قایمقامی سلێمانی: لەسەر مەرجەکانی سەلامەتی خاتری کەس ناگرین

03:41 - 2024-04-18
کوردستان
72 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک رێکار بۆ رێکخستنەوەی بازاڕەکانی سلێمانی و لایەنی سەلامەتی دەگیرێتەبەر.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری دوکاندار و بازاڕەکانی سلێمانی کۆبووەوە  و ڕێکخستنەوە و لایەنی سەلامەتی بازاڕەکان تاوتوێ کرا. لەو بارەیەوە قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: لە وەرزی گەرما نزیکبووینەتەوە و پێویستە بە هەندێک ڕێکار رێگە لە ئاگرکەوتنەوە لەبازاڕەکاندا بگیرێت. هەروەها لە ئەگەری دروستبوونی ئاگریشدا، کار بۆ ئەوە دەکرێت کەمترین زیانی هەبێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لەسەر مەرجەکانی سەلامەتی خاتری کەس ناگرین و ئەو ڕێکارانە بۆ ئەوە نییە زیان بە بەرژەوەندی کەس بگەیەنین، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەکە و خۆمان لە مەترسی زیانی ماڵی و گیانی دووردەخەینەوە.
دواتر ماوەیەکی کاتی بۆ خاوەنی دوکان و بازاڕەکان دیاری کرا، بۆئەوەی مەرجە سەلامەتییەکان جێبەجێ بکەن. هاوکات بڕیاردرا هەموو خاوەنی دوکانەکان دوای داخستنی بازاڕەکان و لە شەواندا شمەک و کەلوپەلەکانیان ببەنە ناو دوکانەکانەوە، بە دەڕابە یان دەرگای شوشە دوکانەکان دابخرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان