زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

ئایکۆنی رۆشنبیری

01:30 - 2024-05-31
ئەدەب و هونەر
312 جار خوێندراوەتەوە

ئایکۆنی رۆشنبیری Cultural   Icon، مانا و فۆرمی چەشناوچەشنی هەیە، لە بنەڕەتدا چەند لایەنێکی بەها و هێما و نموونەی کارێزمایی دەگرێتەوە، فۆرمەکانی ئایکۆن فۆرمی گۆڕاو و جۆراوجۆرن، دەشێت ئایکۆن پەیکەرێک بێت، یان دروشمێکی هێمایی، یان وێنەیەکی کاریزمیی پیرۆز، یان رۆشنبیرییەکی باڵا و جێگیر، یان نەتەوەیەکی رۆشنبیری خەیاڵکراو.
وشەی ئایکۆن لە وشەی eikon ی گریکییەوە وەرگیراوە کە بەمانای "وێنە" دێت، بۆ نموونە ئەو وێنە دێرینانەی مەسیح کە لەسەر تەختە و لەسەر دیواری کەنیسەکاندا دەکێشران، ئەم وشەیە لە سەرەتادا تایبەت بووە بە ئایینی مەسیحی، بەڵام دواتر چۆتە نێو زانستی نیشانەناسییەوە (سیمیۆلۆژیا) و لە رەخنەی ئەدەبیشدا بەکار هاتووە، هەروەکو لە بواری ئەنترۆپۆلۆژی و سۆسیۆلۆژیشدا بەکار دەهێنرێت.
ئیستاتیکای ئەو چەشنە لە ئایکۆن لە ترانسندێنتال_بڵندگەراییەوە سەرچاوە دەگرێت، زەحمەتە لەو سەردەمەدا شتێک بووبێت بە ئایکۆن ئەگەر سەر بە جیهانی تیۆلۆژی_لاهوتی نەبووبێت. ئێستا زانستێک هەیە بەناوی ئایکۆنۆلۆجی Iconology، واتە "زانستی وێنە"، ئەم زانستە دەیەوێت لە فۆرمە جۆراوجۆرەکانی ئایکۆن بکۆڵێتەوە، لەوانە ئایکۆنی رۆشنبیری، هەوڵ دەدات کۆدی ئەو نامانە بکاتەوە کە وێنەکان بۆمانی دەنێرن، ئایکۆنۆلۆجی لە چەرخی نوێدا بەرینتر بۆتەوە، ئێستا لەو ئەتەکێت و هێمایانەی مرۆڤی سەردەم دەکۆڵێتەوە کە بوون بە نەریتی رۆشنبیری، بۆ نموونە سەردانی کتێبخانە و بوونی کتێبخانە لە ماڵەوە، ئەتەکێتی تەوقەکردن، پێشکەشکردنی گوڵ بۆ دیاری، سڵاوی لابردنی شەپقەی سەر...هتد. 

 

 

ئایکۆن لە شیعر و ئەدەبیاتدا بریتییە لە چەندین خوازە «میتافۆر» لە دەوری بابەتێک، واتە چەندین میتافۆر کە ئاماژە بۆ یەک بابەت و یەک بیرۆکە دەکەن، شاعیری فەرەنسی بۆدلێر بە ئەندازەیەکی زۆر ئەم شێوازەی لە شیعرەکانیدا بەکار هێناوە

 

 

هەندێ جار ئایکۆنی رۆشنبیری بریتییە لە هێمای نیشتیمانی یاخود لۆکاڵی، وەکو ئاڵا و سروودە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، یان ئایکۆنی رۆشنبیریی تایبەت بە شارێک، بۆ نموونە کاتژمێری (بیگ بین) لە لەندەن، تاوەری (ئیفێل) لە پاریس، (پەیکەری ئازادی) لە ئەمریکا، (نصب الحریة) لە بەغدا کە بەرهەمی 14ی تەموزی ساڵی 1958ی مێژووی عێراقە، مارتن لۆسەر ئایکۆنی رۆشنبیریی ریفۆرمی ئاینییە، لینین ئایکۆنی شۆرش، دۆستوێڤسکی ئایکۆنی رۆمان، ئەنیشتاین ئایکۆنی فیزیک، جەمال عەبدولناسر و عەبدولکەریم قاسم ئایکۆنی سیاسی و دەوڵەتداریی عەرەبین کە گەلانی ئەو ناوچەیە شانازییان پێوە دەکەن و وەک هێمایەک بۆ سەردەمێکی نوێی مێژووی هاوچەرخ چاوی لێدەکەن، ئەکتەری ئەمریکی (جۆن واین) ئایکۆنی رۆشنبیریی فیلمی کاوبۆی ئەمریکییە کە لە سینەمای هۆلیوودی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی بیستەمدا رۆڵی کەسایەتیی گاوانی رۆژئاوایی دەنوێنێت. مۆنالیزا ئایکۆنی چەرخی رێنیسانسە.
لە ئامێری کۆمپیوتەر و لە ئینتەرنێتیشدا ئایکۆنی جیاواز هەیە کە بریتییە لە نیشانە یان هێمای بەرنامەیەکی دیاریکراو کە لەناو کۆمپیوتەرەکەدا خەزن کراوە و لە دیسکتۆپدا دانراوە، یەک کلیکی لەسەر بکرێت، تەواوی بەرنامەکە دەکرێتەوە.
ئایکۆن لە شیعر و ئەدەبیاتدا بریتییە لە چەندین خوازە "میتافۆر" لە دەوری بابەتێک، واتە چەندین میتافۆر کە ئاماژە بۆ یەک بابەت و یەک بیرۆکە دەکەن، شاعیری فەرەنسی بۆدلێر بە ئەندازەیەکی زۆر ئەم شێوازەی لە شیعرەکانیدا بەکار هێناوە، بۆ نموونە لە شیعرێکی ناوداریدا لە کۆمەڵە شیعری "گوڵەکانی خراپە"دا دەڵێت:

من هەم برینم و هەم چەقۆ
من هەم زللەم و هەم روومەت
من هەم قوربانیم و هەم جەللاد

لە شیعرەکانی شێرکۆ بیکەسیشدا ئەم چەشنە دوالیزمانە زۆرن کە هەریەکەیان ئایکۆنی دۆخێکی دیاریکراو نیشان دەدەن، بەتایبەتی دوالیزمی ئایکۆنی رۆشنبیریی وەکو: داربەڕوو و پێشمەرگە، بەفر و خوێن، چەقۆ و برین، درەخت و خۆراگری، جەللاد و قوربانی، دایک و نیشتیمان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان