له‌میدیای توركییه‌وه‌

01:07 - 2024-06-11
جیهان
267 جار خوێندراوەتەوە

سازكردنی كۆڕبه‌ندی بازرگانانی توركیا و عیراق له‌ هه‌ولێر

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ژووری بازرگانی تۆربالی له‌ ئیزمیر، ئه‌گه‌ری كۆڕبه‌ندێكی بازرگانیی له‌ هه‌ولێر راگه‌یاند، كه‌وا بڕیاره‌ بازرگانانی هەردوولا كۆبكاته‌وه‌.
عه‌بدولوه‌هاب ئۆلگون دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئایدن مه‌عروف وه‌زیری كاروباری پێكهاته‌كانی هه‌رێم رایگه‌یاند: ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌رفه‌تێكی باش ده‌بێت بۆ ناساندنی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ی كه‌ تۆربالی پێشكه‌ش به‌ بازرگانانی عیراقی ده‌كات.
سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئه‌نادۆڵ

 

 وشكبوونی ده‌ریاچه‌ی مارماره‌ 

ده‌ریاچه‌ی مارماره‌ كه‌ به‌ (به‌هه‌شتی باڵنده‌)ی پارێزگای مانیسای توركیا ناسراوه‌،  وشكبووه‌ و له‌بری راوكردنی ماسی، ئێستا كشتوكاڵی تێدا ده‌كرێت. 
ده‌ریاچه‌كه‌ له‌لایه‌ن باڵنده‌كانه‌وه‌ جێهێڵدراوه‌ و بووه‌ به‌ كێڵگه‌یه‌كی گه‌نم. خه‌ڵكی گونده‌كه‌ش داوا ده‌كه‌ن ئاو بدرێت به‌ ده‌ریاچه‌كه‌یان، به‌ڵام به‌پێی لێدوانی كه‌سانی شاره‌زا، به‌هۆی گلدانه‌وه‌ی ئاو و لادانی رێڕه‌وی كانی و جۆگه‌له‌كانه‌وه‌ ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌ وشكیكردووه‌.
ده‌ریاچه‌ی مارماره‌  له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌ «به‌هه‌شتی باڵنده‌كان» ناسراوه‌ له‌سه‌ر سنووره‌كانی ناحیه‌ی ساڵحلی، سار و هانلی و گۆڵمه‌رمارای مانیسا، له‌ مانگی ئابی  2021ەوە به‌هۆی له‌ده‌ستدانی ئاوه‌وه‌ به‌ ته‌واوی وشك بووه‌ و دانیشتووانی حه‌وت گونده‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری ئێستا له‌جیاتی راوه‌ماسی كه‌ پێشتر پێوه‌ی سه‌رقاڵ بوون ده‌ستیان داوه‌ته‌ كاری كشتوكاڵی.
سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی میللییه‌ت

 

له‌ پرۆگرامی نوێی خوێندندا، بایه‌خ به‌ ئایین ده‌درێت

ئه‌و رێوشوێنانه‌ی كه‌ حكومه‌تی توركیا بۆ به‌ره‌وپێشبردنی به‌ها ئیسلامییه‌كان له‌ قوتابخانه‌كانی توركیا گرتووێتیه‌به‌ر، نیگه‌رانیی لای هێزه‌ عه‌لمانییه‌كان زیادكردووه‌.
ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكردۆته‌وه‌: سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ڵێنیداوه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت بدات به‌ «به‌ها نیشتمانییه‌كان» له‌ به‌رامبه‌ر ترسی وه‌رینی بناغه‌ زانستی و عه‌لمانییه‌كان له‌ خوێندنگه‌كاندا، له‌ ئه‌نجامی گۆڕینی پرۆگرامه‌كانی خوێندن. ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌كۆتایی مانگی رابردووه‌وه‌ حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ پرۆگرامه‌كه‌ی په‌سه‌ند كردووه‌ و له‌ ساڵی خوێندنی داهاتووه‌وه‌ وانه‌ی (به‌ها ئیسلامییه‌كان) ده‌خرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه‌، جه‌هه‌په‌ و سه‌ندیكای په‌روه‌رده‌یی و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان نیگه‌رانیی خۆیان له‌و رێكاره‌ ده‌ربڕیوه‌ و ره‌خنه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانی گرنگیدان به‌ خوێندنی ئایینی له‌سه‌ر حیسابی بواره‌كانی دیكه‌ ده‌گرن.
سه‌رچاوه‌: تورك پرێس


بابەتە پەیوەندیدارەکان