قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کۆبووەوە

07:44 - 2024-03-27
کوردستان
99 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ( 27ی ئازاری 2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا جەیمس گۆڵدمان، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاری کراوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەوڵەکان بەردەوامن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و بە تایبەتیش چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و جەختیشی کردەوە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کێشەی بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان هەرێم و بەغدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان