یەکێک لە دەنگە نوێخوازەکانی شیعری کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دەتوانین وەک رەچەشکێنێک لە زمانی شیعریدا ناوی ببەین و یەکێک لەو دەنگانەیە کە بە رەوتی «نوێخوازتر» دەناسرێت و دەتوانین بە پێشەنگەکانی ئەم رەوتەی ناو ببەین، حەمەساڵح سووزەنییە.
ساڵح سووزەنی بە ئاگاداربوون لە رەوتە شیعرییەکانی پێش خۆی توانی رەوتێکی شیعری «نوێ»تر دابمەزرێنێت
حەمەساڵح سووزەنی، ساڵی 1959، لە شاری سەقز، لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. دوای تەواوکردنی پەیمانگەی پەروەردەی مامۆستایان ساڵی 1975 بوو بە مامۆستا لە قووتابخانەکانی سەقز و دەورووبەری تا ساڵی 1983 لە مامۆستایەتی دەرکرا.
سووزەنی لە ساڵی 1979 ەوە چالاکیی ئەدەبی خۆی دەست پێکردووە. ساڵح سووزەنی بە ئاگاداربوون لە رەوتە شیعرییەکانی پێش خۆی، بە تایبەت پێشەنگە نوێیەکانی شیعری نوێی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە سوارە ئیلخانیزادە، عەلی حەسەنیانی، چاوە و رێبواری شێخولئسیلامی، هەروەها بە ئاگاداربوون لە شیعری نوێی باشووری کوردستان، هەر لە گۆرانەوە وەک پێشەنگی شیعری نوێی کوردی تا قووتابخانەی کفری و روانگە، هەوڵیدا زمانێکی جیاواز و نوێ بدۆزێتەوە. ئەم زمانە نوێیە لە شیعری ساڵح سووزەنیدا بە تایبەت لە سەرەتای دەیەی 1990 ەوە دەردەکەوێت. سووزەنی بە ئاگادار بوون لە رەوتە نوێیەکانی شیعری کوردی و هەروەها ئاگادار بوون لەو نوێخوازییەی کە لە شیعری فارسیدا رووی دەدا بە پێشەنگی رەزا بەراهەنی و کەسانی نزیک لە بەراهەنی، ئەو زمانە نوێیەی بۆ خۆی دۆزییەوە کە خۆی بە بەرەی «نوێخوازتر» ناوی دەبات و ئەمە وا دەکات شیعری سووزەنی دوای نوێخوازی «سوارە ئیلخانیزادە» بە دووهەمین رووداو لە شیعری کوردی بناسرێت.
ساڵح سووزەنی لە ماوەی کارکردنی خۆیدا تا ئێستا چەند کۆمەڵە شیعرێکی نووسیوە لەوانە: «سەمفۆنیا»، «دیاری»، «هەزار دیوانی کەڵەگەت لە پرسەدا»، «درۆ موقەدەسەکان»، «شیعرەسات»، «بە ژمارەی تەلەفۆنەکانی عالەم»، «حەبێکی هەنگوینی دائەنێی مەترسە... بنقێنە»، «وەهمەکانی ئەشق و تابۆکانی دەمامک»، «بە عینجە و فینجەوە... چ شار». هەروەها دەیان شیعریتری لە گۆڤار و بڵاوکراوەکاندا بڵاو کراوەتەوە و 6 کۆمەڵە شیعری بە هاوکاری شاعیری هاوچەرخ «قوباد جەلیزادە» لە کتێبێکدا بە ناوی «سەرتان لێ ئەسێوێ» بڵاو کراوەتەوە.
ساڵح سووزەنی هەروەها دوو شانۆنامەی بە ناوەکانی «کایە» و «دەوران دەوران» نووسیوە.
هەروەها چەند کتێبێکی رەخنەی ئەدەبی بڵاو کردۆتەوە لەوانە :»نالی و خوێندنەوە نوێیەکانی سەردەم»، «لە ژێر تیشکی رەخنەدا» چاپ و بڵاو کردۆتەوە. کتێبی «لەژێر تیشکی رەخنەدا» کتێبێکی 3 بەرگییە کە 2 بەرگی لە سلێمانی و هەولێر چاپ بووە و بەرگی سێهەمی ئامادەی چاپە و هێشتا دەرفەت نەبووە بۆ بڵاوکردنەوە.
سووزەنی ماوەی 6 ساڵ ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری «سروە» بوو و بەرپرسی بەشی رەخنەی ئەم گۆڤارە بوو و هەروەها لە چەند فێستیڤاڵی ئەدەبی، لێژنەی پێداچوونەوە و وردبینی و داوەران بووە.