لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەچوارچێوەی بەشداریكردنیدا لە پانێڵی (پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند، لەنێوان ئاڵنگاری و دەرفەتدا) كە پەیمانگای تەكنیكی كوردستان ئەمڕۆ چوار شەممە 3/4/2024 لەشاری سلێمانی رێكیخستبوو، سەبارەت بە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەت لە پاش بڕیارەكانی دادگای فیدرالی رایگەیاند: ژیانی دەستووری لە عێراقدا یەك پاكێجە و ناكرێت بڕیارێكی دادگای دەستووریی، كە لە بەرژەوەندی هێز و لایەنێكدا بێت باش بێت و ئەگەر پێچەوانەی خواستی ئەویش بوو خراپ و پیلانگێڕیی بێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا پێشتر لە رواڵەتدا ئابووری هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بوو، بەڵام راستییەكەی دابڕانی دۆخی ژیانی هەرێم و توانا ئابوورییەكانی كورستان بوو لە بەغدا، هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆری لە بەردەست بووە تاکو بەهێزەوە بۆ بەرزكردنەوەی داهات و دابینكردنی ژیانێكی شایستە، لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ دانوستان بكات، بەڵام پشتبەستن بە ئابووری سەربەخۆ لێكەوتەی خراپی لێكەوتەوە لەسەر باروگوزەرانی خەڵك و هەرێمی كوردستانی بەرەو ئایندەیەكی ئابووری نادیار برد.
وتیشی ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان دەکرێت و دەرفەتێك بوو بۆ دەستبەركردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەكان و بەهێزكردنی كۆڵەكەكانی قەوارەی یاسایی هەرێمی كوردستان، بەڵام ستراتیژی هەڵە و تەخوین و سەنگەربەندی ناوخۆیی و سووربوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەموارنەكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و مكوڕبوونی لەسەر مانەوەی كورسی كۆتاكان وەك خۆی و پاكنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هۆكاربوون بۆ ئەوەی نەگەین بە رێكەوتن. دواتر هێزەكانی تر ناچاربوون بەدوای دەرچەیەكی یاساییدا بگەڕێن، بۆ ئەمەش یەكێتیی رێگای دادگای فیدرالی گرتەبەر كە رێگایەكی دەستوورییانەیە بۆ زامنكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، لەبەرئەوە ئێستا هەم دەرفەتە و هەم ئاڵنگاریی و دەبێت بەرپرسانە و دوور لە بەرژەوەندی حزبایەتی بڕیار بدەین، چونکە لە ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا هەرێم رووبەڕووی قەیرانی سەختتر دەبێتەوە.
هەر لە درێژەی قسەکانیدا لەتیف نێروەیی باسی لەوەشکرد بۆ ئەوەی ئایندەی سیاسی كورد لە بەغدا بەهێز بێت، دەبێت كورد بە یەك ئیرادە و یەك پلان و یەك بڕیار بچێتە بەغدا و لەوێش بە یەك تیم كار بكات، هەروەها پێویستە دانوستان لەسەر هەموو كێشەكان بە یەك تیمیی بكرێت و هاوشێوەی قۆناغی بونیادنەوەی عیراق لە دوای پرۆسەی ئازادی، تەواوی هێزەكان بە یەكڕیزی و یەك قسە و یەك بڕیارییەوە پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان بكەن.