ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پلانێکی درێژخایەنی هەشت ساڵیمان داڕشتووە لەگەڵ پلانێکی مامناوەند، بۆ ئەوەی بتوانین ساڵانە پێشوازی لە 20 ملیۆن گەشتیار لە هەرێم بکەین.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم راشیگەیاند: تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار روویان لە هەرێم کردووە و تا کۆتایی ساڵیش، ئەو ژمارەیە دەگاتە شەش ملیۆن گەشتیار، بۆیە لە دوو ساڵی داهاتوودا، تەواوی ژێرخانی گەشتیاریی نوێدەکەینەوە، لەگەڵ ئاسانکاریی تەواو لە کارە ئیدارییەکانی هاتنی گەشتیاران.
وتیشی: «نرخەکانی باج و رسوماتی گەشتیار لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێم رێکدەخەینەوە، بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا».
ئەمەل جەلال ئاماژەی بەوەشدا: پلانەکەمان بە شێوەیەک دەبێت، هەر پارێزگایەکی هەرێم جۆرێک لە شار و خزمەتگوزاریی گەشتیاری تایبەت بەخۆی هەبێت، تا هەموو پارێزگاکانی هەرێم وەک یەک گەشتیار سەردانیان بکات.