیی و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان