شیعر وەك ئامرازێكی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی داگیركەر

گوتاری شیعریی لە شیعرەكانی بێكەسدا

01:40 - 2024-05-08
دووتوێ
56 جار خوێندراوەتەوە

پ. ی. د. لوقمان رەئوف

گوتاری شیعریی لە شیعرەکانی بێکەسدا
شیعری (بیست و حەوت ساڵە من رەنجبەری تۆم) بە نموونە



پێشەکی:
گوتار کۆمەڵێک رستە، یان دەق، یان وتەی پێکەوە گرێدراوی مەبەستدارە و ئامانجیشی وەسفکردنی گوزارشتە زمانییەکانە، بە شێوەیەکی تەواو و راست، چونکە خودی گوتار کۆدەکانی دەق لە رێگەی ئەو پەیامەی دەق هەڵیگرتووە، هەر لە گریمانە و ئەگەرە بیرییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و راڤەیان دەکات، وەک پەیامی بەرپرسیارێتی و ئەرک کە بریتییە لە بابەتی بەرپرسیارێتی و مەبەست و ئامانجەکان، جگەلەمەش راڤەکردنی لە رێگەی هەڵێنجان و بیرکردنەوەوە دەبێت بە شێوەیەکی لۆژیکی، بە رەچاوکردنی ئەو بارودۆخەی کە دەقەکەی لێبەرهەمهاتووە، لە پێناو دروستکردنی کاریگەری و جێکەوت لەسەر خوێنەر، یان گوێگرەکەی، بە هەموو مەدلولەکانییەوە.
چەمک و پێناسە
گوتار یەکێکە لەو چەمکانەی کە لە رابردووشدا، روانین و بۆچوونی جیاوازی لەسەر هەبووە، بە تایبەتی لە روانگەی ماناو کارنامە و ئەرکەوە، وشەی گوتاریش لە وشەی لاتین (Discourses) و لە کرداری (Discurrere) وەرگیراوە و لە سەدەی حەڤدەوە بە مانای گوتار بەکارهاتووە و دەلالەتی لە قسەکردنی لەخۆوە و دواتر گفتوگۆ و پەیوەندی، پاشان نووسینی بیرێك کردووە. (عبدالقادر شرشار، تحلیل الخطاب الادبي و قضایا النص، دمشق، 2006، ص12) فۆکۆ-ش پێیوایە «زاراوەیەکی زمانییە و بە هەموو بەرهەمێکی زهنیشەوە لە دەق و قسە و نووسین ..تاد جیادەکرێتەوە» (میشیل فوکو، نظام الخطاب، ت: حمید سبیلا، دار التنویر، لبنان 1984) بۆیە «گوتار تەواوکاری بیرە لە کۆنتێکستی نووسراودا» (محمد سلیمان الهواوشە، تحلیل الخطاب الشعری، مجلة دراسات العلوم الانسانیة و الاجتماعیة ، المجلد 45، عدد 21 ، 2018، ص218.
لە رابردووودا گوتار «بە هەموو ئەو قسانەی لە نێوان دوو کەسدا رویانداوە وتراوە» (احمد بن فارس بن زکریا، مجمل اللغة، بیروت، 1986، خطب، 1/295)، یان گوتار «پێداچوونەوە بووە بە بەشەکاندا» (ابو عبدالرحمن الخلیل بن احمد الفراهیدی، العین، مکتبە الهلال، د.ت) ئەمەش لە پێناو ئەوەدا بووە، کە توانای بەدیهێنانی تیترۆلۆژیاکەی (غایە) هەبێت، یان گەیاندنی مەبەست و گەیشتنە ئامانج، یاخود ئاڕاستەکردنی پەیامە بۆ ئەوانی دی، لە پێناو تێگەشتن) (القاضي عبد النبي بن عبد الرسول بن أبي محمد الأحمد نكري، جامع العلوم فی اصطلاحات الفنون، دار الکتاب العلمیة، بیروت، 2000، 4/61)، یان «وتەیەکە گوێگر شتێکی لێ تێدەگات» (زین الدین محمد، التوفیق علی، مهمات التعاریف، العالم الکتب، القاهرة 990، 156)، ئەمەش پەیوەندی نێوان هێزی مانای زمانەوانی و زاراوەیی نیشاندەدات، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت چەند بێژەر و وەرگر هەبێت، ئیدی راستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ، لەم پەیوەندییەشدا مەبەست و پەیام هەبێت لە کەسی یەکەم بۆ دووەم، لە پێناو دروستکردنی کاریگەری لەسەر گوێگر، بۆیە دەبێت گوێگر ئامادەباشی هەبێت بۆ ئەم پەیامە، لە پێناو دروستکردنی پەیوەندی و کاریگەری و هێنانەدی مەبەست و ئامانجەکە.
زمخشری سەبارەت بە گوتار دەڵێت: «گوتار رووبەڕووبوونەوەیە لە قسەکردندا» (جاراللە الزمخشری: أساس البلاغة، دار الكتب العلمية، بيروت، لبنان، ط1، 1998، ص114)، یاخود گوتار (گەیاندنی مانایە بە گوێگر لە رێگەی قسەوە) (محمد علی الخولی، معجم علم اللغة النظری، بیروت، 1982، ص157)، یاخود «قسەیەکی دەربڕاوی یەك رستە، یان زیاترە» (محمد التونجی، المعجم المفصل فی علوم اللغة، بیروت، 1993، ص300)، ئەمەش بەو مانایە دێت، رستەکان ماناکان دروستدەکەن، بۆیە ئەرکی گوتاریش کارکردنە لەسەر ماناکان، بە تایبەتی مانا مەبەستدار و ئاماژەییەکان، ئیدی ئەم میکانیزمە بە دەقی نووسراو بێت، یان دەربڕین.

 

گوتار لای سۆسێر قسەکردنە (الحربي، آ، الاسلوبیة فی النقد الادبی الحدیث، بیروت، 2003) لای هاریس گوتار یەکەیە، یان کوتلەیەکی زمانییە و قسەکەر بەرهەمی دەهێنێت و رەهەندەکانی رستە و پەیام تێدەپەڕێنێت. (هەمان سەرچاوە)، بەدەر لەم روانینە بنڤنێست ئەوەش زیاد دەکات کە «لە زمانی کۆمەڵەوە بەرهەم دێت» (هەمان سەرچاوە).
گوتار لای فۆکۆ «بریتییە لە کۆمەڵێك دەربڕاوی خاوەن پێکهاتەی گوتاری، کە دەتوانرێت مەرج و بوونی دیاریبکرێت» (میشیل فوکو، حفریات المعرفة، ت: سالم یفوت، دار البیضاء، المغرب، 1968، ص111)، بنڤنێست سەبارەت بە گوتار دەڵێت: «بریتییە لەو دەربڕین و قسانەی، کە لە نێوان قسەکەر و گوێگردا روودەدات، تا کەسی یەکەم بە نییەتی کاریگەری بە شێوەیەك لە شێوەکان لەسەر کەسی دووەم دەیکات» (مجدی وهبە، کامل المهندس، معجم المصطلحات العربیة فی اللغة والادب، لبنان، 2008، ص159).
یان «گوتار دەقێکی نووسراوە لە نووسەرەوە بۆ وەرگر و هەڵگری پەیامێکە تایبەتە بە خۆیان» (ایمن عبدالقادر العمر، الخطاب الشعری، مقاربة النقدیة، مجلة الذاکرة، عدد٨ السنة 2020، ص153)، یاخود «گوتار هەر دەربڕاوێك، یان کارێکی وتنە بۆ گوێگر، بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەریی بە شێوەیەکی دیاریکراو» (احمد المدینی، فی اصول الخطاب النقدی الجدید، شؤون الثقافة، بغداد، 1999).
صلاح فضل پێیوایە «گوتار قۆناغێکە لە قۆناغەکانی گەیشتنە دەق، دواجار هەردووکیان وەك ئاماژەیەك بۆ یەك مەدلول بەکاردێن» (صلاح فضل، بلاغة الخطاب و علم النفس، 1970، ص136).
کەواتە گوتار «زاراوەیەکی زمانەوانییە، کە لە دەق و قسەکردن، نووسین و ..هتد جیا دەکرێتەوە و هەموو بەرهەمێکی زەينی لەخۆدەگرێت، جا چ نووسراو بێت، یان شیعر، قسەکردن بێت، یان نووسراو، تاکەکەسی بێت یان دەستەجەمعی، کەسی بێت یان دامەزراوەیی».

دەقی شیعریی گوتارە
دەقی شیعریی خۆی لە خۆیدا گوتارە، چونکە لە کۆمەڵیک رستە و کۆنتێکست و پەیام ..تاد پێکهاتووە، بۆیە کۆی دەقەکە کوتلەیەکەی سەربەخۆی پەیامداری مەبەستدارە و ئامانج لێی گواستنەوەی پەیام و دروستکردنی کاریگەریی و جێکەوتەیە لای گوێگر لە پێناو گۆڕانکاری، یان ئیستاتیکا و هاندان، پێگەی گوتاری شیعریش بریتییە لە پێکهاتەکانی دەقی شیعری، چونکە دواجار ئامانجی هەردووکیان گەیاندنی پەیامە، بەڵام هەریەکەیان بە رێگە و خاسیەت و تایبەتمەندی خۆی.
گوتاريش لۆژیکی ناوخۆیی و پەیوەندییە دامەزراوەییەکانە و مەرج نییە دەرئەنجامی دەربڕینی خودێکی تاکەکەسی بێت، یان هەڵگری مانای خۆیەتی، یان مەیلی بۆی هەیە، بەڵکو دەشێت گوتاری دامەزراوەیەک بێت، یان لقێکی مەعریفە بێت. (ميشیل فوكو، نظام الخطاب، ترجمة محمد سبيلا، دار التنوير للطباعة والنشر والتوزيع، بيروت، ط1 ، 2007، ص8).
هەروەها گوتار سیستمێکە لە نیشانەکانی پەیوەست بە تاکەکان، یان گروپەکان، یان تەنانەت بابەتەکان و هەر شێوازێک کە تایبەتمەندی مشتومڕاوی هەیە و لە کۆنتێکستەکانی تر جیایدەکاتەوە و دەتوانرێت پۆلێنبکرێت بۆ قسەکردن یان گوتاری فەلسەفی، یان پێکهاتەی گوتاری بێکۆتایی تر.
هەر یەک لە (جۆرج بی ئارۆن) و (جۆرج یول) گوتار بە داتای دەرەکییەوە دەبەستنەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە ماناکان لە ئامرازە زمانەوانییە بەکارهێنراوەکاندا نین، بەڵکو قسەکەر ئەم ئامرازانە بە شێوازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەبەستەکانی. بۆ پشتگیریکردن لەم گەڵاڵەیە، نووسەران نموونەی زۆر و جۆراوجۆری گوتار دەخەنەڕوو، وەک گفتوگۆی تۆمارکراو لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی جیاوازدا و هەندێک بڕگەی رۆژنامە رۆژانەکان. ئەوان بە وردی ئەم مۆدێلانە شیدەکەنەوە، ئەمەش رێگە بە هەر خوێندکارێک دەدات، کە لە هەموو زمانەکاندا بەکاریان بهێنێت (ج ب ارون ،ج يول، تحليل الخطاب، ترجمة محمد لطفي الزليطي و منير التريكي، جامعة سعود، الرياض، ط،1، 1997، المقدمة).
پێکهاتەیەکی هەمەلایەنەی هەیە
بۆیە گوتار پێکهاتەیەکی هەمەلایەنەی هەیە، کە پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی دەقەکە و زەمینە دەرەکییەکەی لەخۆدەگرێت، بریتین لە کۆنتێکستی دۆخەکە، کۆنتێکستێکی کۆمەڵایەتی و کۆنتێکستێکی کولتووری، لە کاتێکدا دەقەکە لە سنووری پێکهاتەی ناوەکیدا دەوەستێت و نایکرێت لەوان تێپەڕێت، پێکهاتەیەکی داخراوە کە بوونی لەلایەن نووسەرەوە دیاریدەکرێت، بە جۆرێک کە دەبێتە یەکێک لە پێکهاتەکانی گوتار (الباردي، محمد: إنشائية الخطاب في الرواية العربية، اتحاد الكتاب العرب، دمشق، 15، 1222 ص5).
کەواتە گوتار پڕۆسەیەکی پێکهێنراوی ئۆرگانیکە لەگەڵ خۆیدا پەیام و میتازمان و ..تاد بەرهەم دەهێنێت، وەک لە کڵێشەی ژمارە یەکدا خراوەتەروو:
لەم سۆنگەیەشەوە هاريس ئەوە دەخاتەروو، کە گوتار «گوتنەوەیەکی درێژ یان زنجیرەیەک لە رستە کە کۆمەڵەیەکی داخراو پێکدەهێنێت، لە رێگەیەوە دەتوانرێت پێکهاتەی زنجیرەیەک توخم بە رێگەی رێبازی دابەشکردن بپشکنرێت» (سعید یقطين، تحليل الخطاب الروائي، ط3 المركز الثقافي العربي، بيروت 1997)، لێرەوە گوتار دەبێتە پێکهاتەیەکی هەمەلایەنە، کە کۆمەڵێک داتای زمانەوانی و سیستماتیکی و دەرەکیی کۆنتێکست لەخۆدەگرێت، ئەمەش ئەوەیە کە فۆکۆ پشتڕاستی دەکاتەوە، کاتێک بە ئامرازێکی میتۆدۆلۆژیی دەزانێت، کە سەرلەنوێ سەیری هەموو توخمەکانی دەوروبەری پڕۆسەی ماناسازی و ئەوانەی کە تێیدا چالاکن دەکاتەوە. تا ئەو کاتەی دەقەکە بووە تەنها توخمێک لە نێوان توخمەکانی تردا، کە لە داڕشتنی مانا و داڕشتنی گرنگیدا بەهایان کەمتر نابێت، بەم پێیەش گوتار بریتییە لە هەموو ئەو توخمانەی کە لە پەیوەندییەکانی دەق و مێژوو و کۆنتێکست و لایەنەکانی مانا و پەیوەندییەوە کۆکراونەتەوە (د. مختار الفجاري، مفهوم الخطاب بين مرجعية ألاصلي الغربي و تأصيله في اللغة العربية، مجلة جامعة طيبة للاداب والعلوم الانسانية، العدد3، 1435، ص534).
کەواتە گوتار پەیوەندییەکی زمانەوانییە و وەک پڕۆسەیەک سەیردەکرێت، کە لە نێوان قسەکەر و گوێگرێکدا روودەدات، یان کارلێکی کەسی دیاریدەکات و وەک پەیامێک سەیری دەکرێت، کە لە فۆرم و ئامانجە کۆمەڵایەتییەکەیدا کۆکراونەتەوە، چونکە دەقەکە پەیوەندی زمانەوانییە.

 

محەمەدی مەلا كەریم: بێكەس شاعیرێكی ئازا و نەبەز و چاونەترس بووە، هەرگیز گوێی بە پایە و شوێن و دارایی نەداوە، تا مابوو بە سەربەرزی ژیا 
مێژووی گوتار

 

 

زاراوەی گوتار بە چەمکە هاوچەرخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ میشێل فۆکۆ و بریتییە لە زاراوەیەکی زمانەوانی، بە گشتیش لە ناو لێکۆڵینەوە زمانەوانی و رەخنەییە نوێکان لە سەدەی بیستەمدا بڵاوبۆتەوە، (عبدالقادر شرشار، تحلیل الخطاب الادبي وقضایا النص، دمشق 2006، ص12)، بۆیە چەمکی گوتار، بە سنوورە ناسراوەکانی ئەمڕۆی، لە سنگی زمانەوانیدا لەدایکبووە، هەربۆیە وشەی گوتار ناتوانرێت لەیەك مانادا یان پێناسەدا کۆبکرێتەوە، چونکە مێژویەکی ئاڵۆز و بەکارهێنانی جیاوازی هەیە و لە کاتی جیاوازیشدا بەکارهاتووە، بۆیە دەبێت رەچاوی ئەم بنەمایە و چۆنێتی بەکارهێنانەکەی بکرێت و لەو سۆنگەیەوە لە بوارەکەدا بناسرێت.
ئەگەر گوتار هەر لە سەردەمی یۆنان و لای سوکرات، پاشان ئەفلاتون ..تاد وەك ئەرك و کارنامە هەبووە، بەڵام وەك رەهەندە ئەبستمۆلۆژیەکە، لای فۆکۆ سەریهەڵداوە.
ئەگەرچی گوتار چەمکێکە پەیوەستە بە مرۆڤ و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، بەڵام تەنها رێگەیەك نییە بۆ گوزارشت و قسەکردن، یان کۆمەڵێك پڕۆسەی بیری پەیوەندیدار، یان شیکاری، بەڵکو «مەرج و بوون و سیستمە» (مهی محمود ابراهیم، تحلیل الخطاب فی النقد الحدیث، رسالة دکتورا، جامعة الاردنیة، 2004، ص14)، هەر بۆیە گوتار هەر لە سەرەتای ژیانەوە بوونی هەبووە، بەڵام بە پێی پێشکەوتن رۆڵ و گرنگی و کاریگەرییەکەی، ئەمیش گۆڕاوە و رۆڵی زیاتر و گرنگتری گێڕاوە و لای رۆژئاواییەکانیش زیلن هایس یەکەم کەسە گرنگی بە لێکۆڵینەوەی گوتار دابێت (سعید یقطين، تحليل الخطاب الروائي، ط3 المركز الثقافي العربي، بيروت 1997).

 

 

کۆی دەقەکە کوتلەیەکی سەربەخۆی پەیامداری مەبەستدارە و ئامانج لێی گواستنەوەی پەیام و دروستکردنی کاریگەریی و جێکەوتەیە لای گوێگر لە پێناو گۆڕانکاری، یان ئیستاتیکا و هاندان

 

گوتار لە دەقی شیعریی (بیست و حەوت ساڵە من رەنجبەری تۆم)ی فایەق بێکەسدا
شیعری (بیست و حەوت ساڵە) یەکێکە لە شیعرە بەناوبانگ و دیارەکانی فایەق بێکەس و ناسێنەری هەڵویست و جوانمەردی بێکەسە لەبەرامبەر ستەم و خەمخۆریی گەلدا، چونکە هەم شیعرەکە، هەم کاتی خوێندنەوەی، ئەو پەیامە دەدەنە هەمووان، کە بەگشتی زووتر و بە تایبەتیش شەوی پیشتر بێکەس بە تەواوی ئەم شیعرەی ئامادەکردبێت، بەوەی زانیبێتی کە ئەدمۆنس لەو بۆنەیەدا ئامادەدەبێت، بۆیە لە نەورۆزی ساڵی 1946دا بێکەس شیعرە بەناوبانگەکەی لە گردی مامەیارە و لەبەردەم ئەدمۆنسی حاکمی ئینگلیزدا لە عیراق دەخوێنێتەوە، مامۆستا برایم ئەحمەد دەڵێت: «لەگەڵ بێکەس گەیشتینە گردی مامەیارە، خەڵکێکی زۆر کۆببوونەوە لە ریزی پێشەوە ئەدمۆنس و مەعروف جیاوک و ئەشراف و بازرگانی شار دانیشتبوون، کە (پیرەمێرد) ئێمەی بینی هات و وەک دڵی ختوورەی دابێ، روویکردە بێکەس و پێیوت: «چۆنە هاتوویت؟! خۆ لێمان تێکنادەی؟!» بێکەسیش پێیوت: «نا حاجی مەترسە هیچی وا نییە». دوای ئەوەی هەلێک بۆ بێکەس رێکدەکەوێت، دەچێتە سەر مەنەسە و شیعرە بەناوبانگەکەی دەخوێنێتەوە (شێرکۆ بێکەس، نووسین بەئاوی خۆڵەمێش، بەرگی1) محەمەدی مەلا كەریم لە پێشەكی دیوانەكەدا دەڵێت: «بێكەس شاعیرێكی ئازاو نەبەز و چاونەترس بووە. هەرگیز گوێشی بە پایە و شوێن و دارایی نەداوە، تا مابوو بە سەربەرزی ژیاوە و لە رێگەی دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان لای نەداوە، ژیان و شیعری خۆی بۆ خزمەتی ئەوان تەرخانكردووە. چەند جار ئینگلیزەكان ویستوویانە بە پایەی بەرز لەخشتەی بەرن، یان هەر هیچ نەبێ دەمكوتی بكەن، بەڵام ئەو گوێی نەداونەتێ و بەهیچ نەخەڵەتاوە و لەهیچ نەترساوە» (دیوانی بێكەس 6)، هەربۆیە لەبەردەم پارێزگاری ئەوسای سلێمانی (مەعروف جیاوك ) و بەئامادەبوونی حاكمی ئینگلیز ( ئەدمۆنس) زۆر بوێرانە و ئازایانە رووی دەمی دەكاتە دەسەڵات بە تایبەتی (ئەدمۆنس) بە دەنگێگی بەرز هاوار دەكات و شیعرە گوتاریەکەی دەخوێنێتەوە.
د. زاهیر لەتیف دەڵێت: «لە دنیای سیاسەتدا تێبینی دوو چەمكی بیركردنەوەی جیاواز دەكرێت، تووڕەكردن و رازیكردنی بەرامبەر بە شێوازی جیاواز. ئەمەش جۆرێكە لە توندڕەویی و میانڕۆیی. لێرەدا پرسیارەكە لەوەدایە كام لەم دوو چەمكە بە قازانجی تێكڕای خەڵكی دەشكێتەوە، یان لەچ كاتێكدا تێكڕای خەڵكی پێویستی بەو دوو چەمكە دژ بەیەكەیە؟ وەك لای هەمووان ئاشكرایە زۆرێك لە گەلانی جیهان، بەهۆی چەوسانەوەیان لەلایەن داگیركەران یان ستەمكارانەوە، پەنایان بۆ چەمكی یەكەم بردووە بەوپێیەی داگیركەران لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان و مانەوەیان لەسەر كورسی دەسەڵات هەمیشە لەهەوڵی سڕینەوەی شوناسی گەلانی چەوساوەدا بوون». (هەڵسەنگاندنە زەمەنییەكان (khaktv.net) 21/11/2021
کەواتە بۆچی بێکەس ئەو کاتەی هەڵبژارد کە حاکمی ئینگلیزی لێیە، لەکاتێکدا دەیتوانی لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا، یان بۆنە و کاتێکی تردا بیخوێنێتەوە، بەڵام بێکەس مەبەستی بووە رووبەروو و بەشاهیدی ئەو خەڵکە فیدباک بداتەوە بە دەسەڵات و ئەدمۆنس، چونکە دەسەڵات واتە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن ئەوەوە دەردەچن و خەڵکی ملکەچی جێبەجێکردن دەکەن، بەڵام مەرج نییە هەموو بڕیارێك کە دەسەڵات دەریدەکات، زۆرینەی خەڵکی پێی رازین، بەڵکو ئەوە سیستمە ناچاریان دەکات بەملکەچبوون، چونکە بڕیارەکان بەرژەوەندخوازین، نەك خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان، یان بڕیاری سیاسین، نەك خزمەتگوزاری.
هەروەها د. زاهیر لەتیف دەڵێت: «گەلە چەوساوەكان پێویستە هوشیارانە مامەڵە لەگەڵ ستەمكاراندا بكەن و خۆیان لە هەڵە گەورە و قەبەكان بپارێزن، بەمانایەكی تر گەر زەمەنەكان، لەبەردەم چەوساوەكاندا، گونجاو نەبوون و چەمكە هەڵچوونییەكان كردارەكان بەرن بەڕێوە، ئەوا لە زۆر حاڵەتدا، كارەساتی گەورەی لێدەكەوێتەوە كە ئەمە لە بەرژەوەندی چەساوەكاندا نابێت. بۆ ئەم مەبەستە دوو نموونە دەهێنینەوە: یەكەمیان، هەڵوێستی شاعیری نیشتمان پەروەر (بێكەس) بەرامبەر (ئەدمۆنس)، حاكمی ئینگلیز لەناوچەكە. دووهەمیان، هەڵوێستی بیرمەندی كورد (تۆفیق وەهبی بەگ). لەیەكەمیاندا، پێویستە ئەوە بگوترێت كە (بێكەس) لە هەلومەرجێكی سۆسیۆڵۆژی و فیكری و سیاسی و رۆشنبیریدا شیعری «بیست و حەوت ساڵە من رەنجبەری تۆم»ی لەبەردەم (ئەدمۆنس) دا خوێندەوە، گەرچی هەندێك كەس پێیان وایە شیعرەكە لە جۆری كتوپڕی، یان سەرپێی (ارتجالی) بێت، بەڵام لەپشت ئەم دەقەوە باكگراوندێكی زەمەنی، لە جۆری سیاسی و شۆڕشگێڕی بەدیدەكرێت، بەتایبەتی شكستی شۆڕشەكەی مەلیك مەحمود كەهەر ئینگلیزەكەی (ئەدمۆنس ) بەرپرسی سەرەكی شكستەكە بوو. ئەم شكستە جۆرە سۆز و هەستێكی هەڵچوونی لای تێكڕای خەڵكیی دروست كردبوو بە شاعیرانیشەوە. ئامادەبوونی (ئەدمۆنس) لەئاهەنگی نەورۆزی 1946 هەلێكی گونجاو بوو لەبەردەم (بێكەس)دا تا بتوانێت ئەوەی لە دڵیدایە و چەندین ساڵە كەڵەكەی كردووە و قەتیسماوە لە بیرو و هزری خۆیدا هەڵیڕێژێت. ئەمە لەلایەكەوە بۆ (بێكەس) رۆڵی دامركانە سایكۆڵۆژییەكان دەبینێت، لەلایەكی تریشەوە نامەیەكیش بوو بۆ (ئەدمۆنس )كەئینگلیزەكان بەدرێژایی ماوەی حوكمیان لەكوردستان تەنها هەوڵی تێكشاندن و پەرت پەرتبوونیان بۆ كورد داوە»(هەڵسەنگاندنە زەمەنییەكان (khaktv.net) 21/11/2021 
بۆیە ئەم دەقە لای شاعیر و خوێنەر، یان گوێگرەکەی هەڵگری ماناو مەدلولی جیاوازە، چونکە دواجار هێڵە ورد و گشتییەکانی بارودۆخەکە دەناسێنێت، وەک لە هێڵکاریی و کڵێشەی ژمارە دوودا خراوەتەڕوو:
بێگومان جۆری نووسین و پەیامەکە ئەوە نیشاندەدات، کە شیعرەکە بریتییە لە هەڵچوونێکی دەروونی شاعیر، بەڵام لە هەمانکاتیشدا بریتییە لە گوتارێکی سیاسی نەتەوەیی بەرامبەر داگیرکەران، بۆیە ئەمەشیان زیاتر بۆتە ناسنامەی شیعرەکە و کرۆکی گوتارە شیعرییەکەی شاعیر، لەگەڵ ئەمەشدا بێکەس ئەو بەرپرسیاریەتییەی لەسەر خۆی لابرد، کە بریتی بوو لە ناساندنی ئینگلیز بە خەڵکی و هوشیارکردنەوەیان لە ئامانج و مەبەستی ئینگلیزەکان، هەر بۆیە لە رێگەی ئەم دەقەوە شوناسی ئینگلیزەکانی لە عیراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

 

 مامۆستا برایم ئەحمەد دەڵێت: «لەگەڵ بێکەس گەیشتینە گردی مامەیارە، خەڵکێکی زۆر کۆببوونەوە لە ریزی پێشەوە ئەدمۆنس و مەعروف جیاوک و ئەشراف و بازرگانی شار دانیشتبوون، کە (پیرەمێرد) ئێمەی بینی هات و وەک دڵی ختوورەی دابێ، روویکردە بێکەس و پێیوت: «چۆنە هاتوویت؟! خۆ لێمان تێکنادەی؟!» 

 

 رەهەندەکانی گوتار لە دەقی شیعریی (بیست و حەوت ساڵە من رەنجبەری تۆم)ی بێکەسدا
ئەم دەقە یەکێکە لە دەقە بەناوبانگ و دیارەکانی شاعیر، بەهۆی ئەمەشەوە دەتوانرێت بەچەند رەهەندێکی جیاواز خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەم رەهەندانەش هەڵقوڵاوی سیاسەت و بیرکردنەوەی ئینگلیزەکانە لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا، بۆ نموونە:
1- رقلێبوونەوە لە کەسی شۆڕشگێڕ و یاخی :
ئینگلیزەکان دژی ئەوانەبوون، کە یاخی دەبوون لە یاساو رێساکان و ملکەچی فەرمانەکانیان نەدەبوون، ئەگەرچی بەرووکەش گرنگییان بە ئازادی و رۆژنامەگەری و ..تاد دەدا، بەڵام بەو مەرجەی دەسەڵاتی ئەوانی قبووڵ بێت، ئەگەر نا هەرکاتێك لەبەرژەوەندییان لابدەیت، رووبەرووت دەبنەوە، ئەم سیاسەتەش نەک لە عیراق، لەو وڵاتانەش کە داگیریان کردبوو پیادەیان دەکرد، هەر بۆیە زۆر بە راشکاوی لە یەکەم دێڕەوە ئەم راستییە بە ئەدمۆنس دەڵێت، تا لە ستەم و ئازارەکانی خەڵک وردبێتەوە کە چەند قووڵ و ئازاراوییە، هەر بۆیە «ناشیرینكردن و گاڵتەجاڕی نەیاران و دەرخستنی كردارە نەشیاوەكانیان بە چاوی رق و كینەوە، ئەم جۆرە لەڕەفتار، رەخنەگرتن و داشۆرینی نەیارەكانە بە ناوەكی و دەرەكییەوە ئەویش، لەلایەكەوە و بەمەبەستی هاندانی جەماوەرە، لەلایەكی تریشەوە رسواكردنی ئەو نەیارانەیە و راستركردنەوەیان (راغب، نبیل: 13)، واتە گاڵتەجاڕی بەنەیاران دەرئەنجامی كردارە ناشیرینەكانە بە نموونەی خۆفرۆشی و ناداپەروەری و چەوسانەوە، هەروەها هێزێكی دەربڕینە بەبێ ئەوەی چەكی تێدا بەكار بێت» (عبدە الهوال، حامد:  35)، كەواتە پاڵنەری ئەم چەمكە گاڵتەجاڕی و بەكارهێنانی شێوازی رق و كینەیە بریتییە لەهەستكردن بەزوڵم و ستەم. «پاڵنەرەكانیش دوو جۆرن، یەكەمیان گشتی وەك ئەوەی بابەتەكە پەیوەندی بە هەمووانەوە هەبێت بەنموونەی داگیركاری. دووەمیان پەیوەندی راستەوخۆی بەدیاردە ناشیرینەكانی كۆمەڵگەوە هەیە». (پ. د. زاهیر لەتیف، دیماگۆجیا لەدەقی شیعریدا بێكەس بەنموونە)، کەواتە بێکەس مەبەستی بووە لەرێگەی ئازارو ستەمەوە بە ئەدمۆنس بڵێت، چونکە هەمیشە گوتارەکان لە دەستپێکەوە هێزی پەیامەکەیان دەگەیەنن، تاوەکو گوێگر بە سەرنج و هەڵوێستەوە گوێی لێ بگرێت، وەک دەڵێت:
بیست و حەوت ساڵە من رەنجبەری تۆم
بەنان و ئاو و جل بەرگی خۆم
خزمەتم کردی لە ئێران و رۆم
لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم
کەچی هێشتا هەر دیل و رەنجەڕۆم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
کەواتە پەیامی یەکەمی بێکەس، لە ناساندی خزمەتی کوردەوە دەستپێدەکات و دەیەوێت ئەوەی پێ بڵێت کە کورد بەوەفایە بەرامبەر هاوپەیمانەکانی، بەڵام ئەوە ئێوەن ئەم وەفادارییەی ئێمەتان قۆستەوە، لەمەشدا بێکەس خۆی کردووە بە قوربانی گەلەکەی، بەوەی بەناوی خۆیەوە دەدوێت، نەک دواتر لەلایەن نزیکەکانی ئینگلیزەوە سەرزەنشتبکرێت، با رەخنەکان لەسەرخۆی بن، نەک گەلەکەی، راستییەکەش هەروا دەرچووە، ئەگەر نا ئەوەی خستویەتییەروو، گوتاری کوردە، نەک بێکەس بەتەنها، واتە بێکەس لێرەدا ئاماژەیە بۆ هەموو کورد.
یان دەڵێت:
بیست و حەوت ساڵە من بەتەماتم
چاوەڕێی نەختێ لوتف و خەڵاتم
ببوژێتەوە خاکی وڵاتم
هیچ گوێ نادەیتە دەرد و ئاواتم
چونکە ئەیزانی بێ دەسەڵاتم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
لەم کۆپلەیەدا هۆکاری ئەو راشکاوی و هەڵسەنگاندنەی کۆپلەی یەکەم دەداتەوە بە ئەدمۆنس، دەیەوێت بڵێت ئەم هەموو ساڵە هیچ کارێکی وات نەکردووە کە نە خواستەکان، نە پێشکەوتنمان نیشانبدات، لەبەرئەوەی بێدەسەڵات و بێ پشتیوان بووین، تۆش وەک ئەوانی تر ئێمەت چەوساندۆتەوە، کەواتە ئەوە بزانە ئەم پەیامە، پەیامی شیعرییەو بەدرێژایی مێژوو خوێندنەوەی خۆی هەیە و کاریگەری و جێکەوت بەجێدەهێڵیت لەسەر سیاسەتی ئینگلیز، بۆیە تازووە هەنگاێک لەم بارەوە بنێ.
2-  ململانێی نێوان کورد و ئینگلیز وەك داگیرکەر:
کورد بەدێژایی مێژوو دژی هەموو ئەو داگیرکەرانە وەستاوە، کە دەسەڵاتیان بەسەر خاك و نیشتماندا هەبووە، ئیدی هەرکەسێك بووبێت، بۆیە شاعیر دەیەوێت لەرێگەی ئەم دەقەوە شوناسی داگیرکەر و زاڵم بناسێنێت، بەوەی خزمەتی بکەین و دژی بوەستینەوە، هەر بە ژێردەستەت دەزانێ و هیچ کاتێک ناتخاتە سەرووی بەرژەوەندییەکانییەوە، لەم بارەوە د. زاهیر لەتیف دەڵێت: « (بێكەس) لەم چركەساتەدا، هوشیارە و دەزانێت كورد، بەهۆی خراپبەكارهێنانی سیاسەتی ئینگلیزەوە بریندارە و پێویستی بە شتێك هەیە كە بتوانێت باڵانسەكان رابگرێت و درێژە بەمەسەلە و پرسیارە چارەنووسسازەكانی خۆی بدات، بۆ ئەم مەبەستەش تاکە چەكی (بێكەس) بریتی بوو لە وروژاندنی تاكی كورد ئەویش لەڕێگەی سۆزە هەڵچوونییەكانەوە نەك بەرنامەیەكی زانستی». (هەڵسەنگاندنە زەمەنییەكان (khaktv.net) ، کەواتە پەیامەکە لەلایەک بۆ ئینگلیزە، لەلایەکی تریشەوە بۆ کوردە، ئەگەرچی خاوەن پلان و بەرنامەیەکی بەهێز نەبوو، بەڵام توانی پەیامە نهێنی و مەبەستدارەکەی ئینگلیز ئاشکرابکات، وەک دەڵێت: 
بیست و حەوت ساڵە زووخاو ئەنۆشم
لە زوڵم و جەورت هەر چاو ئەپۆشم
بۆ رەزامەندیی تۆ تێ ئەکۆشم
لەبەر تۆ زەربەم داوە لە خۆشم
وا تێ گەیشتم کە چەند بێ هۆشم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
شاعیر دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی چاوی لە زۆر شت پۆشیووە، بۆئەوەی بتوانێت بژێت، یان ژیانێکی ئاسایی بۆ خەڵکی دەستەبەربکرێت، بەڵام دواجار کورد هەر بە ژێردەستە دانراوە، بێکەس لێرەدا وەک کەس قسە ناکات، بەڵکو وەک نوێنەری هەموو کورد قسە دەکات، بۆیە بەهەموو خزمەتکردنەکانیشمان هەر سستەمتان لێ کردوین و مافی خزمەتەکەشمان پێنەدراوە.
یان دەڵێت:
بیست و حەوت ساڵە بەبێ زیاد و کەم
ئەپاڕێمەوە. هەر هاوار ئەکەم
یاخوا کافریش نەبێ بە جەستەم
وێڵ و سەرگەردان بێ تین و خەستەم
هیچم پێ ناکرێ، دیل و دەست بەستەم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
لەم کۆپلەیەدا دەوێت ئەوە بە ئەدمۆنس بڵێت کە کورد بێدەنگ نەبووە لە گەیاندنی نادادیتان، ستەمتان، ئەگەر نا سەیری رۆژنامە و گۆڤار و پەیام و گوتارە شیعرییەکانم بکە، هەمووی گوزارشتن لەم سیستمە، یان تۆش شت ناخوێنیتەوە، یان دارودەستەکەت پێتڕاناگەیەنن، کە مەبەست لەو کوردانەشە کە لەپێناو بەرژەوەندییان ئەم داواکاری و ناڕەزاییانە وەک خۆیان ناگەیەنن، یان بەخراپی دەیگەیەنن، لەگەڵ ئەمەشدا هەمووشمان هەر بە یەک چاو سەیرکراوین و وەک دیل رەفتارمان لەگەڵ کراوە، بەڵام خستنەرووی ئەم دەقەش لەلایەن بێکەسەوە بۆ ئەوەیە کە دواجار کورد سەربەرزی بۆ دەمێنێتەوە، نەک سوکبوون.

یان دەڵێت:
بیست و حەوت ساڵە من تووشی تۆ بووم
لە رێی ژیانا هیچ پێش نەکەوتووم
لات و پەژموردەم. هەروەکو مردووم
قسەی خۆمان بێ حەشرت پێ کردووم
هیوام نەماوە، تازە لە دەست چووم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
شاعیر دەیەوێت ئەوە بە ئەدمۆنس بڵێت لەرووی شارستانی و گۆڕانکارییەکانی سەردەمەوە وەک خۆیان ماونەتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا داگیرکاری و خۆویستی ئینگلیز دووچاری بەرژەوەندی کردووە، بۆیە وایکردووە خەڵکی بێهیوابن لە باشبوون و گۆڕانکاری، لەکاتێکدا ئینگلیزەکان ئەوە بەڕووماندا دەدەنەوە، کە لەگەڵ خۆیاندا پێشکەوتنیان بۆ هێناوین.
3-  ناسینەوەی کارەکان، فیدباکی شاعیر - گەل :
شاعیر لەم دەقەدا فیباکی ئەزموون و کاری (27) ساڵی ئینگلیزەکان راستەوخۆ و لە رێگەی شیعرەوە دەداتەوە بە ئەدمۆنس، هەم وەك خستنەڕووی ناسنامەی خۆیان، هەم وەك هەڵوێستی خەڵکی شاری سلێمانی و دواجار کورد، بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە جارێکی تر هەڵسەنگاندنێك بۆ بەرپرس و کەسی یەکەم بکات، بەوەی ئایا ئەمە هەڵوێستی ئینگلیزە، یان هەڵەی بەرپرس و سەربازەکانی، بۆیە پێویستە لەدوای بیستنی ئەم هەڵسەنگاندنەی بێکەس راستەوخۆ کاری لەسەر بکەیت، ئەگینا ئەمەی دەیخاتەروو، بریتییە لەناسنامەی ئەدمۆنس وەک ئینگلیز، د.زاهیر لەتیف دەڵێت: «جوانترین نموونەی گاڵتەجاڕی و هێرشەكەی بێكەس بۆ داگیركەران دەقی (بیست وحەوت ساڵە)یە كە بەچەندین شێوە سیاسەتەكانی داگیركەری ئینگلیز، لەبەردەم حاكمی ئینگلیزدا (ئەدمۆنس) دەخاتەڕوو، خزمەتكاری و رەنجبەری، رەتاندن، دیلی و رەنجەڕۆیی، قسەی زل و فڕوفیشاڵ، ژێردەستەیی زوڵم وستەم، نابەڵێنی ...هتد» (دیماگۆجیا لەدەقی شیعریدا بێكەس بەنموونە)، بەم پێیەش ئەم خاسیەتانە بریتین لە هەڵسەنگانەکان و ئامانج و پاڵنەرە سەرەکییەکەی خودی دەقەکەی بێکەس، بۆیە دەڵێت:
بیست و حەوت ساڵە من ئەڕەتێنی
بە فڕ و فیشاڵ ئەم خەڵەتێنی
ڕۆژی نەوعێکم هەڵ ئەپەڕێنی
بۆ مەرامی خۆت ملم ئەشکێنی
کە ئیشت نەما وازم لێ دێنی
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
شاعیر بەراشکاوی بە ئەدمۆنس دەڵێت ئەو ماوەیە ئەوەی کردووتانە، بەس درۆ و کات بەسەربردن بووە، ئەو شکستانەی بەسەر نیشتماندا هاتوون، هۆکارەکەی ئێوەبوون، ئەمڕۆش دەتەوێت بەم چاوبەستەیەی کە ئێستا پیشانماندەدەیت پێتوایە ئێمە رازاین و تۆ دڵسۆزی، بەڵام راستیەکەی هەر رۆژە و درۆیەک بۆ بەڕیکردنمان دەکەیت، ماوەیەکیش پەراوێزمان دەخەی، ئەمەش هەڵوێستی داگیرکەرە، نەک دڵسۆز، بۆیە ئێوە وڵاتێکی داگیرکار و ستەمکارن.

یان دەڵێت:
بیست و حەوت ساڵە دەم بەهاوارم
جارێ ناپرسی لە حاڵی زارم
سووتام، پڕووکام زۆر بێ قەرارم
ئەزانی لە تۆ بۆ چی بێزارم؟
شارەزای دەردمی. ناکەی تیمارم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
شاعیر لەم کۆپلەیەدا ئەوە بە ئینگلیز دەڵێت: نەڵێی بۆ قسەت نەکردووە، نووسراومان پێنەگەیشتوە لەم بارەوە، یان هیچ رێکارێکی کارگێڕیتان نەگرتۆتەبەر، بە پێچەوانەوە زۆر بێباکی لە هاوار و ئازارەکانمان، هەربۆیە ئەمڕۆ بەم شێوازە و بەم بێزاری و توڕەییەوە وەڵامت دەدەمەوە، جگەلەمەش دەرد و چەرمەسەریەکانمان دەزانی، ئاگاداری ئێمە لەگەڵتان کاردەکەین، بەڵام هەر پشتگوێمان دەخەن.

یان دەڵێت:
بیست و حەوت ساڵە دڵم لێت پڕە
ئەحواڵم بە دەست تۆوە زۆر شڕە
سەد بەڵێن بدەی لەلای من تڕە
بەسیەتی ئیتر ئەم وڕەوڕە
نۆکەریت ناکەم ورگم هەڵدڕە
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
لەکۆتایشدا بە راشکاوی دەڵێت سەردەمی دروشم و قسەی زل کۆتایی هاتووە و ئیتر بەناوی جیاوازەوە ناتوانی بەکارمانبهێنیت، بەمەش دەیەوێت پەیامی هوشیاری و رووبەرووبوونەوە بە ئەدمۆنس بڵێت، چونکە پێشتر ئەگەر بە هەر هۆکارێک لەگەڵت بووین و بەگوێمان کردووی، ئیتر کاتی ئەوە نەماوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە بێکەس لە روانگەی ئایندە و بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە لەمەسەلەکەی روانیوە، نەک هەڵسەنگاندنی ئێستای، بۆیە بەم ئاکتی دڵپڕی و بێزارییەوە، خۆی پیشانی ئەدمۆنس دەدات، بۆئەوەی ئەگەر لە وشەکانیش تێنەگەیشتی، ئاکتەکە پەیام و گوتارەکەت پێدەڵێت.
-4 هەڵسەنگاندنی سیاسی:
مەبەست لەو جۆرە روانینەی شاعیرە، کە لەڕێگەی سیاسەتی گشتی و کار و کردەوەی ئینگلیزەکان هەڵسەنگێنێ، لەهەمانکاتیشدا رەخنەی توند ئاراستەی ئەدمۆنس دەکات، بەمەبەستی خستنەڕووی شکستەکەیان، لەڕوانگەی داگیرکەرییەکانەوە، نەك سەرکەوتنەکەیان لەڕوانگەی سیاسی خۆیانەوە، لە بارەی دەقەکەوە د. زاهیر لەتیف دەڵێت: «دەقەكەی بریتییە لە دەقێكی دەمارگیری و عەفەویی دژ بەداگیركەرانی ئینگلیز كە (ئەدمۆنس) نوێنەرایەتی دەكردن. بەپێی گریمانەكان، بێكەس لەناخدا رەنگە وا هەستی كردبێت كە ناوەڕۆكی دەقەكەی سەركەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت و ئینگلیزەكان پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا دەكەن بەتایبەتی لەمەسە و دۆزی كوردا، بەڵام لەڕاستیدا دۆخەكە لەخراپەوە بەرەو خراپتر رۆیشت و ناوەڕۆكەكە ئەوەندەی كوردەكانی وروژاند دوو هەندەی ئەوەش ئەدمۆنس و ئینگلیزی توڕە كرد. بەمەش بێكەس لەنامەكەیدا ئەوەی كەدەیویست دەستی نەكەوت». (هەڵسەنگاندنە زەمەنییەكان  (khaktv.net) ئەمەش ئەو سێ رەهەندەی تر پشتڕاستدەکاتەوە کە گوتارە شیعرییەکە لەخۆیگرتوون، بۆیە لەوانەیە لەو سەردەمەدا ئەم هەوڵەی بێکەس بەزیانگەیاندن خوێنرابێتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا نیشاندانی بەئەمەکی رۆڵەی کورد و قبووڵنەکردنی ژێردەستی و شکاندنی بێدنگی بوو، وەك دەڵێت:
من رەنجبەرێکم پاک و بەسەزمان
هەوڵم بۆ داوی بەدڵ و بەگیان
بەسیەتی ئیتر درۆ و تەفرە دان
وا ئەبێ عەدل و ئینساف و ویجدان
ئەمکەی بە دیلی (عیراق) و (ئێران)
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!.....ل78
شاعیر بەراشکاوی ئەوەی پێدەڵێت کە گەل ئەو خزمەت و کارکردنەی لەبەرژەوەندی سیاسی ئینگلیزەکان کردووە، هێشتا بەوە دڵت ئاوناخواتەوەو دەمانکەیتە دیلی عیراق و ئێران، ئەمەیە وەفا و وەڵامدانەوەی خزمەتەکان، بەمانایەکی تر دەیەوێت بڵێت نەک لەناوخۆماندا ستەمتان لێکردوین و بەدرۆ هەڵتانخەڵەتاندوین، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندی خۆشتاندا کردتانین بە دیلی وڵاتان.

یان دەڵێت:
بیست و حەوت ساڵە تەفرەی خۆم داوە
وازم لە هەموو کەسێک هێناوە
تۆم گرتووە و، دنیام خستۆتە لاوە
بۆیە پێم ئەڵێن کەر و رێشگاوە
ئەوی تۆی ناسی ملی شکاوە
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
لەم دەقەشدا سەرزەنشتی خۆی دەکات، بۆئەوەی ئەوەی پێبناسێنێت، کە لەناو هەموو ئەگەرەکاندا کە زانیومانن، ئینگلیزمان هەڵبژارد و پشتمان کردە هەموو دنیا و لەسەر ئەمەش زۆر سەرزەنشت کراین، بەڵام دواجار ئەوەت سەلماند، کە دەڵێن ئەوەی پشت بە ئینگلیز ببەستێت، بەسەردا دەکەوێت و ملی دەشکێت.

یان دەڵێت:
بیست و حەوت ساڵە تاڵە ژیانم
لەژێر دەستیی تۆ زۆر پەرێشانم
لە ئینسان ناچم، عەینی حەیوانم
کەی رزگار ئەبم ماڵی وێرانم؟
وا بە خۆت ئەڵێیت «حامی»ی گەلانم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆ چی بەناهەق وا سووکت کردم؟!
شاعیر دەیەوێت بڵێت ئەم هەموو ساڵە بەهیوای ئێوە کارمان کرد، لەگەڵ ئەوەی ژیانمان تاڵ بوو، ژێردەستەبوونیشمان پەرێشان، ئەوەش ژیان نییە کەچی بەخۆت دەڵێیت من پارێزەری گەلانم و هاتووم بۆ پارێزگاری لێتان، کەواتە سەد رەحمەت لە کفن دز، لە کۆی دەقەکەش (11) جار دوا دێڕی دووبارەکردۆتەوە، واتە یازدە جار دەیداتەوە بە گوێی ئەدمۆنسدا، بۆئەوەی بەجوانی بچێتە مێشکییەوە و گوتار و پەیامەکەی شاعیر بگاتە شوێنی خۆی، کە بریتییە لەوەی چ هەڵە و بێگوێییەکی ئینگلیز کراوە، وا کوردستانتان لەبەرامبەردا سووککرد، بەڵام رۆژگار ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەوە ئێمە بووین دڵسۆز و پارێزەر و ئێوەش گەل فرۆش.
ئەنجام:
لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیەدا دەگەینە ئەوەی کە:
1- شیعری (بیست و حەوت ساڵە من رەنجبەری تۆم) بریتییە لە گوتارێکی شیعریی کورد بەرامبەر داگیرکەران، بەڵام لەسەر زاری بێکەسەوە خراوەتەڕوو.
2-  بێکەس دەیەوێت لە رێگەی ئەم شیعرەوە فیدباکی سیاسی بە ئینگلیزەکان، وەک نموونەی داگیرکاران بداتەوە.
3- دەقەکە ئەگەرچی بریتییە لە هەڵچوونێکی خودی شاعیر، بەڵام دواجاریش بریتییە لە گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرامبەر داگیرکەران.
4- لەم دەقەدا شاعیر وێنەی بارودۆخی حکومڕانی لە روانگە سیاسییەکەوە دەناسێنیت.

سەرچاوەکان:
1- ابو عبدالرحمن الخلیل بن احمد الفراهیدی، العین، مکتبە الهلال، د.ت
2- احمد المدینی، فی اصول الخطاب النقدی الجدید، شؤون الثقافة، بغداد 1999
3- احمد بن فارس بن زکریا، مجمل اللغة، بیروت 1986
4- ایمن عبدالقادر العمر، الخطاب الشعری، مقاربة النقدیة، مجلة الذاکرة، عدد(8) عد (2) السنة (2020)
5- ج ب ارون ،ج يول، تحليل الخطاب، ترجمة محمد لطفي الزليطي و منير التريكي، جامعة سعود، الرياض، ط1 ،1997
6- جاراللە الزمخشری : أساس البلاغة، دار الكتب العلمية، بيروت، لبنان، ط1، 1998
7- الحربی، آ، الاسلوبیة فی النقد الادبی الحدیث، بیروت 2003
8- زین الدین محمد، التوفیق علی مهمات التعاریف، العالم الکتب، القاهرة 1990
9- صلاح فضل، بلاغة الخطاب و عالم النفس 
10- عبدالنبي بن عبدالرسول بن أبي محمد الأحمد نكري، جامع العلوم فی اصطلاحات الفنون، دار الکتاب العلمیة، بیروت، 2000
11- عبدالقادر شرشار، تحلیل الخطاب الادبی و قضایا النص، دمشق 2006
12- سعید یقطين، تحليل الخطاب الروائي، ط3 المركز الثقافي العربي، بيروت 1997

13- مجدی وهبە، کامل المهندس، معجم المصطلحات العربیة فی اللغة والادب، لبنان 2008
14- محمد الباردي، إنشائية الخطاب في الرواية العربية، اتحاد الكتاب العرب، دمشق، 15 ،1222
15- محمد التونجی، المعجم المفصل فی علوم اللغة، بیروت 1993 
16- محمد علی الخولی، معجم علم اللغة النظری، بیروت 1982
17- میشل فۆکۆ، حفریات المعرفة، ت: سالم یفوت، دار البیضاء، المغرب 1968
18- میشل فۆکۆ، نظام الخطاب، ت: حمید سبیلا، دار التنویر، لبنان 1984

نامەکان: 
مهی محمود ابراهیم، تحلیل الخطاب فی النقد الحدیث، رسالة دکتورا، جامعة الاردنیة 2004
گۆڤارەکان:
محمد سلیمان الهواوشە، تحلیل الخطاب الشعری، مجلة دراسات العلوم الانسانیة و الاجتماعیة، المجلد 45، العدد 21، 2018
د.مختار الفجاري، مفهوم الخطاب بين مرجعية ألاصلي الغربي و تأصيله في اللغة العربية، مجلة جامعة طيبة: للآداب و العلوم اإلنسانية، العدد 3، 1435 
وێب سایت:
هەڵسەنگاندنە زەمەنییەكان (khaktv.net) 21/11/2021

 

گوتار و گوتاری بەرامبەر

کڵێشەی ژمارە یەک

کڵێشەی ژمارە دوو

مامۆستا برایم ئەحمەد

رۆڵی گوتار لە هۆشیار کردنەوەی خەڵکدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان