حیکایەتی فۆتۆ

ستۆدیۆ سلێمانی

10:59 - 2024-04-15
کەلتور
135 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

حەمە ساڵح قادر ئەحمەد ساڵی 1932 لە سلێمانی لە گەرەكی سابونكەران لەدایک بووە، پۆلی شەشی سەرەتایی لە قوتابخانەی فەیسەڵیە تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەك و لێهاتوو بووە.
ساڵی 1948 بۆتە شاگردی یەحیافەندی  و لای ئەو فێری هونەری وێنەگرتن بووە، زور لێهاتوو و به سەلیقە بووە لەكارەكەی خۆیدا،  بە باشی ئیش و كاری دوكانەكەی یەحیا فەندی بەڕێوە بردووە.
ساڵی 1963 ستۆدیۆی خۆی داناوە، به خۆشەویستی سلێمانییەوە ناوی ناوە ستۆدیۆ سلێمانی، ستۆدیۆکەی بەرامبەر مزگەوتی گەورە لە شوێنی كاسۆمۆڵی ئێستا بووە.
لە ماوەی كاركردنیدا خزمەتێكی زۆری بە شاری سلێمانی كردووە، وێنەی زۆربەی كەسایەتی و سەركردە و محافزەكانی سلێمانی و خەتیب و مەلا و پیاوە ئاینیەكانی ناو مزگەوتی گەورەی بە كامێراكەی گرتووە،  وێنەی مزگەوتی گەورەی لەهەموو گۆڕانكاری و تازەكردنەوەكانیدا گرتووە.
لە لافاوەكەی ساڵی 1957 وێنەی زۆربەی دیمەنەکانی ئەو كارەساتە گەورەیەی گرتووە .

 

 

بەهاری ساڵی 1991 وەك زۆربەی وێنەگرەكانی شاری سلێمانی وێنەی راپەڕینە مەزنەكە و كۆڕەوی خەڵكی كوردستانی گرتووە

 

بەهاری ساڵی 1991 وەك زۆربەی وێنەگرەكانی شاری سلێمانی وێنەی راپەڕینە مەزنەكە و كۆڕەوی خەڵكی كوردستانی گرتووە، وێنە و ئەرشیفی زۆری هەبووە لە مێژووی ئەم شارەدا، بەڵام بەداخەوە بە هۆی روخاندنی دوكانەكانی بەردەم مزگەوتی گەورە  و چەند هۆكارێكی تر وێنە و كەل و پەلەكانی لەناو چوون.
ساڵی 2005 دوای روخاندنی دوكانەكانی بەرامبەر مزگەوتی گەورە و دروستكردنی بازاڕی كاسۆمۆڵەوە ستۆدیۆكەی دەگوازرێتەوە بۆ كۆڵانی مەحكەمەی كۆن نزیك مزگەوتی ئەوقاف.
بەهۆی ئەوەی توانای كاركردنی وەك جاران نەمابوو و كوڕەكانییشی ستۆدیۆی خۆیان هەبوو كەمتر سەردانی  ستۆدیۆكەی دەكرد، ساڵی 2006 شاگردێكی هێنا خەڵكی بەغدا بوو ناوی قاسم بووە،  ئیشی لە ستۆدیۆكەیدا كردووە تا ساڵی 2007 ، لەوە بەدواوە  باری تەندروستی بە تەواوی تێكچووە و  كوڕەكانی بۆ چارەسەر بردویانە بۆ دەرەوەی كوردستان. بەداخەوە لە 2008/7/3 مەرگ بەرۆكی گرتوو بۆ دواجار ماڵئاوایی لە سلێمانی كردو و لە گردی سەیوان بەخاك سپێردرا.
لە ژیانیدا دووجار هاوسەرگیری كردووە، خاوەنی شەش كوڕ و هەشت كچ بووە، سیان لە كوڕەكانی پیشەی وێنەگری لەباوكیانەوە فێربوون و ستۆدیۆی خۆیان داناوە، بەختیار ستۆدیۆی بازیانی داناوە، یونس ستۆدیۆی دەوەنی داناوە، هەردووكیان نزیك ستۆدیۆكەی باوكیان بوون، دلێری كوڕی كە ئێستا لەژیاندا نەماوە ستۆدیۆكەی بەناوی خۆیەوە بوو، ستۆدیۆ دلێر لەشەقامی سجن.
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان