كوردستانی نوێ، ئیدریس جەبار
ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تەئكیددەكاتەوە لەسەر تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی یەكێتی و مەكتەبی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا 10/6/2024. وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت: دەمانەوێت لەڕێگەی حكومەتێكی كارا و پەرلەمانێكی هەڵبژێردراوی نوێ و جیاوازەوە، پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتربێت و لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا خۆی بگونجێنێت.
یەكگوتاری و یەكدەستیی سەركردایەتی و راست و دروستیی سیاسەتەكانی یەكێتییە
دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە رۆژی 18/4، لە راگەیەنراوێكدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی یەكێتی دواپێشهاتەكانی دۆخی سیاسیی كوردستان، عیراقی روونكردەوە و هەڵوەستەی لەسەر پێگەی روو لەگەشەكردووی یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرد و رایگەیاندووە، «ئەمە بەرئەنجامی یەكگوتاری و یەكدەستیی سەركردایەتی و راست و دروستی سیاسەتەكانی یەكێتییە، كە بۆتە جێی ئومێدی میللەتەكەمان و دۆستەكانمان».
لە پڕۆسەی سیاسیی عیراقیشدا پێداگریی لە ئیستحقاقەكانی نەتەوەكەمان بكەین
هەر لەبارەی هەڵبژاردنەوە، راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی، دووپاتیكردووەتەوە كە گەشەكردنی ئەزموونی نیشتمانیمان، پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی هەرێم، دابینكردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاووڵاتیان، تەنها لەڕێی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوادەی خۆیدا دێتەدی، ئەوەش پەرلەمانێكی بەهێز و حكومەتێكی پتەو و خزمەتگوزار دێنێتەكایەوە و بۆ داهاتوومان گرنگە، «هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێكە تا ئاڵوگۆڕی دیموكراتیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پڕۆسەی سیاسی بكرێت و لەچوارچێوەی پڕۆسەی سیاسیی عیراقیشدا بە سەربەرزی و یەكڕیزییەوە پێداگریی لەسەر ئیستحقاقە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەكانی خۆمان بكەین».
هەڵبژاردن بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستانە
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لێدوانێكی بۆ كوردستانی نوێ دا و پێیڕاگەیاندین: «لە دوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتیدا، گفتوگۆكان لەسەر ئەوە بوون كە هەڵبژاردن بكرێت، ئێمە جەختمان لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن كردەوە، كە لەم هەلومەرجەی ئێستای عیراق و ناوچەكەدا، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ هێشتنەوەی پێگە و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان، زۆر پێویستە». ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەو وادەیە «10ی حوزەیرانی ئەمساڵ» بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریكراوە، یەكێتی پێیباشە هەڵبژاردن بكرێت و ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری لە پڕۆسەكەدا دووپاتكردووەتەوە.
هەرێمەكەمان پێویستی بە حكومەتێك و پەرلەمانێكی كارایە
وتەبێژی یەكێتی، تەئكیددەكاتەوە كە هەرێمەكەمان لەئێستادا پێویستی بە حكومەتێكی كارا و پەرلەمانێكی كارایە و دەبێت لەم بۆشاییە دەستوورییە دەربچێت، ئەوەش بە هەڵبژاردن دەكرێت، ئاشكرایە بارودۆخی ناوچەكە باش نییە، ناكرێت لەم بارودۆخەدا ئێمە ببینە حەلەقەیەكی لاواز، پێویستە حەلەقەیەكی بەهێزبین لە گۆڕانكارییەكاندا و دەبێت پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزبێت، تا بتوانین پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكەین».
لە كۆتایی قسەكانیدا، سەعدی پیرە، دەڵێت: «یەكێتی، پابەندە بەو وادەیەی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە راگەیەندراوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كە 10ی حوزەیرانە و ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و دەمانەوێت لەڕێگەی حكومەتێكی كارا و پەرلەمانێكی هەڵبژێردراوی نوێ و جیاوازەوە، پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتربێت و لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بڕوات و خۆی بگونجێنێت».