گریانی وەفا

12:09 - 2024-06-04
وەرزش
176 جار خوێندراوەتەوە

تۆپی پێ ئەوکاتە شێوازە ڕاستەقینەکەی خۆی پێشاندەدات، کاتێک یاریکەرانی وەکو ڕۆناڵدۆ تیایدا نمایش دەکەن، وەک ئەوەی یەکەم جاری بێت یاری تێدا بکات.
 تۆپی پێ ئاوایە نەیمار بەبێ ئەوەی تەنیا چرکەیەک یاری بکات، ئاهەنگی سەرکەوتنی تیپەکەی دەگێڕێت، بۆیە گریانی ئەوشەوەی ڕۆناڵدۆ، گریانی بێ وەفایی بوو بۆ تۆپ، هەروەها گریانی وەفا بوو بۆ هاندەرەکانی، یاخود گریانی ئەو بوو، بۆ هەموو نازناوێکی لە دەستچوو، چونکە نازناوەکانیش حەز دەکەن یاوەری ئەو بن، هەروەها لەوە تێگەیشتوون ناویان لەگەڵ  مێژووی ئەو یاریزانە ون نابێت.
بێگومان گریانی بەکوڵی کریستیانۆ، وەکو ڕێبوارێکی تینو لە بیابانێکی چۆڵدا بوو بەدوای قومێک ئاوی تەڕ و سێبەرێکی ماندوودا بگەڕێت، بەڵام ئەفسووس ئەم جەنگاوەرە تەنیایە خەریکە لەو بیابانە وشکەی تۆپی پێدا دەخنکێت.
ڕەنگە تەنیا دوو کاتژمێری دیکە باسی نازناوەکە بکرێت، بەڵام ڕۆناڵدۆ پاڵەوانبوایە، تا مردن جامی خولەکە شانازی دەکرد لەنێو لاپەڕەی یادەوەرییەکانی ڕۆناڵدۆدا ڕابکشایە.
 بڕواتان بێت گریانەکەی ئەوشەوەی دۆن، لە هەموو یارییەکە کاریگەرتر بوو، ئەوەش بزانن ڕۆناڵدۆ هێندە دڵ پڕ بوو، دەتووت هیچ کات نازناوی نەبردۆتەوە، یان بڕوا ناکەی ئەم پاڵەوانە هێندە تینوە بۆ بردنەوە.
ڕۆناڵدۆ پیشەگەرێکە پێویستە وەک زانستی تۆپی پێی مۆدێرن یاریزانە تازەکان لەسەری بخوێنن، تا فێری کۆڵنەدان بن.
هەوراز كاوە

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان