حیکایەتی فۆتۆ

ستۆدیۆ گۆیژە

09:08 - 2024-04-08
کەلتور
80 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

بابە عەلی شێخ سەعید حەسەن ساڵی 1935 لە سلێمانی لە گەڕەكی سابونكەران هاتۆتە دنیاوە، لە قوتابخانەی فەیسەڵیە تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە .
هەر لە منداڵییەوە دایك و باوكی لەدەست داوە، شێخ مستەفای برای ئەركی بەخێوكردنی گرتۆتە ئەستۆ.
ئەویش بە ئەركی خۆی دەزانێت هاوكاری براكەی بكات، واز لە خوێندن دێنێت و دەبێتە شاگرد لای شێخ مستەفای برای و فێری وێنەگری دەبێت.
بابە عەلی كەسێكی تێکۆشەر بووە، هەستی نەتەوایەتی وای لێ كردووە پەیوەندی بە حزبی شیوعییەوە بكات و دەبێتە ئەندام لە باڵی سەربازی ئەو حزبەدا، زۆر كات هاتووچۆی شارەكانی عیراقی كردووە، جارێکیان لە بەغدا دەگیرێت و دوو ساڵ لە بەغدا و ساڵێك لە كەركوك زیندانی دەكرێت، لە ساڵی 1966 ئازاد دەكرێت.
هەر ئەو ساڵە بەهاوكاری شێخ مستەفای برای ستۆدیۆی خۆی دادەنێت بە ناوی ستۆدیۆ گۆیژە لە شەقامی پیرەمێرد نزیك چاپخانەی كاكەی فەلاح .
كاتێك بابە عەلی ستۆدیۆی دانا، مامۆستا فایەق خاوەنی ستۆدیۆ ئاسۆ وێنەگرێكی بە توانا بوو، ستۆدیۆكەی دادەخات و هەموو فیلم و جامەكانی دەدات بە بابە عەلی.
بەداخەوە مامۆستا فایەق وەك سەربازی ون هیچ ئەرشیفێكی نەماوە بەناوی خۆیەوە.
بابە عەلی خێزاندار بووە و خاوەنی هەشت مناڵە، هەموویان ماون ئێستا لە دەرەوەی كوردستان دەژین.

 

بابە عەلی وێنەی كەسایەتییە دیارەكان و پیاوماقوڵ و شوێنە گشتییەكان و وێنەی بۆنە و خۆشی و ناخۆشییەکانی شاری سلێمانی گرتووە

 

بە درێژایی كاركردنی وێنەی كەسایەتییە دیارەكان و پیاو ماقوڵ و شوێنە گشتییەكان و وێنەی بۆنە و خۆشی و ناخۆشیی شاری سلێمانی گرتووە .
بەشێكی زۆری وێنەكانی كتێبی شاری سلێمانی كە ئەكرەمی ساڵحی رەشە نووسیویەتی بە كامێراكەی ئەم گیراوە.
ساڵی 1983 وێنەی بەشێكی زۆری شەهیدەكانی شاخی گەورە كرد و بڵاوی كردەوە بەناو شاردا.
خۆی و گۆرانی كوری لە كاتی وێنەگرتن لە راپەڕینی بەهاری 1991 دا دوو جار لەمردن رزگاریان بووە، چونكە هەندێ كەس بۆ تاڵانی دەچوونە دامودەزگاكانەوە پێیان ناخۆش بووە وێنەیان بگیرێت، كامێراكەیان لێ سەندوون، بەڵام دواتر بەكامێرایەكی تر هەندێ وێنەی راپەڕینەكە و مانگرتووەكانی بەردەم UN یان گرتووەو داویانە بەو رۆژنامەنووسانەی هاتوونەتە كوردستان و كاك عەباسی فیدیۆ.
بەداخەوە لە 1992/8/22 بە كارەساتێكی دڵتەزێن بۆ دواجارماڵئاوایی لەژیان كرد و لە گردی سەیوان بەخاك سپێردرا.
لەپاش خۆی مێژووی وێنەكانی سلێمانی دەوڵەمەند تر كرد، ئێستاش ستۆدیۆكەی لە شەقامی پیرەمێرد ماوە و خاوەنی ستۆدیۆ هاوناز كاك ئاوات بەڕێوەی دەبات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان