پاراستنی ژینگە وەك ئەركێكی نیشتمانی

كامەران محەمەد ساڵح، رێژەی سەوزایی سلێمانی لە ستانداردی جیهانیدایە

11:02 - 2024-05-05
ژینگە
311 جار خوێندراوەتەوە

دیداری: ئالان محەمەد جەزا



هەرتاكێك لە ئێمە پێویستە پارێزگاری لە ژینگەی وڵاتەكەی بكات، جا بە ناشتنی نەمامێك بێت یان بە پاراستن و رێگریكردن بێت لە پیسبوونی ژینگەی وڵاتەكەی كە سەرەنجام ژینگەیەكی پاك بۆ بەردەوامبوونی ژیان بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو دەڕەخسێت، چونکە ژینگەیەكی پاك سەرچاوەی بەردەوامبوونی ژیانە بۆمرۆڤ و گشت زیندەوەرانی سەرزەوی، بۆیە لەبەر گرنگی پرسی ژینگە لەمڕۆدا ئەندازیار كامەران محەمەد ساڵح عەبدوڵڵا-مان دواند كە ساڵانێكی زۆر وەك بەڕێوەبەری پێشووی باخچەكانی سلێمانی خزمەتی ژینگەی سلێمانی و زیادكردنی سەوزایی لەم شارەدا كردووە.
*پرۆسەی زیادکردنی سەوزایی و دارودرەخت لە سلێمانی چۆن دەستیپێکرد؟
-پارێزگاری لە ژینگەی شارێك وەک سلێمانی هەر لە ساڵەكانی 2008 وە بوو، ئەو کاتە هەوڵێكی باشمان دا لەڕێگەی پارێزگای سلێمانی و شارەوانی سلێمانی و ئەنجومەنی شارەوانی كە هاووڵاتی فێری دار چاندن بكەین لە بەردەرگای ماڵی خۆیاندا و خۆیان خزمەتی بكەن، ئەوە پێویست بوو وەك بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان هاوكارییەكی باشیان بووین لە پێدانی نەمام و گوڵ بە مەرجی ئەوەی لەبەر ماڵی خۆیاندا بیڕوێنن و خزمەتی بكەن، ئەو رێژەیە وایكرد ئێستا شاری سلێمانی بۆتە خاوەنی 3 ملیۆن دارودرەخت.

 دەبێت ساڵانە پلان دابنرێت و ئاگربڕ لە شاخ و گردەکان دروست بكرێت بۆئەوەی ئەو سروشتەی دروست بووە نەسوتێت

*کەناڵەکانی راگەیاندن چ رۆڵێک دەگێڕن لە پرسی ژینگە و وشیارکردنەوەی خەڵکدا؟ 
-بە رای من راگەیاندن رۆڵێكی گەورە دەبینێت ئەگەر رۆژانە لە كەناڵەكان و تیڤی و پەیجەكانەوە رێنمایی دەربكەن بۆ هاووڵاتیان كە نرخ و بەهای ژینگە چەند گرنگە، ئەم هەنگاوانە بەرەو پێشڕۆیشتووە و خەڵکی زیاتر لەبارەی ئەو مەسەلەیەوە فێربكرێن .
کامەران محەمەد ساڵح لە بارەی گەشتیاریی و راگەیاندنیشەوە وتی: گەشتیار و رێنمایی گەشتیاریی و راگەیاندن دەتوانن رۆڵێكی باش بگێڕن تا کاتێک گەشتیاران سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەکەن بەرپرسانە رەفتار بکەن، هەروەها پێویستە یاسایەك دابنرێت بۆ باشتر خزمەتکردنی شوێنە گەشتیارییەكان و سزادانی ئەو کەسانەی شوێنەكان پیس دەكەن و خۆڵ و خاشاك و ئاگر بەجێدەهێڵن و ژینگە پیس دەكەن. 

*کەمیی ئاو تاچەند گرفتی بۆ باخچەکان دروست کردووە؟
-بێگومان کەمیی ئاو كێشەیەكی گەورەیە لەگەڵ زیادكردنی سەوزایی و زیادكردنی باخچە و پاركەكان كێشەكان گەورەتر دەبن، چونكە بودجەی زۆری پێویستە، هەروەها لە شاری سلێمانی بیری قووڵ لە زۆر شوێنی جوگرافیای شارەكە ئاوی تێدا نییە و لێدانی بیر زۆر خەسارەتێكی مادییە، چونكە لەمانگی هەشت و نۆدا هەموو ساڵێك بڕی ئاوی زیاتر پێویستە و زۆرجار ئەو رێژەیە دەکاتە 4 ملیۆن لیتر ئاو لە رۆژێكدا، بۆیە تەنیا چارەسەری ئەم كەمیی ئاوە پاڵاوتنی ئاوی ئاوەڕۆیە بۆ ئاودانی باخچەو بلوارەکان و زۆر كێشە چارەسەر دەكات. 

*ئێستا ئاستی رێژەی سەوزایی لە سلێمانی چەندە؟
-سلێمانی لە ساڵی 2018 وە چۆتە ستانداردی جیهانییەوە بۆ سەوزایی كە رێژەكەی لەو ساڵەدا 18,3 % بووە واتە رێژەی ستاندارد لە 15 % وە دەستپێدەكات بۆ 25 %، ئەم رێژەیە لەساڵی 2022 گەیشتۆتە 19.6 % واتە بە پێی رێژەی دانیشتوان و رووبەری پانتایی شار.

*چی بكرێت بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان؟
-یەكێك لە كارەكانی پاراستنی ژینگە رووی راگەیاندن و هاووڵاتییە، دەبێت بەرنامە و پلان دابنرێت ساڵانە ئاگربڕ لە شاخ و گرد و شوێنە دوورە دەستەكان دروست بكرێت بۆئەوەی ئەو سروشتەی دروست بووە نەسوتێت.
هەرێمیش سروشتەكەی وا دروست بووە لە چوار وەرزی ساڵ داری وەك بەڕوو مازوو چوالە كە سروشت كرداری بۆ دروستكردووە بەرەو زیادبوون دەچێت ئەم سروشتە جوانە بە رووكاری شاخەكانەوەن، بۆیە دەبێت بتوانرێت پارێزگارییان لێبكرێت و لەڕێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە خزمەت بكرێن، تا بە جوانیی بمێننەوە و زیاد بكەن . 
شایەنی باسە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی بێت بۆ ساڵی 2023 رووبەری سەوزایی لە کۆی پارێزگای سلێمانیدا 12 ملیۆن و 780 هەزار مەتر دووجا بووە، بەپێی داتاکان ئەو رووبەرە دەکاتە رێژەی 19.6 % ی کۆی رووبەری پارێزگاکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان