«پاڵپشتی هەوڵەكانی عیراقین بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری»

12:17 - 2024-04-28
عیراق
391 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك كۆمار لەمیانی پێشوازی لە د.ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەسەر ئاستی گۆڕەپانی عەرەبی، پەیوەندیی عیراق لەگەڵ كۆمكاری عەرەبی و وڵاتانی عەرەبی و میكانیزمەكانی پەرەپێدانی، تاوتوێكرا.
سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: عیراق بە رۆڵی سەرەكی خۆی، هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بەهێزبكات لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و ئاسایش و بڕیاردانی سەربەخۆ، بەشێوەیەك كە بەرژەوەندیی هاوبەش بەدەستبهێنێت. پەرۆشی عیراقیشی دووپاتكردەوە بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونی وڵاتانی برا و دۆست و گرتنەبەری دیالۆگی بنیاتنەر بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان لەپێناوی بەرقەراركردنی ئاسایش و ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. ئاماژەشی كرد بە پێویستی گەیشتن بە دیدگایەكی هاوبەش بۆ كۆتاییهێنان بەو قەیرانانەی ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی بەدەستیانەوە دەناڵێنن، سەرەڕای گرنگی یەكخستنی هەڵوێستەكان بەرامبەر ئاڵنگارییەكانی بەردەم گەلان.
هاوكات سەرۆك كۆمار تیشكی خستەسەر بارودۆخی فەڵەستین و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هەوڵەكان بخاتەگەڕ بۆئەوەی دەستبەجێ دەستدرێژییەكان رابگرن و هاوكاری مرۆیی زیاتر بكەن بۆ یارمەتیدانی خێزانە گەمارۆدراوەكانی فەڵەستین. دووپاتیكردەوە، پێویستە كاری بەپەلە بكرێت بۆ وەستاندنی هەڵكشانی بەردەوامی بارودۆخەكە، كە بەشێوەیەكی گشتی لێكەوتەی لەسەر وڵاتانی ناوچەكە هەیە.
سەرۆك كۆمار بەخێرهاتنی وەفدە عەرەبییەكانی كرد بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی كاری عەرەبی و جەختیكردەوە، كە عیراق وڵاتی هەمووانە و براكانی لە باوەش دەگرێت بەمەبەستی بەرجەستەكردنی پەیامی پتەوكردنی هاریكاری و كاری هاوبەش. هەروەها هیوای خواست كۆنفرانسەكە سەركەوتووبێت و راسپاردەكانی خزمەت بە پرسە بنەڕەتییەكانی وڵاتانی برا بكات لە دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجان و باشتركردنی رەوشی كار و ژیانی كرێكاران.
لە بەرامبەردا  د.ئەحمەد ئەبولغەیت ستایشی رۆڵی گرنگی عیراقی كرد لە پەرەپێدان و چەسپاندنی كاری هاوبەشی عەرەبی و هەوڵەكانی بۆ نزیككردنەوەی دیدگای نێوان وڵاتان و وتیشی: كۆمكاری عەرەبی پاڵپشتی هەوڵەكانی عیراق دەكات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان