گوندی كۆیك لە هەگبەی مێژوودا

09:49 - 2024-05-26
ئابووری
179 جار خوێندراوەتەوە
شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەند گەڕەکێکی دهۆک

               

                  كاروان محەمەد                              یاسین ئەحمەد

گوندی كۆیك یەكێكە لە گوندە جوان و دێرینەكانی قەزای بازیان، لە ناوەندی بازیان و بە قەدپاڵی شاخی كۆیكەوە هەڵكەوتووە، بە دووری (5كم) دەكەوێتە باشووری ناوەندی قەزای بازیان، سنووری لەگەڵ گوندەكانی (بی بی جەكی وەیس، خاڵدان، ئاڵی بزاو، توی ئەولیا و بەگەجانی)دا هەیە.

ناوەڕاستی ساڵانی شەستی سەدەی رابردوو قوتابخانەی تیادا‌ كراوەتەوە

كورتە مێژوویەكی كۆیك
مێژووی ئاوەدانكردنەوەی ئەم گوندە زۆر كۆنە، بەپێی ئەو گۆڕستانانە بێت كە لە سنووری گوندەكەدا هەیە،‌ لە سەردەمانی زۆر دێرینەوە لەم سنوورە خەڵك ژیاوە.
لەخوار شوێنی ئێستای گوندەكەوە‌ شوێنەوارێكی دیكەی لێیە پێی دەڵێن (كۆیكە كۆن) و كاتی خۆی شوێنەواری ئاوەدانی لێ بەدیكراوە، دەوترێت تیرەی كۆیكی سەر بە هۆزی گەورەی جاف لەم شوێنە رەشماڵیان هەڵداوە و ساڵانێك لەم سنوورە ژیاون و پاشان كۆچیان كردووە بۆ ناوچەی شارەزور، لەبەرئەوە بۆچوونێك پێی وایە كە ناوی گوندەكە لە ناوی تیرەی كۆیكی سەر بە جافی گۆرانەوە‌ هاتووە، بۆچوونی دیكەش هەیە لەسەر واتای ناوی گوندەكە وەك: كۆیك ناوێكی توركییە، یان دەوترێت لەلایەن كوێكە ئاغای هەمەوەندەوە دروستكراوە و هەر بەناوی ئەوەوە پێی وتراوە كۆیك، بۆ جیاكردنەوەی لە گوندی كۆیكی گەرمیان پێشی دەوترێت كۆیكی كاكە رەزا لەبەرئەوەی كەسێكی بەناوبانگی ناوچەكە و خێرخوازێكی ناسراو‌ بووە و (سەید ئەحمەد)ی باوكی ئەم گوندەی كڕیوە‌.
پێشتر ئەم گوندە لە شوێنێكی دیكە بووە كە پێی دەوترێت (تووەكان) و دەكەوێتە خۆرئاوای كۆیكی ئێستاوە و تا سەرەتای سەدەی بیستیش ئاوەدان بووە و دواتر زۆربەی ماڵەكان ڕوویان كردووەتە گوندی خاڵدان و هەندێكیشیان هاتوونەتە شوێنی ئێستای گوندی كۆیك و ئاوەدانیان كردووەتەوە، یەكێك لەو كەسانەی كە هاتوووەتە كۆیك ناوی كاكە برا بووە، كەریم كۆیكی كە برای كاكە برا بووە كۆیكی فرۆشتووە بە سەید ئەحمەد ئەفەندی كە لە گوندی هەنجیرەوە هاتووە و ئامۆزای شێخ رەئوفی هەنجیرە بووە.
پاش ئەوەی سەید ئەحمەد گوندی كۆیكی لە كەریم كۆیكی كڕیوە (هەندێك دەڵێن لە هەیەر بارام و كاكە برای كڕیوە كە لە هۆزی هەمەوەند بوون) لەگەڵ چوار كوڕەكەی هاتوونەتە كۆیك و تیایدا نیشتەجێبوون ئەوانیش‌: شێخ رەزا (كاكە رەزا)، شێخ مستەفا، شێخ حەسەن و شێخ مەحمود بوون، هەروەها بنەماڵەی غەفوری مەلا قادر خدر لە تیرەی سەفرەوەندی هۆزی هەمەوەند لە گوندی قەرەچەتانەوە هاتوونەتە ئەم گوندە و تیایدا نیشتەجێبوون، هەروەها بنەماڵەكانی: حەمەی ئەحمەوڕەش، رەشید ئاغاسوری (باوكە رەشە) و كەریمە شوان لەم گوندە نیشتەجێبوون، لە سەرەتاوە كە ئاوەدان كراوەتەوە نزیكی پێنج ماڵ بوون، چەندین بنەماڵەی دیكەش لەم گوندە نیشتەجێبوون، وەك بنەماڵەكانی: مام سەعید (سەعە كۆڵ)، كوێخا سەعید، سەعەی مام عەبدوڵا‌، كوڕەكانی حەمەئەمین براخاس‌ كە حاجی حەمەڕەزا و حاجی عەبدولقادر بوون، حاجی عەبدوڵڵا عەبدول قارەمان، حاجی ساڵح حەمه، نەوەكانی مەحمود حاجی، سەعە ڕەنە و عەلە ڕەنە، عومەر حەتەم‌، كوێخا عومەر، چەند خێزانێك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە كە دوو برا بوون بە ناوەكانی كایەنی ئیبراهیم و ڕەشید ئیبراهیم، ماڵی خواڕەحم، حاجی بەشیر و عوسمان بارامی برای...

بواری رۆشنبیری
ناوەڕاستی ساڵانی شەستی سەدەی رابردوو قوتابخانەی تیادا‌ كراوەتەوە، یەكەم مامۆستا جەلالە فەنی بووە، دواتر مامۆستا پەری و ڕووناك و هەر لەگەڵ ئەمان مامۆستا محەمەد لەم قوتابخانەیە بووە، ساڵی (2000) دووبارە قوتابخانە كراوەتەوە‌.
لە موختارەكانی كۆیك (كوێخا غەفور، عەبدوڵڵای كوێخا غەفور، كوێخا كەریم، شێخ مەحمود، رەحمان حاجی عەبدوڵڵا، تاهیر غەفور مەلا قادر و تالیب شێخ مەحمود).

بواری شۆڕش و كارەساتەكان
ئەم گوندە شوێنی پشودانی پێشمەرگە بووە و خەڵكەكەی بەشداری شۆڕشەكانی كوردستانیان كردووە و شەهید و قوربانیان داوە و دۆست و هاوكاری شۆڕش بوون‌، گوندەكە‌ سەرەڕێی هاتوچۆی هێزی پیشمەرگە بووە و خەڵكی كۆیك ببونە ڕێپیشاندەری پێشمەرگە، لەبەرئەوە لەلایەن حكومەتەكانی عێراقەوە چەندین جار پەلامار دراوە و هێرشی كراوەتەسەر.
لە یەكەم ڕۆژی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولدا و كاتی شكانی هێزی هۆزەكان كە لە دەربەندی بازیان كۆببوونەوە بەشێكیان هاتنە كۆیك و شەو لەوێ مانەوە وەك: كوێخا سمایلی تەلان، حاجی برایمی چەرمەگا، شێخ حسێنی بۆسكێن... بۆ ڕۆژی دواتر هێلیكۆپتەر بۆردوومانی گوندەكەی كردووە، ساڵی‌ (1963) بەهۆی تۆپبارانەوە گوندەكه چۆڵكراوە، ساڵانی (1976– 1977) حكومەتی عێراق بەزۆرەملێ دانیشتوانی ئەم گوندەی ڕاگواست بۆ ئۆردووگای ئەڵایی، جگە لە دوو ماڵ كە مانەوە تاكو بۆ دواهەمین جار بەتەواوی لە (5/7/1987) گوندەكە ڕووخێنرا و چۆڵكرا، ساڵی‌ (1998) ئاوەدانكرایەوە.

بواری ئاوەدانی و خزمەتگوزاری
ساڵی (1957) ژمارەی دانیشتوانی ئەم گوندە (188) كەس بووە و ساڵی (1987) و پێش ڕووخاندنی گوندەكە (14) خێزانی تیادا نیشتەجێبووە كە ژمارەیان (118) كەس بووە‌، ساڵی (1999) ژمارەی دانیشتوانی (70) كەس بووە كە پێكهاتبوون لە (10) خێزان‌ لەئێستادا (30) خێزانی تیادا دەژی كە زیاتر لە (200) كەس دەبن .پرۆژەی ڕێگەوبان، جۆگەی ئاودێری، كارەبای نیشتمانی، قوتابخانە و مزگەوتی هەیە.
·سوود وەرگیراوە لە كتێبی بازیان مێژوو و گەشەسەندنی، نووسینی: كاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان