راگەیەنراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی
مەکتەبی سیاسیی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبۆوە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتی کردەوە کە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە (10-6-2024).
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 4/2 لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لەم بوارەدا بەڕێوەچوو، هەڤاڵان بە تێکڕا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەک بوون بەو وادەیەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە کە پابەندبوون بە وادە راگەیەنراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پڕۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.
مەکتەبی سیاسیی هەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتی تەئکیدکردەوە کە ئەمڕۆ داخوازی هاوڵاتیان بۆ مووچە و بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستوورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.
بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتی بۆ روسیای فیدرال و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی سەردانەکەی بە سەرکەوتوو و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی پەیوەندی یەکێتی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان .
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2ی 4ی 2024