قوباد تاڵەبانی: دەبێت ژینگە ئەولەوییەتی کاری سیاسیی هەرێم و عیراق بێت

03:23 - 2024-05-12
کوردستان
553 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: خۆشحاڵین کە لەسەر ئاستی بەرزی سیاسەت لە کوردستان و عیراق قسە لەسەر گرنگیی پرسی ژینگە دەکرێت، بەڵام ئەمە بەس نییە و دەبێت کاربکەین بۆ ئەوەی ئەم پرسە ببێتە ئەولەوییەتی سیاسەت لە کوردستان و عیراق. 
بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسانی عیراق و کوردستان، سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی وشکەساڵی و کاریگەری گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و دیموگرافیا لە عراق لە هەولێر بەڕێوەچوو.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: ئاساییە لە زۆر بواردا ناکۆکیمان هەبێت، بەڵام خەمخۆری بەرامبەر بە ژینگە و کاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە مەترسیدارەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، دەتوانێت خاڵی کۆکەرەوەی هەموومان بێت، چونکە ئەم پرسە پرسی ئێستا و پرسی نەوەکانی داهاتووشە. 

 ئاماژەی بەوەشدا لەم قۆناغەدا پێویستمان بەوەیە، هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ستراتیژێکی هاوبەش دابنێن بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنی و مەترسیدارەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا و ساڵانەش بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت و سوود لە هەموو توانا زانستییەکانی ناوخۆ و دەرەوە وەربگیرێت.

# قوباد تاڵە‌بانی #ژینگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان