ئاگردانی ئازەرگۆشنەسپ

10:33 - 2024-05-07
کەلتور
65 جار خوێندراوەتەوە
شاری تیکاب - تەختی سولەیمان (ئازەرگۆشنەسپ)

ئاگردانی ئازەرگۆشنەسپ (Adur Gushnasp) ئاگردانێکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری تیکاب لە پارێزگای ورمێ. بە درێژایی چەندین سەدە پێش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە، یەکێک بووە لە گەورەترین و گرنگترین ناوەندە ئایینییەکانی پاشایەتی ساسانییەکان. ئەم ئاگردانە وەک پەرەستگەیەک تایبەت بووە بە چینی جەنگاوەرەکان و پاشاکان.
ئازەرگۆشنەسپ بە «تەختی سولەیمان»یش ناوی دەبرێت، ناوچەیەکی مێژووییە لە نزیک شاری تیکاب و بەشێکە لە تەختی سولەیمان و کەوتۆتە 45 کیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی تیکابەوە. لە کاتی هێرشی سوپای ئیسلام بۆ ناوچەکە، بۆ ئەوەی بەر بە لەناوچوونی بگرن، کۆمەڵێک چیرۆکی «سولەیمانی پێغەمبەر»یان داوەتە پاڵ ئەم پەرەستگەیە و پیرۆزیان کردووە و بەم شێوەیە پارێزراوە.
ئاگردانی ئازەرگۆشنەسپ یەکێک بووە لە گەورەترین ناوەندەکانی فێرکاری، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانییەکان بەر لە هاتنی ئیسلام، بەڵام ساڵی 624 زایینی،  بە هۆی هێرشی «هێراکلیووس» ئێمپراتۆریای رۆم بۆ سەر ئێران، رووخێندرا. «ئاباقاجان» برازای «هۆلاکۆخان» کە ببوو بە موسوڵمان، لە سەر وێرانەکانی ئاگردانی «ئازەرگۆشنەسپ» مزگەوتێکی دروستکرد، مزگەوتەکە دواتر رووخا و تەنها کاشییەکانی ماوەتەوە. 
لە ئێرانی سەردەمی کەونارادا سێ ئاگردانی گەورە بوونیان بووە کە ئاگردان و پەرستگەی سێ چینی کۆمەڵایەتی ئێرانییەکان بوون. واتە ئاگردانی مووبەدەکان (پیاوانی ئایینی)، ئاگردانی جووتیارەکان و ئاگردانی جەنگاوەرەکان.
ئاگردانی ئەسۆرنان(مووبەدەکان) ئاگردانی ئازەرە فەرەنبەغ، لە پارێزگای شیراز. ئاگردانی واستریۆشان (جووتیارەکان) ئاگردانی ئازەربەرزین مێهر لە خوراسان. ئاگردانی جەنگاوەرەکان (پاشا و وەزیرەکان) و ئاگردانی ئازەرگۆشنەسپ لە تیکاب.

بابەتە پەیوەندیدارەکان