سەدان کاسبکار بژێوییان لەسەر ئەو شوێنەیە

بازاڕی سەیداوە پێویستی بە رێكخستنەوە و نوێکردنەوەیە

10:24 - 2024-05-29
ڕاپۆرت
495 جار خوێندراوەتەوە
# سەیداوە، بازاڕە میللییە قەرەباڵغەکەی هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

سەیداوە یەكێكە لە كۆنترین بازاڕەکانی شاری هەولێر، بەهۆی هەرزانی نرخی كەلوپەل و خواردن تێیدا رۆژانە بە سەدان فرۆشیاری جۆراوجۆر بژێوی ژیانیانی تێدا پەیدا دەکەن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەكەی چەندین كێشەی وەك پیسبوونی ژینگە، خنكانی هاتووچۆ لەنزیك پردەكەی، ناڕێكی شێوازی كڕین و فرۆشتنی كاڵاكان تێیدا گرفتی بۆ بەشێک لە دوکانداران و کڕیاران دروست کردووە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و رێكخستن هەیە.
زۆربەی پێداویستییەکانی لێیە
ئەسعەد عەزیز هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە بۆ كڕینی پێدوایستییەكانی لە هەفتەیەكدا چەند رۆژێك سەردانی بازاڕی سەیداوە دەکات و وتی: سەیداوە بەهۆی هەرزانی لە نرخ و جۆراوجۆری لە كاڵاكانی كە هەموو شتێكی تێدا دەفرۆشرێت، زوو زوو سەردانی دەكەم و زۆربەی پێداویستییەكانی رۆژانەی خێزانەكەم لەوێ دەكڕم.
سەڕەرای تایبەتمەندییە باشەکانی بازاڕەکە کە نرخی کەلوپەل و کاڵاکانی تاڕادەیەک بە دڵی کڕیارانە، بەڵام چەندین كێشە و كەموكوڕی هەیە وەك، هەبوونی بازاڕی پەلەوەر تێیدا كە مەترسی هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ژینگەكەی پیس کردووە، بوونی دوکانی جوملە فرۆشی قەرەباڵغی زۆری دروست کردووە، هەروەها بوونی دەستگێڕ و دانانی کاڵا و شتومەک لەسەر عەرەبانە دیمەنێكی ناڕێکی بە بازاڕەکە بەخشیوە، هاوکات بوونی بازاڕێکی گەورەی سەوزە و میوە تیایدا کە بووەتە هۆی کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لە بازاڕەکەدا و چەندین گرفتی دیکە، کە پێویستیان بە رێکخستن هەیە تا کڕیار بتوانێت بەبێ گرفت هاتوچۆی تێدا بکات و کاڵای دڵخوازی خۆی بکڕێت، هاوکات سیمایەکی جوانیشی هەبێت، وەک هەر بازاڕێکی تر نۆژەن بکرێتەوە و سیما میللیەکەی خۆی لەدەست نەدات.
کامیل ئیسماعیل دوکاندارێکی بازاڕی سەیداوەیە وتی: ئێمەی دوکاندارانیش بێزارین لە ناڕێکی و قەرەباڵغییەکی زۆر لە بازاڕەکەدا و گرفتی بۆ دروست کردوین، بەڕاستی ئەم دۆخەی بازاڕەکە پێویستی بە رێکخستنەوەیە بەپێی یاسا.

 

جگە لە دوکاندارەکان، بەشێک لە هاووڵاتیانی ناوخۆ و خەڵکی بیانیش لە بازاڕی سەیداوە، لەسەر عەرەبانە و مێز، کاڵاو شتومەک دەفرۆشن، یاخود دەستگێڕن

 

قەرەباڵغی بازاڕەکە
هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بازاڕە میللییەكانی شاری هەولێر قەرەباڵغیەكی زۆری تێدا دروستبووە هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە جگە لە دوکاندارەکان، بەشێک لە هاووڵاتیانی ناوخۆ و خەڵکی بیانیش لەو بازاڕانەدا لەسەر عەرەبانە و مێز کاڵاو شتومەک دەفرۆشن یاخود کاری دەستگێڕی دەکەن، هەروەها زۆر بابەتی جۆراوجۆری تێدا دەفرۆشرێت، بۆیە ئەركی لایەنی بەرپرسە رێکیان بخاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پلانمان هەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکەین.
وتیشی: ئێمە وەك حكومەت رێگر نابین لە كاسبی خەڵكی، بەڵام رێگر دەبین لەوەی هاووڵاتیان تووشی زیان بن، بەتایبەتی ژێر پردەكەی کە زۆر قەرەباڵغە و لە ئەگەری بوونی حاڵەتێکی ئاگر کەوتنەوەدا هەموان زیانێکی زۆر دەکەن.

 

جێگری پارێزگاری هەولێر: ئەرکی حکومەتە بازاڕی سەیداوە رێکبخاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پلانمان هەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکەین

 

پلانی رێکخستنەوەی بازاڕەکە
ناوە ناوە تیمەكانی قائیمقامیەتی ناوەندی هەولێر كاسبكارە عەرەبانچیەكان لەو بازاڕە دەردەكەن، ئاسۆ عوسمان رۆژانە لەسەر عەرەبانە لە سەیداوە میوە دەفرۆشێت وتی: کاتێک تیمەکانی قائیمقامیەت دێنە بازاڕەکە دەرمان دەکەن و ناهێڵن بژێوی ژیانمان  پەیدا بکەین، راستە قەرەباڵغی دورست دەبێت، بەڵام بڵێین چی ئێمەش بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم کارەیە.
وتیشی: تیمەکانی شارەوانی چەند جارێک پێیان وتووین بەنیازن لەشوێنێكی تری شارەكە جێگایەك بۆعەرەبانچییەکان بكەنەوە بۆ كاری فرۆشتنی خواردن و كاڵاكانمان، ئێمەش چاوەڕێین جێبەجێ بکرێت تا بتوانین بە ئازادی کاسبی بکەین.
پاش بوونی چەند حاڵەتێکی ئاگر کەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر لە ماوەی رابردوودا بەرپرسان لە پارێزگای هەولێر لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەتەوە و پلانیان داناوە بۆ چۆنیەتی رێکخستنەوەی بازاڕەکان بۆ ئەوەی لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراوی وەک ئاگرکەوتنەوە یان لافاو دوکانداران بە کەمترین زیان لێی دەربچن و بتوانرێت زوو دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەهۆی ئەوەی بازاڕەکە چاڵە ساڵانە لە وەرزی باران باریندا کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی هەیە لەبارەیەوە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر وتی: بەهۆی قەیرانی دارایی نەمانتوانیوە كێشەی دروستبوونی لافاو لە سەیداوە چارەسەر بكەین، بەڵام بەرنامەی بۆ دانراوە كە بە دیزانێكی نوێ بۆ بازاڕەکە چارەسەری ئەو كێشەیە بكەین و بەپێی بوونی بودجەی پێویست جێبەجێ دەکرێت.
سەبارەت بە نوێکردنەوە و جوانكردنی بازاڕەكە دەڵێت: بازاڕەکە گرفتی گەورەتری هەیە کە پێویستی بە چارەسەرکردنە، تا ئەوە نەکرێت کار لە نوێکردنەوەدا ناکەین.

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان