كۆمسیۆن، هاوپەیمانی و حزب و كاندیدەكانی هەرێم ئاگاداردەكاتەوە

11:26 - 2024-03-26
عیراق
124 جار خوێندراوەتەوە

28/3 دواوادەی وەرگرتنی لیستی هاوپەیمانێتی و حزب و كاندیدەكانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا، ئەوەی خستۆتەڕوو كە «كۆتا وادەی وەرگرتنی لیستی كاندید، هاوپەیمانی، حزبی سیاسی و كەسایەتییەكان تا رۆژی پێنجشەممە 28ی ئازاری 2024 و ئەو وادەیەش درێژناكرێتەوە». لەوبارەیەوە، جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنەكە، لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA رایگەیاندووە: «ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان 1266 ناوەندی دەنگدان بكاتەوە، كە دابەشدەبن بەسەر 6542 بنكەی دەنگداندا و سەرجەمیان لەژێر چاودێریی كامێرادا دەبن» .
بەگوێرەی زانیارییەكانی PUKMEDIA كە فەرمانگەی كاروباری پارت و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆن وەریگرتووە «تێكڕا 20 حزب و دوو هاوپەیمانێتی و 62 كاندیدی سەربەخۆ بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەكەدا تۆماركراون، كە لە بازنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەشداردەبن».
بەگوێرەی مەرسومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، رۆژی 10ی 6ی ئەمساڵ 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و پڕۆسەكەش لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە بەڕێوەدەبرێت.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان