ئا: شۆڕش قادر رەحیم
بێگوێدانە ئەوەی مۆبایل، كۆمپیوتەر و ئایپاد یان تەلەفزیۆنت هەیە، گومانی تێدا نییە زۆرێك لە ئێمە سەعاتەكانی بەئاگابوونمان لە بەردەم شاشەكاندا بەسەر دەبەین، لەناو پاس، تەكسی..هتد تەلەفۆنەكانمان بەدەستەوەیە، لەكاتێكدا بەڕێگاوەین بۆ سەر كارەكانمان، دەبینین منداڵان دانیشتوون و بەتامەزرۆوە تەماشای (یوتیوب) دەكەن، لەبری ئەوەی بچنە دەرەوەی ماڵ و لەگەڵ هاوتەمەنەكانی خۆیاندا یاری بكەن. دەبینین هاوسەرەكان لەبری ئەوەی لەگەڵ یەكتردا گفتوگۆ بكەن، هەریەكەیان لە سووچێكی ماڵەكەیاندا دانیشتوون و تەماشای (ئینستاگرام) دەكەن.
چۆن مرۆڤ ئالوودەی شاشە دەبێت؟
لە راپرسییەكی دامەزراوەی ئینتەرنێتدا بە ناوی (سویدییەكان و ئینتەرنێت)، هاتووە: هەموو كەسێك لە سوید لە ماڵەكەی خۆیدا ئینتەرنێتی هەیە. زۆرترین جاریش بەكارهێنانی ئینتەرنێت لەڕێگەی مۆبایلەوەیە.
ساڵی 2005، رێژەی 43 %ی سویدییەكان هێڵی ئینتەرنێتیان لە ماڵەوە هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ ئەم رێژەیە گەیشتۆتە 98 % ، ساڵی 1995 رێژەی 25 % ی سویدییەكان كۆمپیوتەریان لە ماڵەوە هەبووە، ئێستا ئەو رێژەیە گەیشتۆتە 93 %، هەروەها 99 % ی خەڵك مۆبایلی خۆیان هەیە، لەو رێژەیەش 92 % خاوەنی مۆبایلی زیرەكن، ئایفۆن یان ئەندرۆید.
بە واتایەكی تر كارێكی سەیرنییە، رۆژانە مۆبایل بەكاردەهێنین. هەم تەمەنی گەورە، هەم منداڵ. بە بەردەوامی ژمارەی منداڵانی بەكارهێنەری ئینتەرنێت لە زیادبووندایە و تەمەنی منداڵانی بەكارهێنەری ئینتەرنێت روو لە تەمەنی بچووكتر دەكات، واتە منداڵان لە تەمەنی زۆر كەمەوە سوود لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت دەبینن، ئێستا 79 % ی منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ لەڕێگەی تەلەفۆن، كۆمپیوتەر و ئایپادەوە ئینتەرنێت بەكاردەهێنن و یاری جۆراوجۆری پێدەكەن، یان سەیری یوتیوب و فیلم دەكەن. ساڵی 2018، لە سوید رێژەی 26 % ی منداڵی ساوا تا تەمەنی 12 مانگ لە ئینتەرنێت سوودمەند بوون، بە واتایەكی تر لە هەر چوار منداڵێكی تەمەن خوار یەك ساڵ، یەك منداڵیان ئینتەرنێتی بەكارهێناوە. ئەمەش كێشەیەكە بۆ ئالوودەبوون بە شاشە لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا، بێگوێدانە تەمەن، واتە مۆبایل مایەی ئالوودەبوونە بە شاشە.
چی لە مێشكدا روودەدات، كاتێك شاشە بەكاردەهێنرێت؟
كاتێك مۆبایل بەكاردەهێنیت، لە مێشكدا ئاماژەیەك (سیگنال) تێكدەشكێت و پێیدەوترێت (دۆپامین) لە ناو مێشكدا رۆڵێكی گرنگی هەیە لە سیستمی رەگە ئاماژەییەكاندا (سیستمی هەست). كاتێك دۆپامین دەڕژێت لەناو مێشكدا هەست بە ئارامییەك دەكرێت وەك خەوزڕاندن، تەركیز، خۆشی و هێزێكی پاڵنەر تا زیاتر ئەو كارە بكەیت.
سیمۆن سینێك نووسەر و وانەبێژ، لە چاوپێكەوتنێكدا بەوردی باسی ئەم بابەتە دەكات: دۆپامین هەمان ئەو رژراوەیە لە كاتی جگەرەكێشان، مادە كحوولییەكان، یاری قومار دەڕژێت. بە واتایەكی تر زۆرتر ئالوودە دەبیت، هەر بەو هۆكارە هەست بە ئاسوودەیی دەكەیت لە لەشدا كاتێك كەسێك نامەی نووسراو، یان دەنگیت بۆ دەنێرێت.
هەر كاتێك لایك، كۆمێنت، پەیام یان هەر شتێكی ترت بۆ دێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، هەروەك كاتێك تەلەفۆنەكەت لەسەر هەزەیە و دەلەرزێت، یان گوێت لە دەنگی هاتنی پەیام و نامە دەبێت، ئەو كاتە لەناو مێشكدا كەمێك لە دۆپامین دەڕژێت، بۆیە لایكەكانمان دەژمێرین و تەماشای مۆبایلەكە دەكەین تا بزانین چیمان بۆ هاتووە؟
ئێستا تەمەنی 18ساڵ دانراوە بۆ جگەرەكێشان، قوماركردن و یاری لەسەر پارە و مادە كحوولییەكان، بەڵام بۆ سۆشیال میدیا تەنها 13 ساڵییە. سەرباری ئەو سنوورەش، منداڵانی خوار ئەو تەمەنە، ئینستاگرام و تیكتۆك بەكاردەهێنن. واتە ئێمە بە تەواوی نەوەیەكی گەنجمان هەیە لەڕێگەی مۆبایل و سۆشیال میدیاوە بە هەردوو شێوەكەی ئالوودەبوون و لە سۆشیال میدیاوە ئاسوودەیی بە رژاندنی دۆپامین وەردەگرن.
ئەم دیاردەیە گرفتێكی گەورەیە؟
بەڵێ، زۆربەی ئالوودەبووەكان بە مادەی ئەلكحوول (سەرخۆشەكان) لە تەمەنی گەنجی و مێرمنداڵیدا ئالوودە دەبن بە ئەلكحول و بە هەڵە سوود لە كاریگەریی دۆپامین بەشێوەیەكی كاتیی وەردەگرن بۆ ئاسوودە بوون و هێوركردنەوەی دڵەڕاوكێیان لە تەمەنی پێگەیشتندا. بەداخەوە ئەم رەوتە دەبێتە گرفتێكی گەورە، لەبەرئەوەی كاتێك هەست بە دوودڵی و دڵەڕاوكێ دەكەن، ناچنە لای كەسێك چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، بەڵكو پەنادەبەنە بەر خواردنەوەی مادە كحوولییەكان.
بێگومان هەمان كاریگەری دەبێت بۆ سۆشیال میدیا. كاتێك گەنجی ئێستا هەست بە دڵەڕاوكێ دەكات بێگوێدانە ئەوەی هۆكارەكەی كاركردنە، خوێندنە، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە، یان دۆخی ئابووری، راستەوخۆ پەنادەباتەبەر سۆشیال میدیا و مۆبایلەكانیان، بۆ ئەوەی ئاسوودەبن و سوود لە رژاندنی دۆپامین وەربگرن ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت.
گەنجانی ئێستا گەورە دەبن و نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ فشارە دەروونییەكاندا بكەن، هەمان كات گرفتێكی تریش هەیە، ئەویش خۆڕانەگرتنە (سەبر و تەحەمول).
مرۆڤ لە رەوتی ژیانی ئاسایی بێزار دەبێت؟
سۆشیال میدیا و مۆبایل كارێك دەكەن مرۆڤ بێزار و بێتاقەت نابێت. مرۆڤ مێشكی خۆی فێرنەكردووە تا خۆی رابهێنێت بۆ كاتێك هیچ شتێكی نییە بیكات، ئەگەر هیچ نەكردنیش شتێكی ئاسایی بێت، چونكە مرۆڤ بەردەوام ڤیدیۆ، نامەی ئەلیكترۆنی، لایك و وێنەی بۆ دێت لای هاوڕێ و كەسانی ترەوە، كاتێك مرۆڤ بەردەوام سەرقاڵ دەكرێت، ئیتر فریا ناكەوێت بیر لە شتێكی تری خۆی بكاتەوە، لەم دۆخەدا بەردەوام سەرقاڵكراوە، هیچ بیروبۆچوونێكی نوێ بە خەیاڵیدا نایەت و دووردەكەوێتەوە لە فەنتازیا، مرۆڤ ناتوانێت كار لەسەر فشارە دەروونییەكان بكات، لەبەرئەوەی بیر لە شتەكانی خۆی ناكاتەوە، كاتێك مۆبایلەكەت دادەنێیت بۆ چەند ساتێك لە پێناوی خوێندن، یان كاردا، كە بەوجۆرە سەرگەرمی نییە بۆت وەك مۆبایلەكەت، بەڵام گرنگە بگەیتە جێگەیەك لە ژیاندا لە جیاتی مۆبایلەكەت، ئەگەرچی ئەو خۆشییە نادات تا دۆپامین بڕژێت.
سەرنج بدەین لە ژیانی رۆژانەشدا، لە ناو ئۆتۆمبێلەكانماندا، هەموو ئامێر و ئامرازەكان بە ئینتەرنێت و مۆبایل لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكە پێكەوە دەبەسترێتەوە، لەوانە دۆزینەوەی شوێن، گوێگرتن لە گۆرانی و بەستنەوەی تەلەفۆن بە ئۆتۆمبێلەكەوە، واتە تەنانەت لە دەرەوەی ماڵ و شوێنی كاركردنیش ئالوودەبوون بەردەوامە.
چۆن دەزانیت ئالوودەی شاشەیت؟
یەكەمجار چی دەكەیت، كاتێك تەماشای تەلەفزیۆن دەكەیت و دەبێتە ریكلام؟
*بێگومان دەست دەدەیتە مۆبایلەكەت تا سەرگەرم بیت، ئەمەش نیشانەیەكی سەرەتاییە بۆ ئالوودەبوون.
*بەیانیان سەیری تەلەفۆنەكەت دەكەیت بەرلەوەی بەیانی باش لە ئەندامانی خێزانەكەت بكەیت، بزانە كە تۆ ئالوودەبوویت.
* ئەگەر لەگەڵ كەسوكار و هاوڕێكانتدا لەسەر مێزی نانخواردن بیت و تۆ بە مۆبایلەكەتەوە سەرقاڵ دەبیت، واتە تۆ گرفتت هەیە، ئەویش ئالوودەبوونە.
*لەكاتێكدا لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵكدا دانیشتوویت و باسێك دێتەپێش كە بۆ تۆ سەرگەرم و بەشداربوون نەبێت، تۆش مۆبایلەكەت دەردێنیت و خۆت سەرقاڵ دەكەیت، بزانە كە تۆ ئالوودەبوویت.
*ئەگەر پێویستت بە سەردانێكی كورتی دەرەوە بێت و بێ تەلەفۆنەكەت نەچیت و پێت وابێ سەرقاڵیت، ئەگەر تەلەفۆنەكەت برد لەگەڵ خۆت، بزانە كە تۆ ئالوودەبوویت.
چ جۆرە ئاماژەیەك دەدەیتە كەسانی دەوروبەرت؟
هەموومان لامان ناپەسەندە لەكاتێكدا قسە بۆ یەكێك دەكەیت و ئەویش هەمان كات دەست دەداتە مۆبایلەكەی، مرۆڤ هەست بە گرنگی خۆی لای ئەو كەسە ناكات. گرفتی ئالوودەبوانی شاشە لەوەدایە پێی گرنگ نییە چ ئاماژەیەك بۆ بەرامبەرەكەی دەنێرێت، بەڵكو ئەو كارە لە بێئاگاییدا دەكرێت و هەندێك كەس بەوە تووڕە دەبن كە كەسانی نزیكیان وەك منداڵەكانیان، مێرد، ژنەكانیان، دایك و باوكیان ئەو ئاماژەیە دەنێرن.
چی بكەین بۆ چارەسەری ئالوودەبوون؟
بە وتەی سیمۆن سینیك پێویستە:
* لە نزیك تەختی خەوەكەت، تەلەفۆنەكەت شەحن مەكە، بەڵكو لە چێشتخانە، یان شوێنێكی دوورتر لە شوێنی خەوەكەت. بەوجۆرە دوودڵی بە تەماشاكردنی مۆبایلەكە لە خۆت بە دوور دەگریت لەكاتی پشووداندا.
* ئەگەر مۆبایلەكەت لەجیاتی سەعاتی خەبەركەرەوە بەكاردەهێنیت، ئەوا سەعاتێك بكڕە لە جیاتی مۆبایلەكەت.
* كاتێك لەگەڵ خێزان و هاوڕێكانتدا كۆدەبیتەوە، هەوڵبدە لەگەڵیان بیت تا پەیوەندییەكی تەندروستی كۆمەڵایەتی دروست بێت، ئەوانەی لەگەڵتان نین و نەهاتوون، پێویست ناكات بزانن ئێوە چی دەكەن و ئێوەش بزانن ئەوان چی دەكەن؟
ئێمە نازانین لە ئایندەی درێژخایەندا، مۆبایل و سۆشیال میدیا چەند كاریگەرییان لەسەرمان دەبێت، بەڵام ئەوە دەزانین ئەو كەسانەی كاتێكی زۆر دەدەن بە سۆشیال میدیا، مەترسی و ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆكی زیاترە، بەراورد بەوانەی كەمتر كات بەو دیاردەیە دەدەن.
لەڕاستیدا هیچ خراپییەك لە سۆشیال میدیادا نییە، بەڵكو ناهاوسەنگی كردن لەو دیاردەیەدا، گرفتە ئێمە گرنگیی زیاتر بە وەرگرتنی لایك دەدەین، وەك لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، ئێمە گرنگیی زیاتر بە كۆمێنت دەدەین، وەك لە گفتوگۆ.
واتە سۆشیال میدیا كردووینی بە ناسۆشیال (دووركەوتنەوە لەباری كۆمەڵایەتی).
سەرچاوەكان:
https://svenskarnaochinternet.se/rapporter/svenskarna-och-internet-2022/sammanfattning/
www.youtube.com/watch?v=P3cmvYfqQTU