ئامادەکردنی/ جەواد حەیدەری
كتێبی مێژووی چەمچەماڵ لە نێوان ساڵانی 1851--1991، لە دوو بەرگ پێكهاتووە كە توێژینەوەیەكی زانستی و مێژووییە سەبارەت بە مێژووی چەمچەماڵ كە لە لایەن د. فەرهاد عەبدولعەزیز كراوە و بە تیراژی 1000 دانە لەلایەن چاپخانەی رێنوێن چاپ كراوە.
پشتبەستن بە سەرچاوە و بەڵگەنامە و نووسراوی رەسمی، شیكردنەوە و تێڕامان لەسەر زانیارییەكان و سەیركردن بە چاوێكی رەخنەگرانە و بێلایەن لە خاڵە بەهێزەكانی كتێبەكەیە
مەبەست لە توێژینەوەكە
توێژەر سەبارەت بە كتێبە دەڵێت: مەبەست لە توێژینەوەكە دەرخستنی رۆڵی دانیشتوانی ناوچەی چەمچەماڵ لە رووداوەكانی سەدەی پێشووە كە تا ئێستا بە پێی پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە و زیاتر قسە لەسەر ناوەندی شارە گەورەكان كراوە و رۆڵی ناوچەكانی دەورووبەر بە لاوەكی و ناكاریگەر لە قەڵەمدراوە، هەر بۆیە ئەم تویژینەوەیە ئامانجێكی هەیە كە بە شێوەیەكی ئەكادیمی و زانستیانە سەیری ناوچەی چەمچەماڵ و بارودۆخی(كۆمەڵایەتی و رامیاری و ئابووری و رووناكبیری) بكات.
پشتبەستن بە بەڵگەكان
لەو توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە كە رێبازەكانی توێژینەوەی زانستی پەیڕەو بكرێت لەسەر بنەمای پشتبەستن بە سەرچاوە و بەڵگەنامە و نووسراوی رەسمی تایبەت بە بابەتەكە و شیكردنەوە و تێڕامان لەسەر زانیارییەكان و تەماشاكردنیان بە چاوێكی رەخنەگرانەی زانستی، لەگەڵ رەچاوكردنی بێلایەنی لە داڕشتن و بەیانكردنی زانیارییەكاندا.
یەكێكی تر لە خاڵە باشەكانی ئەم توێژینەوە ئەوەیە كە ژمارەیەكی باش بەڵگەنامەی كوردی و توركی و عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی بەكارهاتوون و هەروەها پشت بە كۆمەڵێك گۆڤار و رۆژنامە بەستراوە بە تایبەتی ئەوانەی كە لە رووی مێژووییەوە هاوچەرخی رووداوەكان بوون.
بەرگی یەكەمی كتێبە بە «ناوی چەمچەماڵ» لە نێوان ساڵانی هەردوو شەڕی جیهانی (1918-1939)، ئەم بەرگە لە چوار بەشی پێكهاتووە و هەر بەشێك چەند تەوەرێك لە خۆ دەگرێت، بەشی یەكەم بۆ پێكهاتەی جوگرافی و بارودۆخی رامیاری چەمچەماڵ لە نیوەی دووەی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم. بەشی دووەم بۆ بارودۆخی كۆمەڵایەتی ناوچەی چەمچەماڵ تەرخان كراوە و بەشی سێیەم پەیوەندی بە بارودۆخی رامیاری چەمچەماڵەوە هەیە و باس لە سەرەتای هاتنی ئینگلیزەكان بۆ ناچەی چەمچەڵ دەكات و ئاماژەی بەوەشكراوە كە چۆن دانیشتوانی ناوچەی چەمچەماڵ بە حوكمدارێتی و راپەڕینەكەی یەكەمی شێخ مەحمود رۆڵیان هەبووە و دوایین بەشیش بۆ هەلومەرج و بارودۆخی رووناكبیری ناوچەی چەمچەماڵ لەبەرچاو گیراوە كە چۆن باس لە دیارترین سیماكانی بواری رووناكبیری ناوچەكە و كردنەوەی قوتابخانە لە گوندەكانی ئاغجەلەر و عەسكەر دەكات.
راستكردنەوەی هەندێك هەڵە
بەرگی دووەمی كتێبەكەی بە ناوی» شاری چەمچەماڵ» بە دۆكۆمێنتكردنی مێژووی تۆمارنەكراو لە نێوان ساڵانی 1851 تا ساڵی 1991 دەكات كە توێژەر باس لەوە دەكات كە چەمچەماڵ یەكێكە لە هەر كۆنترین قەزاكانی لیوای كەركوك كە بە لایەنی كەمەوە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە ناوەندی قەزایەك بووە بە ناوی قەزای بازیان. تەنها لە ماوەی نێوان ساڵانی 1805تا 1808 ناوچەی چەمچەماڵ دووجار هێرشی سەربازی لەلایەن والییەكانی ویلایەتی بەغدا كراوەتە سەری. لەو بەرگەدا توێژەر جگە لە خستنەڕووی هەندێك بابەتی مێژوویی پشتی بە سەرچاوەی گەڕیدە بیانییەكانی وەك جێمس ریچ و ژاك ریتۆری فرەنسی و باسیلی نیكیتین و... هتد بەستووە. لە بەرگی دووەمی كتێبەكەدا ئاماژە بە شوێنەوارە مێژووییەكان ، قەڵای چەمچەماڵ ، مێژووی دەربەندی بازیان و گرنگی و كاریگەری ئەو دەربەندە لەسەر شاری چەمچەڵ، سەرەتای دروستبوونی چەمچەماڵ و پێكهاتەی دانیشتونەكەی، ناحیە و قەزا و بازاڕ و دامودەزگا حكومییەكان و پڕۆسەی خوێندن و رەوتی هونەر و رووناكبیری و وەرزش و نسكۆی شۆڕشی كورد لە ساڵی 1975 و چەندین بابەتی دیكە كراوە. لە كۆتایی كتێبەدا پاشكۆ و وێنە و بەڵگە و دۆكۆمێنتی زۆر سەبارەت بە ناوچەی چەمچەماڵ خراوەتەڕوو.