عەدنان زورفی بۆ كوردستانی نوێ‌: دەستوور جێبەجێبكرێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەردەبن

11:21 - 2024-04-18
عیراق
70 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان زورفی

كوردستانی نوێ‌- ئیدریس جەبار 





عەدنان زورفی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی وەفای عیراقی، «جێبەجێكردنی دەستوور و فیدراڵی» بە چارەسەر بۆ كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ دەزانێت و پێیوایە «لە رێگەی جێبەجێكردنی دەستوور و سیستمی فیدراڵییەوە، كۆتایی بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دێت». 
عەدنان زورفی كە یەكێك بوو لە بەشداربوانی (دیداری سلێمانی)  لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ‌ رایگەیاند: پەیوەندیی نێوان لایەنەكانی نێو پرۆسەی سیاسیی عیراق، لەكۆتاییدا پێویستە گونجاو و تەبا بێت و لە بەرژەوەندیی گەلی عیراقدا بێت، یەكێتییەكی كۆمەڵایەتی و هەروەها بۆئەوەی یەكڕیزیی نیشتمانی و ئابووریی بهێنرێنەدی، پێویستە بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراق بەسەر ناكۆكییە سیاسییەكاندا زاڵ ببێت. 
بە بۆچوونی عەدنان زورفی «یەكڕیزیی دەبێت لەپێش هەموو پرسەكانی ترەوە بێت، پێویستە ئەو پرسانەی كە ئاستەنگ لەبەردەم یەكڕیزیدا دروستدەكەن، وەلابخرێن».  
سەبارەت بە رۆڵی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا، عەدنان زورفی وتی: پەرلەمانتارانی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و سیاسییەكانی لە بەغدا، رۆڵێكی بەرچاویان هەیە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە چالاكیی نیشتمانی و هاوشانە لەگەڵ هێزە نیشتمانییەكانی تر، كارلێكێكی سیاسی بەرچاوی هەیە لەگەڵ هێزە سیاسییە نیشتمانییەكاندا، بۆیە هیوادارین ئەو هاوبەشییە لە گەشەكردندا بێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان