ئەزموونی رۆژنامەگەریی هەڵەبجە و دیدێکی رەخنەگرانە

02:05 - 2024-04-22
دووتوێ
103 جار خوێندراوەتەوە

ئیبراهیم هەورامانی- هەڵەبجە

كاتێك قسه دێته سەر هەڵەبجە و مێژووەكەی، كەمترین قسەو باس و گفتوگۆ له بارەی رەوشی رۆژنامەگەریی له رابردوو یان ئێستای ئەم شارەدا دەكرێت. بە بڕوای من هۆكارەكەی زیاتر بۆ غیابی رۆژنامەگەریی له شارەكەدا دەگەڕێتەوە، ئەم غیابە به شكڵێك بووه كه دەتوانین بڵێین له مێژووی شارەكەدا رۆژنامەگەریی نەتوانراوه بهێنرێته پێشەوە و پانتایی چەندین لاپەڕەی مێژووی پرشنگداری ئەم شارە بنووسێتەوە.
ئەگەر بمانەوێت باس له رەوتی رۆژنامەگەریی لەم شارەدا بكەین پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی شەستەكانی سە‌دە‌ی رابردوو، كە‌ لە‌سە‌ر دە‌ستی شاعیری كۆچكردوو ساڵح هە‌ژار بڵاوكراوە‌ی ( نركە‌ی جوتیار) بە شێوە‌یە‌كی هە‌ژارانە‌ لە رووی كاری هونە‌رییە‌وە‌ بڵاوكراوە‌تە‌وە‌، هە‌رچە‌ندە‌ تە‌مە‌نی ئە‌م بڵاوكراوە‌یە زۆر درێژە‌ی نە‌كێشاوە‌ و كە‌متر بووە‌ لە ژمارە‌ی مانگە‌كانی وە‌رزی بە‌هار، بە‌ڵام دە‌كرێت بڵێین بڵاوبوونە‌وە‌ی یە‌كە‌مین ژمارە‌ی ئە‌م بڵاوكراوە‌یە بە سە‌رە‌تای سە‌رهە‌ڵدانی رۆژنامەگەریی لە شارەكەدا دابنێین. پاش بیست ساڵێك لە بڵاوبوونە‌وە‌ی (نركە‌ی جوتیار) جارێكی دیكە بە‌ شێوازێكی هونەریانە و بە‌ سە‌لیقە‌یە‌كی گو‌نجاوتر گۆڤاری ( شنروێ) وە‌ك هە‌وڵێكی دیكە‌ بۆ بە‌ردە‌وامیدان بە بواری رۆژنامەگەریی لە‌سە‌ر دە‌ستی ستافێكی ماندونە‌ناس دەرچوو، ستافەکە پێكهاتبوون لە: (نامۆی حاجی كە‌ریم، حكیم مە‌لا ساڵح، دڵشاد عومە‌ر كاكی، بە‌یاد عە‌بدوالقادر) و بە سە‌رپە‌رشتی ئە‌نوە‌ر محمد رەشید  بە‌ڕێوە‌بە‌ری  ناوە‌ندی لاوانی هەڵە‌بجە‌ چە‌ند ژمارە‌یە‌كی لێبڵاوكرایە‌وە. ئە‌م گۆڤارە‌ تە‌نیا یە‌كە‌مین ژمارە‌ی بە‌ ناوی (شنروێ ) بوو دواتر ناوە‌كە‌ی گۆڕدرا بۆ (ئاسۆگە‌) و لە‌ كە‌مترین تە‌مەنی خۆیدا توانی بازنەی لۆكاڵی ببڕێت و لە تەواوی كوردستان و بەغدای پایتەختیش نووسەران و رۆشنبیران لە دەوری خۆی كۆبكاتە‌وە، هەرچەندە ئەم گۆڤارە توانیبووی ببێتە جێی گرنگی نووسەران، بەڵام نەیتوانی درێژە بە بڵاوبوونەوەی بدرێت و وەستا.
ئەگەر سەردەمی بەر لە كیمیابارانی ئەم شارە بە قۆناغێك دیاریبكرێت و سەردەمی پاش راپەڕینی بەهاری 1991یش بە قۆناخی دووەمی ئەم شارە دیاری بكرێت، دەتوانین قۆناغی دووەمی شارەكە بە سەردەمی زیاتر گرنگیدان بە رۆژنامەگەریی لە شارەكەدا دیاریبكەین، چونكە یاد و یادەوەری تاوانی كیمیابارانی شارەكە و فەراهەمبوونی فەزایەكی ئازادانەتر هۆكارێكی جددی بوون بۆ هاتنەمەیدانی چەندین نووسەر و رۆژنامەنووس بۆ بڵاوكردنەوە و چاپكردنی چەندین گۆڤار و رۆژنامە. ئەم گوڕوتینەی نووسەران و رۆژنامەنووسان تا كۆتایی ساڵەكانی سەدەی رابردوو و دەیەی یەكەمی دوو هەزار درێژەی هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەم هەوڵانەش کۆتاییان هات و تا ئەندازەیەكی دیار خۆری رۆژنامەگەریی لە شارەكەدا ئاوابوو. لە كاتێكدا زۆرینەی كادیرە راگەیاندنكار و رۆژنامەنووسەكان لەدایكبووی ئەم شارەن و لەسەر ئاستی رۆژنامەگەریی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا زۆرترین دەركەوتن و هەوڵ و بەخششیان هەبووە و هەیە.
تەواوی ئەو هەوڵانەی لە مێژووی نزیكی شارەكەدا بۆ گەشەكردنی رەوتی رۆژنامەگەریی كوردی دراون، دەكرێت وەك هەوڵێكی سەرەتایی و خولیایەكی زیاتر تاکەکەسی چاوی لێبكرێت، كە ئەو هەوڵانەیان نەیانتوانی دواجار ببنە بناغەیەكی تۆكمە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی ئەم رەوتە، دەتوانین ئەوە بڵێین، بێئەوەی بەلامانەوە شەرم یان نەنگییەك بێت بۆ ئەو مێژووە پرشنگدارەی ئەم شارە لە ئەدەب و بزوتنەوەی سیاسی میللی گەلەكەماندا هەیەتی و بۆتە مایەی شانازی بۆ گەلەكەمان.
لە كۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم بوونی زانكۆی هەڵەبجە و بوونی كۆلێژی راگەیاندن، دەكرێت هاندەرێكی باش بێت تا بتوانێت رۆژنامەنووسانی شارەكە لە دەوری رۆژنامەیەك كۆبكاتەوە و ئەم بوارەش وەك بوارەكانی دیكەی ئەدەب و هونەر گرنگی پێبدرێت و شارەكە و خوێنەرانی لە رۆژنامەیەك، ئەگەر لۆكاڵیش بێت بێبەش نەبن.
*یەکەمین سكرتێری لقی هەڵەبجەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان 

بابەتە پەیوەندیدارەکان