دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: ئەمریکا تەئکید دەکاتەوە کە بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت

01:25 - 2024-05-17
کوردستان
155 جار خوێندراوەتەوە

سەردانی سەرۆک بافڵ بۆ ئەمریکا بایەخی گرنگی هەیە و یەکەم سەردانی سەرۆکی حزبێکی سیاسییە، کە بەڕەسمی بانگهێشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکرێت چ لەسەر ئاستی هەرێم، چ لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکەش، هەروەها سەرۆک بافڵ سیاسەتی روون و راشكاوی یەكێتی و كوردی لە ئەمریكا خستۆتەڕوو.
لەوبارەیەوە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کوردستان کە لەو سەردانەدا یاوەری سەرۆک بافڵ-ە دەڵێت: ئەمریکا هاوبەشێكی سەرەکییە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و لە عیراقیش قوربانی زۆری داوە، ئەو ئازادی و دیموکراسییەی کە ئێستا هەمانە دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیی ئەمریکا، پێویستبوو کە بێینە ئەمریکا و تێڕوانینی یەکێتی و سەرۆک بافڵ-یان لە نزیکەوە گوێ لێبێت، ئەوانیش بە بایەخ و گرنگییەوە گوێیان لە تێبینی و تێڕوانینەکان گرت.
نووسینگەی راگەیاندنی لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن لێدوانی دەرباز کۆسرەت رەسوڵی ناردوە و دەڵێت: لە هەموو ئاستەکان پێشوازی کراین و لە کۆشکی سپی سێ کۆبوونەوەی گرنگمان هەبوو، هەروەها کۆمەڵێک دیداری تایبەتمان هەبوو لەگەڵ کۆنگرێسمانە جیاجیاکاندا، لە وەزارەتی بەرگریش کۆبوونەوەمان کرد و لەگەڵ ئەو ناوەندی لێکۆڵینەوانەش کە کاریگەری لە سیاسەتی ئەمریکا دەکەن، کۆبووینەوە و بە پەرۆشەوە پێیان خۆشبوو گوێیان لە تێبینی و سەرنجەکانمان بێت.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ دەڵێت: کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ستراتیجی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بە گرنگییەوە لێی دەڕوانێت، هەروەها تێبینییان هەیە لەسەر شێوازی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، ئەمریکییەکان تەئکیدیان لە تەبایی و یەکڕیزیی کورد کردەوە و پشتیوانێکی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان دەکەن.
وتیشی، ئەمریکا تەئکید دەکاتەوە کە بە زووترین کات دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و پێمان خۆشە کە ئەوانیش فشار لە هەموو لایەنەکان بکەن کە بە زووترین کات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، چونکە هەڵبژاردن دەبێتە مایەی بەهێزبوون و مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، تەنها یەک دوو لایەن تێبینییان لەسەر پڕۆسەکە هەیە، بەڵام ئەمە نابێتە مایەی ئەوە کە هەڵبژاردن پەکبخرێت، چونکە ئەوە مافێکی رەوای خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان