فراکسیۆنی یەکێتی داوای چارەسەری پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە کاتی سەردانەکەی ئەردۆغاندا دەکات

11:46 - 2024-04-22
کوردستان
373 جار خوێندراوەتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گەیشتە بەغدا و بڕیاریشە سەردانی هەولێر بکات، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەو سەردانە بە گرنگ دەزانێت بۆ تاوتوێکردنی هەندێک پرسی سیاسی و ئابووری و ئەمنی هاوبەش و لەوانەش پرسی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: گرنگە بۆ عیراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشتر بکات، بەتایبەت لە ئێستادا کە بارودۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە، سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش بۆ عیراق لەو چوارچێوەیەدایە و چەندین پرسی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عیراقدا تاوتوێ دەکەن.
وتیشی، فراکسیۆنەکەمان لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبووەوە و بە نووسراوی رەسمی داوامان کرد لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیادا بۆ عیراق، سەرۆک وەزیران پرسی چارەسەرکردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ چارەسەر بخاتەڕوو.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەشڵیت، عیراق و تورکیا پەیوەندییەکی ئابووریی بەهێز بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە و ساڵانە بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا هەیە و هەردوو وڵات بۆ یەکتر گرنگن، هاوکات پرسی ئاسایشی ئاو بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و عیراق دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پرسەکانی سیاسی و ئەمنی و چەندین پرسی دیکە لەنێوان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عیراق دا تاوتوێ دەکرێن.
ئاماژەی بەوەش دا: مەرج نییە لە ئێستادا ئەوەی تورکیا داوای دەکات، عیراق بتوانێت جێبەجێی بکات، بەتایبەت لەڕووی ئەمنی و سیاسییەوە کە بێگومان بۆ تورکیاش ئەم بۆچوونە راستە و مەرج نییە ئەوەی عیراق داوای دەکات، تورکیا بتوانێت جێبەجێی بکات.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان